رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، "ئەوانەی سووکایەتییان بە ئاڵای کوردستان کردووە باپیرانیشیان دووژمنی کورد بوون". دەشڵێت، دەیانەوێت بە سووکایەتیکردن بە ئاڵا ئاستەنگی بۆ ئاشتەوایی دروست بکەن.
سری ساکک، لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لەو سووکایەتییانە کرد بەرامبەر ئاڵای کوردستان کراوە و گوتی، لە پەرلەمانی تورکیا گوتوویەتی: "مافتان نییە سووکایەتی بەو ئاڵایە بکەن."
دەقی هەڤپەیڤینی سڕی ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا:
رووداو: بەڕێز ساکک سڵاو.. بەخێربێی بۆ رووداو.
سڕی ساکک: ئەم کاتەتان باش.
رووداو: تۆ ئاڵای کوردستانت هەڵگرت و لە پەرلەمانی تورکیادا باستکرد، کاردانەوەکان چی بوون؟ هێرشیان نەکردە سەر تۆش؟
سڕی ساکک: جارێکی دیکە ئەم کاتەتان باش.. نەورۆزێکی گەش و پڕجۆش لێرە بەڕێوەچوو. لێرەوە سڵامان بۆ هەولێر و سلێمانی نارد و نەورۆزمان پیرۆز کرد. لێرە گەلەکەمان یەکێتیی گەورەیان بۆ ئاشتی و یەکێتیی نەتەوەیی دروست کرد؛ بۆ ئاشتییەک کە لە نوێ دروست ببێت. ئەوانەی لەم ئاشتەواییە ناڕەحەتن و دووژمنی کوردن؛ گوتیان ئاڵای کوردستان پەڕۆیە و سووکایەتییەکی گەورەیان پێکرد. گەلەکەشمان ئەمەی قبووڵ نەکرد. لە نەورۆزیشدا ئێمە ئەوەمان باسکرد. دوێنێش من لە پەرلەمان باسم کرد و گوتم: ماف و هەقی ئەوەتان نییە، ئەم ئاڵایە لە تەواوی جیهان دەناسرێت. کاتێک کاک مەسعود، کاک نێچیرڤان لە کوردستانەوە دێنە تورکیا لێرە لە تەنیشتی ئاڵای تورکیا ئاڵای کوردستان {دادەنرێت}. ئێوە دووژمنایەتی کورد دەکەن، ئەو ئاڵایە بە قوربانییەکی زۆر گەیشتووە بەم رۆژە. قازی محەممەد کە لە سێدارە درا خەباتی بۆ ئەو ئاڵایە کرد. مەلا مستەفا بارزانی؛ بە هەزاران پێشمەرگە ژیانی خۆیان بۆ بەخشی، رووبەڕووی زوڵم و ستەمی زۆر بوونەوە، ئێوە ناهەقی دەکەن و دوژمنی کوردن. ئەو کاتە من لەوێ بووم هیچیان نەگوت، بەڵام دوای من دەنگی خۆیان بەرزکردبووەوە، ئێمە ئەوان دەناسین، لە هەر چوارپارچەی کوردستانیش دوژمنی وەها هەن، نایانەوێت کورد ببنە خاوەنی هیچ. لەبەر ئەوانەشە ئێمە دەڵێین یەکێتیی کورد زۆر شتێکی گەورەیە. لە باکوور بۆ ئاشتەوایی و وەستاندنی رشتنی خوێن گەل بە جۆشێکی گەورەوە نەورۆزی پیرۆز کرد، ئەو کەسانەش پێی ناڕەحەت بوون. ئەوانە دووژمنایەتی کوردی باکوور ناکەن، کورد لە هەرکوێ هەبێت ئەوان دژایەتی دەکەن. ئەوانە لەنێو خەڵکیشدا هێزی گەورەیان نییە. ئێمە باشیان دەناسین دووژمنی کوردن.
رووداو: ئی پارتییەکان ناڕەزایەتی زۆریان پیشاندا، بەڵام لەنێو جەهەپەشدا ئەوە دەبینین، بۆنموونە خۆپێشاندان لە ئیستەنبووڵ دژی دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵۆ کرا، لە شارەکانی دیکەش، بەڵام دژایەتی ئاڵای کوردستان، زمانی کوردان و شێخ سەعیدی پیران کرا، ئەمە بۆچی؟
سڕی ساکک: ئەوانە لە بوونیانەوە لە باوباپیرانیانەوە دووژمنی کوردن. هەرکات لە کوردستان کۆمەڵکوژی گەورە کرابێت باوک و باپیری ئەوانە کردوویانە. 100 ساڵە ستەمی گەورە لە کورد دەکرێت، ئاڵای جوان و رەنگین پێی دەڵێن پەڕۆ، سەرەتا مەنسور یاڤاش سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرە ئەوەی گوت، ئەو لە جەهەپەدا سیاسەت دەکات، بەڵام ئەوە لە مەهەپەوە دێت. لە جەهەپەش کەمالیست هەیە و دووژمنایەتی کورد دەکەن، بەڵام لە تورکیادا مرۆڤی دۆستی کورد هەن. لەوانە دەپرسم کە دووژمنایەتی خەڵکی باکووری کوردستان دەکەن و دەڵێن لێرە چەک و رووبەڕووبوونەوە و خوێن هەیە بۆیە وادەکەین، باشە لە کوردستان رۆژێک لێرەوە بەردێک هاوێژراوە؟ نا. لێرە دۆستایەتی کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان هەیە و دێن و دەچن رۆژێک هیچ بووە؟ نا. مانگانە ملیارێک دۆلار لە تورکیاوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. لەوێ کۆنسووڵخانەی تورکیا هەیە، لەوێ تورکیا دانیپێدا دەنێت، بەڵام ئەوانەی دووژمنی کوردن دەیانەوێت لەسەر ئەوە سیاسەت بکەن. لەنێو تورکیا و لە باکوور بابەتی نوێ هاتووەتە ئاراوە، سەرۆک ئۆجەلان بۆ ئاشتی پلان و پڕۆژەی خۆی خستەڕوو ئەوانە پێی ناڕەحەت بوون، ئەوانە نایانەوێت بابەتی کورد بە ئاشتەوایی چارەسەر بکرێت. لە بابەتی کورد شەڕ و خوێنڕشتن هەبێ ئەوانە سیاسەت{ـی لەسەر دەکەن}. دەردی ئەوان ئەوەیە هێزیان لە تورکیا نییە ببنە خاوەن پێگە، دەیانەوێت بە 40 بۆ 50 کەس لەنێوان کورد و تورکدا دووژمنایەتییەکی گەورە دروست بکەن و لە سیاسەتدا بەکاری بهێنن. دەبێت کورد یەکێتیی نێوانی گەورە بکات و هەمووی پشتی یەک بگرێت و ببینن، کێ دۆستیەتی و کێ دووژمنی.
رووداو: بەڕێز ساکک، باسی قسەکانی مەنسور یاڤاشت کرد، کە بابەتی سووکایەتی ئاڵا لەوەوە دەستیپێکرد، ئەوەش بووە هۆکاری ناڕەزایی خەڵک لە نەورۆزدا بەرامبەر پەیامەکەی ئۆزگور ئوزەلی سەرۆکی جەهەپە، دەم پارتی ناڕەزایی لایەنگرەکانی چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟
سڕی ساکک: دوای نەورۆز ئۆزگور ئوزەل لەبەردەم ملیۆنێک کەسدا وتی، هەڵەیان کردووە و نەورۆزی کورد پیرۆز دەکەین و کەموکورتییەک روویدابێت هی ئێمەیە و سڵاوی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش نارد. دواتریش من و ئەو بە تەلەفۆن قسەمان کرد و گوتی کەموکورتی دروستبووە، ئەوەش باشە، لە شوێنێک کەموکورتی هەبێ سەرۆکی حیزبەکە بڵێت هەڵەیە. ئەردۆغان گوتوویەتی ئەوانەی ناڕەزایی بۆ دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ دەردەبڕن چوون لە گۆڕستانەکان کێلی گۆڕیان شکاندووە، من گوتم راستە نابێت ئەو ناڕەزاییانە لە گۆڕستان و مزگەوتەکاندا بن، بەڵام لە خاکی کوردستاندا چەند ساڵی یەکەم بە بلدۆزەر مەزارەکانیان خراپکرد، بە بۆمب لە مزگەوتەکانیان دەدا. رۆژێک بە تەوژمی ئاو تەرمێکیان لەسەر سەر خستینە خوارەوە.
رووداو: ئەگەر هەیە لە جێگەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ، جەهەپە مەنسور یاڤاش بکاتە بەربژێری سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتێکی ئاوادا ئێوە دەنگی پێدەدەن؟
سڕی ساکک: پێموایە شانسی کەمە، ئەگەر شانسێکیشی هەبووبێ ئەو رۆژە کە ئەو قسانەی کرد ئەوەشی نەما، پێموانییە یەک کورد لە تەنیشتی یاڤاشەوە بوەستێت. هیچ ناچارنین کەسێک دژایەتیمان بکات و ستەممان لێبکات هاوکاری بکەین. پێموایە جەهەپە ئەمڕۆ ناوی بەربژێرەکەیان دیاری بکەن کە ئیمامئۆغڵۆیە، بەڵام یەک کورد دەنگ بە یاڤاش نادات.
رووداو: هیچ لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی روون نییە، لە پشت دەرگاکانەوە گفتوگۆ دەکرێت؟
سڕی ساکک: لە تورکیا هەندێک لە بابەتەکان بە خاوی هەڵدەسووڕێن، بەڵام لەنێو گەلدا باوەڕێکی گەورە هەیە و دەیانەوێت ئەم بابەتە چارەسەر ببێت و خوێنڕشت نەمێنێت. دوای جەژن هەندێک شت روون دەبێتەوە. ناببێت سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندان بمێنێتەوە و دەبێت نەخۆشەکان لە زیندان ئازاد بکرێن. دەبێت رێگەکە خاوێن بکرێتەوە لە ئاستەنگییەکان ئەگەر ئاشتییان دەوێت. دەبێت گۆشەگیری ئیمراڵی نەمێنێت، دەبێت قەییومەکان نەمێنن، ئەوانە دەبێت جێبەجێ بکرێن، ئەوانە نەبن نابێت.
رووداو: دیار بووە کەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە؟
سڕی ساکک: بەڵێ، دوای جەژن ئەوە جێبەجێ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ