حەوت کۆچبەر لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان گیانیان لەدەستدا

03-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دەڵێت، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دوورگەی لیسبۆسی ئەو وڵاتە نوقم بووە و لە ئەنجامدا لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، گوتەبێژێکی پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، بەلەمێک کە 30 کۆچبەری تێدا بووە، لە کەناراوەکانی تورکیاوە بەرەو کەناراوەکانی یۆنان بەڕێکەوتبوو و لە نزیک دوورگەی لیسبۆسی یۆنان نوقم بووە. 
 
گوتەبێژەکەی پۆلیسی یۆنان ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری نوقمبوونی بەلەمەکە ئەوە بووە کە بەلەمەکە کون بووە و ئاوی چووەتە ناوی. 
 
هەرچەندە پۆلیسی یۆنان ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە کە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دەڵێت، چوارییان ژنن. 
 
رەنج پشدەری، چالاکڤان کە زۆرجار بەدواداچوون بۆ  هاونیشتمانییانی کۆچبەر دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە روویداوە و تاوەکو ئێستا ناسنامەی هیچ کەسیک ئاشکرا نەکراوە".
 
رەنج پشدەری گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ خێزانێکی کورد ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە کەسوکاریان لەو کاتەدا لە رێگەدا بووبن؛ بۆیە نازانین کورد لەنێو قوربانییەکاندا هەیە یان نا".
 
ساڵانە چەندین کۆچبەر لە هەوڵی گەیشتن بە ژیانێکی باشتر لە ئەورووپا لە دەریای نێوەڕاست گیان لەدەستدەدەن.
 
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) دەڵێت، لە 10 ساڵدا 30 هەزار و 955 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەی دەریای نێوەڕاست، گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا ساڵی رابردوو نزیکەی 2 هەزار و 500 کەس لە دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. 
 
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی نۆ هەزار کۆچبەر چوونەتە یۆنان و زۆربەیان لە رێگەی دەریاوە رۆیشتوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە