گوتەبێژی دەم پارتی: هاتنی میوانانی هەرێمی کوردستان بۆ نەورۆزی ئامەد پەیامێکی گرنگە

دوێنێ کاژێر 02:23
سۆران حوسێن
هەڤپەیڤینی هیڤیدار زانا لەگەڵ ئایشەگوڵ دۆغان
هەڤپەیڤینی هیڤیدار زانا لەگەڵ ئایشەگوڵ دۆغان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەم پارتی بە رووداوی گوت، شاندیان نەچووەتە ئیمراڵی، لەبەرئەوە بۆ نەورۆزی ئامەد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ پەیامێکی نابێت. گوتیشی، بەشداربوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە نەورۆزی ئامەد دڵخۆشی کردوون و بە پەیامێکی "زۆر گرنگ"ـی دەزانن.
 
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی رووداودا کە هێڤیدار زانا، لە گۆڕەپانی نەورۆز لە ئامەد لەگەڵیدا کرد، باسی لە نەورۆز و پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد کرد.
 
ئایشەگوڵ دۆغان گوتی، بۆ جێبەجێکردنی داوای رێبەری پەکەکە بۆ چەکدانان، دەبێت نێوەڕۆکی بانگەوازەکەش پێکبێت، کە "باسی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی" دەکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: بەخێربێیت، نەورۆزت پیرۆز بێت.
 
ئایشەگوڵ دۆغان: سوپاس.. نەورۆزی ئێوە، هەموو گەلی کوردستان و ئەوانەی نەورۆز پیرۆز دەکەن پیرۆز بێت.
 
رووداو: لە نەورۆزی ئەمساڵدا هیچی جیاواز دەبینین؟ پەیامی تایبەت دەبێت؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: ئەو کەسانە هەن کە گوتار پێکێش دەکەن، کە ئەوانە هەبن بێگومان پەیامی تایبەت دەبێت. ئەم نەورۆزەمان بە نەورۆزی ئازادی پێناسە کردووە، بۆ ئێمە نەورۆزێکی مێژووییە، بۆیە دەبێت پەیامی تایبەتیش هەبێت. هاوسەرۆکمان لێرە گوتاری دەبێت و هەندێک میوانیشمان هەن. ئەگەر ئەو پەیامەی ئێوە دەپرسن، پەیامی رێزدار ئۆجەلان بێت، پەیام نەگەیشتووە، چونکە هیچ دیدارێکی نوێی لەگەڵدا نەکراوە.
 
رووداو: وەکو سیاسەتمەدارێک باوەڕت بەوە هەیە ئەم جارە بە راستی ئاشتی بەدیبێت؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: وەکو سیاسەتمەدار، ژنێکی کورد و هاووڵاتییەکی تورکیا هەموو کاتێک ئەو هیوایەم هەیە، ئەو هیوایەمان نەبووایە نەماندەتوانی لەم وڵاتە هەناسەیەکیش وەرگرین. باوەڕم وایە دەتوانین ئاشتی و چارەسەرییەکی بەردەوام پێکبهێنین بۆ ئەم ئاڵنگارییە، بەڵام دەزانم ئاسان نییە و بە رۆژ و هەفتە نابێت، بەڵام هیوامان هەیە. خەڵکیش داوای ئاشتیی دەکات و ئێمەش ئەو هیوایەمان هەیە بتوانین بیهێنینە ئاراوە.
 
رووداو: هەنگاوی دووەم، دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە، دەبێت چی بێت؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: هەنگاوی دووەم؛ دوای بانگەوازی، دەبێت چی لەو بانگەدا داوا دەکرێت پێکبێت، باسی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات، باسی ئاشتی دەکرێت، باسی کۆنگرەی پەکەکە دەکرێت. بەرپرسانی پەکەکە خۆیان وەڵام دەدەنەوە و نەخشەڕێگەی خۆیان دەخەنەڕوو، ئێمە ناتوانین لە جێگەی ئەوان وەڵام بدەینەوە. بەڵام بە گشتی لە رووداوەکانی تورکیا بڕوانین، ئەو رووداوەی لە شاری ئیستەنبووڵ روویداوە، کە گەورەترین شاری تورکیایە و تورکیایەکی بچووکە، گەل، بیروباوەڕ و ناسنامەی جیا لە ئیستەنبووڵ دەژین، 16 ملیۆن دانیشتووی هەیە، ئێستا دەستبەرسەرکردنی ئیرادەی ئیستەنبووڵییەکان رۆژەڤە، ئەمە متمانەی خەڵک دەشکێنێت و گومانەکان زیاتر دەکات، لە جیاتی ئەوەی گومان زیاتر بکەین، پێچەوانەکەی بکرێت، ئەوکاتە پشتیوانیی کۆمەڵگەکە و متمانەشیان زیاتر دەبێت، پێویستی و هەڵوێستیش بۆ ئاشتی بڵندتر و ئاسانتر دەبێت. نەخشە رێگە دیارە و روونە و دەبێت چی بکرێت، دەسەڵاتیش دەبێت هەنگاو بنێت.
 
رووداو: بەگوێرەی داوای دەوڵەت باخچەلی و ئەو کاتەی ئەو دیاریکردووە، پەکەکە دەتوانێت کۆنگرە بکات؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: ئەوە دەبێت پەکەکە وەڵام بداتەوە. بەڵام پەکەکە خۆشیان دەڵێن، کە هەلومەرجی کۆنگرە بۆ ئەوان ئامادە نییە. بۆچی ئامادە نییە؟ هۆکارەکەش دەخەنەڕوو. بەڵام ئێمە لە پەیامەکانیان دەڕوانین جێگەی دڵخۆشییە، کە زۆر زوو وەڵامی بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلانیان دایەوە و گوتیشیان ئامادەین. ئەوان گوتیان بۆ کۆنگرە و چەکدانانیش ئامادەن، بەڵام ئامادەسازی و هەلومەرجی پێویستە. بۆ هەلومەرج و ئامادەسازیش خۆیان دەبێت بڕیار بدەن، کە ئامادەسازیی ئەمنییە یان هەرچییە چۆن دروستبکرێن، دەسەڵاتدارانیش وەڵامیان بدەنەوە، بانگەوازی مێژووییە، بەڵام بۆ پێکهێنانی نێوەڕۆکەکەی دەبێت هەموو لایەنەکان چی دەکەوێتە سەرشانیان پێکیبهێنن.
 
رووداو: لەم کاتەدا کورد دەتوانێت بەشێکی مافەکانی بەدەستبهێنێت؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: هەفتەیەکە لە کوردستانم بەهۆی نەورۆزەوە، دەتوانم بڵێم شار بە شار رۆژانە دوو ئاهەنگی نەورزۆمان پیرۆز کردووە، ئێستاش لە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەدین. ئاشکرایە کورد تاوەکو ئێستا زۆر شتی بەدەستهێناوە، یەکەم، هەبوونی کوردە کە هیچ کەسێک ناتوانێت بە نەبووی بزانێت. دووەم، ناتوانرێت زمان و ناسنامەی کوردی رەتبکرێنەوە. بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی کورد دەبێت دەستکەوتەکانی ئێرە بەشێوەیەکی یاسایی بپارێزرێن. داوا و خواستی کورد ئەوەیە، لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و دیاسپۆرا بتوانن بە ناسنامەی خۆیانەوە ئازاد بژین، هەر ئەوەیە و شتێکی دیکە نییە. ئێستا لە قۆناخێکی مێژوویی داین و دەبێت کەس هەنگاوە بۆ دواوە نەنێت. ئێمە دەتوانین ئەم دەرفەتە مێژووییە بگۆڕین بۆ پرۆسەی چارەسەری، دەیڵێمەوە کە ئاسان نییە، دەبێت خەڵک هەبن دژی بن، یاری جۆراوجۆریش بکرێت، بەڵام ئێمەش دەبێت بڕوامان بەخۆمان بێت و هەموو دەستوەردانێک هەڵوەشێنینەوە. یەکێتی گەلان زۆر پێویستە، لە کوردستاندا گەلی جیا دەژین و دەتوانن پێکەوە بژین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد چەندە یەکێتی گەلان پێویست بێت، هێندەش یەکێتی کورد و کوردستانیی پێویستە، من دەڵێم سەردەکەوین و دەستکەوتەکانی کوردیش دەپارێزین بەگوێرەی یاسا و بنەما یاساییەکان.
 
رووداو: شاندی ئێوە لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکاندا کۆبوونەوە و بڕیارە دوای نەورۆز لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆببنەوە. دوای بینینی سەرۆککۆمار پێتانوایە پرۆسەکە هەنگاوی دیکە بنێت؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: بۆ ئەوە دەبێت سەرەتا بزانین کۆبوونەوە کەی دەبێت و نێوەڕۆکەکەی چی دەبێت و چی دەگوترێت. من جارێکی دیکەش دەیڵێم، کە قسەکردن بەس نییە، هەموو کۆبوونەوەیەک بەهای خۆی هەیە، کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماریش بێگومان بەهای خۆی هەیە، بەڵام لەپاڵ کۆبوونەوەکەدا کردار پێویستن، ئەوە خواستی کۆمەڵگەشە، کاری ئێمەی سیاسەتمەداریشە قسەی لەسەر بکەین.
 
رووداو: ئێستا ئاگری نەورۆزی ئامەد کرایەوە، ئەو قەرەباڵخییەی چاوەڕوان بوون دروستبووە؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: گۆڕەپانەکە پڕبووە. هەموو ئەو ناوچانەی ئێمە چووین خەڵک جۆشێکی زۆر گەورەی هەیە، لە ئامەد لە سەرەتادایە بەڵام شوێن نەماوە، لەکاتێکدا ئەوانەی لە دەوامدان و ئەوانەی لەکاریشدان نەیانتوانیوە بێن. دوێنێ پڕۆژەیاسایەکمان دایە پەرلەمانی تورکیا کە 21ـی ئازدار بە فەرمی ببێتە جەژنی گەلی کوردستانی و گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. کەشوهەواش خۆش نییە شوێن نەماوە، ئەم ئامادەبوون و بەجۆشییە دەبێت لەلایەن بەرپرسانیشەوە وەکو پەیامێک ببینرێت. ئەم خاوەندارییە لە خۆییەوە نییە و ئەمە خاوەنداریکردنە لە بانگەوازیی چارەسەری و ئاشتی و رێورێبازی سیاسەتی دیموکراسی؛ پێویستی ئێمە ئێستا بە فراوانکردنی ئەمەیە. بەڵام ئێستا زیندانیکراو و بێسەروشوێن هەن و خەڵکێکی زۆر لێرە لەلایەکەوە خەمگینە و لەلایەکیشەوە ئاهەنگ دەگێڕێت. لە مێژووەوە بۆ ئێمەی کورد شایی و شین پێکەوە بووین، کە شیاوی گەلی کورد نین.
 
رووداو: میوانی تایبەت لە باشووری کوردستانەوە هاتووە؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: راستە کەمێک پێش ئێستا پێکەوە هەڵپەڕکێشمان کرد.
 
رووداو: هاتنی میوانانی باشووری کوردستان وەکو چی پەیامێک دەبینن؟
 
ئایشەگوڵ دۆغان: بۆ کورد ئەوە پەیامێکی زۆر گرنگە، گەورەترین کەموکورتی مێژووی ئێمەی کورد، نەبوونی کەموکورتییە لە یەکگرتن و یەکدەنگیی. مەرج نییە هەموومان وەکو یەک بیربکەینەوە، دەکرێت سیاسەتی جیامان هەبێ، دەوڵەمەندی ئێمەیە ئەوە، ئەمانە مانەی ئەوە نییە پشت بکەینە یەک و دەبێت پشتی یەک بگرین و پێشەنگایەتی رێککەوتن و ئاشتیی نێوان گەلان بکەین، ئێمەش و گەلانی دیکەش بەهێز دەبین. ئەمڕۆ میوانی زۆرمان هاتوون لە هەموو جیهانەوە، بەڵام زۆر دڵخۆشین لە باشووری کوردستانەوە میوانمان هاتوون، ئەو کەسانەی بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، بەناوی رێزدار مەسعود بارزانییەوە ئەمڕۆ لێرەن ئێمە دڵخۆش دەکەن، هەروەها لە سلێمانییەوە میوانمان هاتوون زۆر دڵخۆشیان کردووین. پەیامەکانیان کورد دڵخۆش دەکەن، لە هەرکوێ بێت رێککەوتنی نیوخۆی کورد زۆر پێویستە.
 
رووداو: شاندەکەتان لەم چەند رۆژەی دواییدا چووبوونە ئیمرالی؟
 
ئایشەگوڵدۆغان: نەخێر.
 
رووداو: کەواتە پەیام نییە.
 
ئایشەگوڵ دۆغان: نا پەیام نەهاتووە، چونکە شاندنمان نەچوون. هەر هەواڵێک بڵاوبێتەوە گوایە لەلایەن رێزدار ئۆجەلانەوە ئەمڕۆ پەیام هەبێت راست نییە.
 
رووداو: زۆر سوپاس کە میوانی ئێمە بوویت.
 
ئایشەگوڵ دۆغان: سوپاس
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیوا سەعد مەعن، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق (لای راست) و نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو.

سەعد مەعن: 400 بۆ 600 چەکداری داعش لە عێراق ماون

راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگی بەردەوامدان بۆ دۆسیەی پاراستنی سنوورەکان و رووبەڕوو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و رادەستکردنی تاوانباران. دەشڵێت، نە هەرێمی کوردستان داڵدەی تاوانبارانی عێراق دەدات و نە عێراقیش داڵدەی ئەو کەسانە دەدات کە لە هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە.