باڵیۆزی عێراق لە نەمسا بۆ رووداو: نەمسا چاوی لە زیادکردنی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق

02-07-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
هەڤپەیڤین لەگەڵ بەکر فەتاح، باڵیۆزی عێراق لە نەمسا
هەڤپەیڤین لەگەڵ بەکر فەتاح، باڵیۆزی عێراق لە نەمسا
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە ڤیەننا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی عێراق لە نەمسا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نەمسا بەرەو پتەوبوونی زیاتر دەچن. دەشڵێت، ئێستا نەمساییەکان چاویان لە زیادکردنی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. 
 
بەکر فەتاح، باڵیۆزی عێراق لە نەمسا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی لەوە کرد؛ هیوادارە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نەمسا، هەنگاوەکانی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی نەمسا لە هەرێمی کوردستان خێراتر بکات.
 
سەبارەت بە وەبەرهێنانی نەمسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەکر فەتاح گوتی "سەقامگیری و ئاسایش، گرنگترین شتن بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن روو لە وڵاتان بکەن. تاوەکو سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان باشتر بێت، کۆمپانیاکانی نەمسا زیاتر روو لە کوردستان و عێراق دەکەن."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە نەمسا:

رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نەمسا ئێستا لە چ ئاستێکدان؟
 
بەکر فەتاح، باڵیۆزی عێراق لە نەمسا: سڵاو بۆ ئێوە و سوپاس بۆ ئەم دیدارە. هەڵبەتە پەیوەندییەکانی نەمسا و عێراق زۆر کۆنن. بەڵام لەدوای داگیرکردنی کوێت، پەیوەندییەکە پچڕا. دوای رووخانی رژێمی پێشوو، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە. پار هەنگاوێکی گرنگ لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و نەمسا نرا، ئەویش دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی نەمسا بوو لە بەغدا. ئێستا پەیوەندییەکانیان بەرەو پتەوبوونی زیاتر دەچن. نەمسا گرنگییەکی تایبەتی بۆ عێراق هەیە. 
 
رووداو: لەبارەی هەرێمی کوردستان، ئەگەر باسی لایەنی ئابووری و بازرگانی بکەین، جەنابت ئاگاداری کە نەمسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆمپانیا و نووسینگەی بازرگانیی زۆری هەن. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان 55 کۆمپانیای نەمسایی هەن. ئەو کۆمپانیایانە رۆڵیان لە پەرەپێدانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چییە؟ 
 
بەکر فەتاح: لە کۆمەڵێک بواردا لە هەوڵداین بۆ پەرەسەندن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نەمسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، وەکو باسیشت کرد، بەڵێ هەندێک کۆمپانیای نەمسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن بۆ وەبەرهێنان. چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا کۆنفرانسێکی ئابووری لەنێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و نەمسا ببەسترێت، کە وەبەرهێنەرانی هەرسێ لا بەشداری تێدادەکەن. ئەمە هەنگاوێکی گەورە دەبێت. چونکە ئێستا نەمساییەکان چاویان لە زیادکردنی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. بەڵێ ئێستا نووسینگەیەک هەیە، بەڵام ئێمە چاومان لەوە کۆنسووڵگەریش بکرێتەوە. 
 
رووداو: نەمسا 14ـیەمین وڵاتە کە گرنگی بە بەرهەمی نێوخۆیی دەدا. پرسیارەکە ئەوەیە؛ عێراق چۆن سوودی لەمە وەرگرتووە؟ ئایا سوودی وەرگرتووە لەو توانایە؟
 
بەکر فەتاح: ئێستا ئێمە دەمانەوێ لە پرۆژە و بەرنامەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا سەرچاوەکانی ئابووری فرەلایەن بکەین، نەوەک تەنیا پشت بە نەوت ببەستین. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵمانداوە سوود لە ئەزموونەکانی نەمسا لە بەرهەمهێنانی وزەی سەوز، وەربگرین. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیەوە و بەتایبەتیش نەمسا شارەزایی زۆری لە بوارەکەدا هەیە. دەکرێت عێراق و هەرێمی کوردستانیش سوود لەو بەهرەمەندییە وەربگرن.
 
رووداو: لە کەرتی کشتوکاڵی، هەرێمی کوردستان لە هەندێک بەرهەمی سرووشتیدا دەوڵەمەندە. بەم دواییانە هەندێک لە بەرهەمەکانی هەناردەی دەوروبەر کرد. ئایا نەمسا و هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانن سوود لە یەکدی ببینن لە ئاڵوگۆڕکردنی ئەو بەرهەمە سرووشتییانە؟ نەمسا چی هەیە پێشکێشی هەرێمی کوردستانی بکات، هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی پێشکێش بە نەمسا بکات؟
 
بەکر فەتاح: سەقامگیری و ئاسایش گرنگترین شتن بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن روو لە وڵاتان بکەن. تاوەکو سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان باشتر بێت، کۆمپانیاکانی نەمسا زیاتر روو لە کوردستان و عێراق دەکەن، ئەمە هاندەرێکی گەورە دەبێت.
 
رووداو: ئێستا نەمسا ئەو دڵنیاییەی لەبارەی دۆخی ئاسایش هەیە؟
 
بەکر فەتاح: بەڵێ هەروەک باسمکرد، کۆمپانیاکانی نەمسا بیر لەوە دەکەنەوە. چونکە جۆرێک لە سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق و کوردستان هەیە. دەیانەوێت سوود لەو دۆخە وەربگرن بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی وەبەرهێنان بکەن. بەتایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و دەرمان، کە ئێستا لە کوردستان و عێراق کاری لەسەر دەکەن. 
 
رووداو: لەم دواییانە بەشێک لە هێزە عێراقییەکان هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد هێزی هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە. لەگەڵ ئەوە نەبوون هیچ هێزێکی بیانی رۆڵی لە عێراق بمێنێت. ئەمە هیچ کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی نەمسا هەبووە؟
 
بەکر فەتاح: ئەمە پەیوەندیی بە نەمساوە نییە. نەمسا بەشداریی کاریگەری نێونەتەوەیی کردووە بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر و ئێستاش هەر بەردەوامە. نەمسا ئامادەیە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بکات بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی ئاسایش لە ناوچەکەدا. ئێستاش ئەوان بەردەوامن لە هاوکاریکردنی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. 
 
رووداو: ئاماژەت بە کۆنسووڵگەری دا، هەروەک گوتت دوای 30 ساڵ لە داخستنی، نەمسا باڵیۆزخانەی لە بەغدا کردەوە. ئێستا گفتوگۆی کردنەوەی کۆنسووڵخانە لە هەولێر هەیە. هەوڵەکان لەمبارەیەوە بە کوێ گەیشتوون؟
 
بەکر فەتاح: هەوڵ بەردەوامە و هیوادارم ئەم سەردانە ببێتە هۆی پەلەکردن لە کردنەوەی ئەو کۆنسووڵگەرییە.
 
رووداو: باسی رۆڵی نەمسات کرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی داعش. قۆناخێک تێپەڕیوە. لەم قۆناخەدا رۆڵی نەمسا لەگەڵ هاوپەیمانان چییە؟
 
بەکر فەتاح: حەزدەکەم بزانیت کە ئێستا ناوچەکە بە قەیرانی سەختدا تێدەپەڕێت. گرفتەکان زۆر گەورەن. بەڕاستی ئەم سەردانە گرنگە بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو قەیرانانەی ناوچەکە و جیهانیان گرتووەتەوە. نەمسا رۆڵی گرنگ دەبینێت لەم بابەتە. لێرە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە و 6-7 رێکخراوی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەکان لێرەن و لەسەر پرەنسیپی رۆحی ڤیەننا کاردەکەن. رۆحی ڤیەننا؛ واتا کۆدەنگی هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەکان. ڤیەننا بەهۆی ئەوەی هەمیشە بێلایەن بووە، ئێستا رۆڵی گرنگی دەبێت لە کۆکردنەوەی هاودەنگی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەکان.
 
رووداو: ئایا عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن وەکو ئەزموون، چ سوودێک لە پەیماننامەی ڤیەننا بۆ دیپلۆماسی ببینن؟
 
بەکر فەتاح: عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ نەمسا، دەتوانن سوود لەو پرەنسیپانە وەربگرن کە سیاسەتی نێونەتەوەیی لەسەر دامەزراوە. دیسانەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە گرنگە سوودمەند بین بەوەی رۆحی نەمسا بگوازینەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بۆ چارەسەری گرفتەکان. 
 
رووداو: لە میدیاکانی نەمسا ئەمڕۆ هیچ باسێک لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە؟
 
بەکر فەتاح: تاوەکو ئێستا باسنەکراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سبەی باس دەکرێت.
 
سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەمسا
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1-7-2024 بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ڤیەننای پایتەختی نەمسا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
 
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە ڤیەننا رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە پایتەختی نەمسا. لە فڕۆکەخانەی ڤیەننا بۆ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی ئاڵای هەرێمی کوردستان هەڵکرا.
 
بڕیارە سێشەممە یەکەم کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەلیکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا دەبێت و بڕیارە نیوەڕۆ خوانێک بۆ شاندی هەرێمی کوردستان رێکبخرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە: فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ مستەفا رەمەزان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی عێراق لە ڤیەننا.
 
کۆبوونەوەی دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هۆڤبۆرگ دەبێت کە کۆشکی سەرۆکایەتیی نەمسایە و لەوێ لەلایەن ئەلێکساندەر ڤاندەربێلن سەرۆکی ئەو وڵاتە پێشوازیی لێدەکرێت. 
 
پێشتر، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشه‌ممه‌، 1ـی تەممووزی 2024 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى ده‌گاته‌ ڤيه‌نناى پايته‌ختى نه‌مسا.
  
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیش ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا "ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش، تاوتوێ ده‌كەن."
 
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، مانگی شوباتی ئەم ساڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی نەمسا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبوونەوە و وەزیرەکەی نەمسا بە فەرمی بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانیی بۆ وڵاتەکەی کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن.

جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.