رووداو دیجیتاڵ
دوو کۆنگرێسمانی ئەمریکا بە پڕۆژەیاسایەک داوا دەکەن حەشدی شەعبی و 9 گرووپی چەکداری "نزیک لە ئێران" هەڵبوەشێندرێنەوە یان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، سزا بەسەر ژمارەیەک سەرکردەی دیاری عێراقدا بسەپێندرێت و یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ بەغدا بوەستێندرێن.
پڕۆژەیاساکە رۆژی 2ی ئەم مانگە لەژێر ناونیشانی "ئازادکردنی عێراق لە ئێران" لەلایەن جۆو ویڵسنی کۆماری و جیمی پانێتای دیموکراتەوە پێشکێشی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە.
پڕۆژەیاساکە داوای ژمارەیەک رێکاری دیکە دەکات، لەوانە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا گوایە هەوڵ بۆ بەهێزکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق دەدەن، سنووردارکردنی یارمەتیی ئەمریکا بۆ عێراق تاوەکو ئەو کاتەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپەکانی نزیک لە ئێران دەپچڕێنێت.
لە پڕۆژەیاساکەدا داوا کراوە، ئاژانس و وەزارەتەکانی ئەمریکا لە 180 رۆژدا "پلانێکی تێروتەسەل" پێکەوە ئامادە بکەن، ئەوەش بۆ "رزگارکردنی" عێراق لە "هەژموونی شەڕەنگێزانە" و "میلیشیا دەسکەلاکانی" ئێران.
ئامانج لە ستراتیجییەکە، "هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، کۆتاییهێنان بە باڵادەستی ئێران بەسەر سیستمی سیاسیی عێراق و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی سڤیلی عێراقە لە رێگەی دەستپێشخەری هەواڵگری و میدیاییەوە."
دوو ئەندامەکەی کۆنگرێس داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەن، لە 90 رۆژی دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاساکەدا، حەشدی شەعبی و ژمارەیەک گرووپی لایەنگری ئێران بخاتە لیستی تیرۆر، کە بریتین لە:
- حەشدی شەعبی
- بەدر
- نوجەبا
- لیوای ئەبو فەزل عەباس
- کەتائیبی ئیمام عەلی
- کەتائیبی جوندول ئیمام
- کەتائیبی سەیدولشوهەدا
- سەرایا جیهاد
- سەرایا خوراسانی
- مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق
- "هەر گرووپ یان رێکخراوێکی بیانی کە بەکرێگیراو، لایەنگر، موڵک یان کۆنترۆڵکراوی سوپای پاسدارانی ئێران بێت."
پڕۆژە یاساکە داوا دەکات، هەموو یارمەتییەکی بواری ئاسایش لە واشنتنەوە بۆ حکومەتی بەغدا بوەستێنرێت تاوەکو ئەو کاتەی عێراق داواکارییەکان جێبەجێ دەکات، کە سەرەکیترینیان بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و کۆتاییهێنان بە دەستوەردانیان لەنێو وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی.
بە گوێرەی پڕۆژە یاساکە، تەنیا ئەو کاتە دەکرێت چاوپۆشی لە حکومەتی عێراق بکرێت کە ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئەو بڕوایەی بەغدا "هەنگاوی بەرچاو"ی ناوە بۆ دوورخستنەوەی ئەو گرووپانە لە ریزی هێزە چەکدارەکان یان ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا پێیوابوو چاوپۆشیکردنەکە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادایە.
پڕۆژەیاساکە داوا دەکات سزا بخرێتە سەر ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی دیار، ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەری، ئەندامانی دامەزراوە داراییەکان و ئەو کەسانەی کە گوایە ئاسانکاری بۆ هەژموونی ئێران دەکەن، دیارترینیان نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ بانکی رافیدەین؛ سۆمۆ؛ هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق؛ عەبدولرەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و جاسم عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق.
وەستاندنی هاوردەکردنی گازی سرووشتیی ئێران لە لایەن عێراقەوە داواکارییەکی دیکەیە لە پڕۆژە یاساکەدا جێگەی کراوەتەوە.
دەبێت سەرەتا پڕۆژە یاساکە لە لایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و ئەگەر بە گونجاو زانرا، ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت بۆ ئەوەی لە دوو هەفتە تاوەکو 4 هەفتەدا بخرێتە بەرنامەی کارەوە. دوای ئەوەش پێویستی بە پەسندکردن لە ئەنجوومەنی پیران دەبێت.
پێشكشێکردنی پڕۆژە یاساکە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی مێژوویی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ