وەزیری ناوخۆی هەرێمێکی ئەڵمانیا: دەبێ لە سووریا مافی کورد و پێکهاتەکان پارێزراو بێت

دوێنێ کاژێر 11:43
سوتەلین ڤاک، وەزیری ناوخۆی هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاینی ئەڵمانیا (لای راست) و ئاڵا شاڵی.
سوتەلین ڤاک، وەزیری ناوخۆی هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاینی ئەڵمانیا (لای راست) و ئاڵا شاڵی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە میانی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆزدا، سوتەلین ڤاک، وەزیری ناوخۆی هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاینی ئەڵمانیا، جەختی لە گرنگی فرەچەشنی و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کردەوە، بەتایبەتی کورد لە سووریا.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو، وەزیرەکە ئاماژەی بەوەدا کە کورد لە ئەڵمانیا زۆر باش خۆیان گونجاندووە و پێویستە رێز لە ناسنامەیان بگیرێت.
 
ڤاک سەبارەت بە دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان گوتی: "پێویستە چاوەڕێ بکەین و بزانین دۆخی سووریا چۆن پەرەدەسەنێت، ئایا ئاشتی دێتە ئاراوە و شەڕی ناوخۆیی کۆتایی پێدێت؟". هەروەها جەختی کردەوە لەوەی کە ئەڵمانیا پاراستنێکی بەهێزی هەیە بۆ پێکهاتەکان و دەبێت دەوڵەتی نوێی سووریا رەچاویان بکات.
 
لەبارەی سیاسەتی کۆچبەرانەوە، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند کە هەر کەسێک تاوان ئەنجام بدات، دەبێت لە ئەڵمانیا دەربکرێت، بەڵام ئەوانەی مافی مانەوەیان هەیە، دەبێت پارێزراو بن. هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان کرد بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ.
 
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، ڤاک نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی دەنگەکانی پارتی راستڕەوی AfD و هۆشداری دا لەوەی کە ئەم پارتە دەیەوێت سیستمی دەوڵەتی و دیموکراسی لە ئەڵمانیا بگۆڕێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سڵاو بەڕێز خاتوو سوتەلین ڤاک، زۆر سوپاس کە لەگەڵماندایت. بەڕێزتان ئەمڕۆ وەک وەزیری ناوخۆی ئەم هەرێمە لێرە بەشداریتان کرد لە رێوڕەسمی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز کە بۆ کورد جەژنێکی گرنگە و مانای بەرخۆدانە. بەڕێزتان وتارێکتان هەبوو، ئێوە گرنگیی سازکردنی ئەم ئاهەنگە لێرە چۆن دەبینن؟
 
سوتەلین ڤاک: لام زۆر گرنگە کە لێرە پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕین، چونکە کورد خۆیان زۆر بە باشی لە ئەڵمانیا گونجاندووە، بۆیە گرنگە بەشێک لە ناسنامە تایبەتەکانیان لێرە لە ئەڵمانیا پێکەوە ئاهەنگی بۆ بگێڕین. هەروەها دڵخۆشم کە دەتوانم بۆ دووەم جار بەشدار بم لەم ئاهەنگە.
 
رووداو: بەڕێز خاتوو سوتەلین ڤاک، من دەمەوێت سەبارەت بە کوردی رۆژئاوای کوردستان پرسیارتان ئاراستە بکەم. ژمارەیەکی زۆری کورد لێرە دەژین کە توانیویانە خۆیان لێرە بە باشی بگونجێنن و کار دەکەن، بەڵام لە هەمانکاتدا دەنگێکی زۆر سیاسەتمەدار هەیە کە دەڵێن ئێستا لە دوای نەمانی ئەسەد پێویستە ئەوان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. ئێوە سەبارەت بەمە چی دەڵێن؟
 
سوتەلین ڤاک: بە بۆچوونی من، پێویستە کەمێک چاوەڕێ بکەین. ئێستا هەواڵی ترسناکمان لە سووریاوە بیستووە. سەرەتا هەموومان هیوایەکی گەورەمان هەبوو کە رژێمی ئەسەد نەمابێت. ئێمە هێشتا هیوایەکی گەورەمان هەیە کە ئاشتی بێتە ئاراوە، کە شەڕی ناوخۆیی کۆتایی پێ بێت، بەڵام بەداخەوە لە رۆژانی دواییدا هەواڵی خراپمان بیستووە. بۆیە پێم وایە دەبێت سەرەتا چاوەڕێ بکەین بزانین دۆخی سووریا چۆن پەرەدەسەنێت، ئایا بەڕاستی ئاشتی دێتە ئاراوە و شەڕی ناوخۆیی بەڕاستی کۆتایی پێدێت. هەروەها زۆر سووریایی هەن کە لێرە زۆر باش خۆیان گونجاندووە. ئێمە پێویستمان بە زۆر کەس هەیە کە لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون و کۆمەڵگای ئێمە رەنگاوڕەنگ دەکەن و فرەچەشنی دەژین، چونکە فرەچەشنی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئێمەش پێش بکەوین.
 
رووداو: باشە جەنابی وەزیر، ئێستا ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا پشتیوانی حکومەتی سووریا دەکەن، بەڵام ئەو حکومەتە مافی کورد نادات، لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
 
سوتەلین ڤاک: من هەمیشە دەڵێم مرۆڤ بێگومان کەسێک پشتگیری دەکات کە بەڕاستی لە پێناو ئاشتی و دیموکراسی کار دەکات، و دەبێت بە وردی سەیری ئەوە بکەین. هەروەک ئێستا گوتم. ئەمە بۆ ئێمە گرنگە و دەبێت بە سادەیی بڵێین کە تیرۆر دەبێت کۆتایی پێ بێت. هەروەها وەزیری ناوخۆم. من بەرپرسم لە ئاسایشی ناوخۆ. ئێمە پێویستە لە ئەڵمانیا، بێگومان بە وردی سەیر بکەین کێ دێتە وڵاتەکەمان و دەبێت بە وردی بزانین پشتگیری کێ دەکەین، بۆ ئەوەی تیرۆر لە سووریا بەردەوام نەبێت.
 
رووداو: بەڕێزتان باسی تیرۆرتان کرد، کورد لە سووریا زۆر بە ئازایانە دژی تیرۆر شەڕیان کرد، ئێستا لە دەستووری کاتی سووریا مافی کوردی تێدانییە، هەڵوێستی ئێوە چییە؟
 
سوتەلین ڤاک: ئێمە لە ئەڵمانیا پاراستنێکی زۆر بەهێزمان بۆ کەمینەکان هەیە، بەتایبەتی لێرە لە شلێسڤیگ-هۆڵشتاین لە باکوور. من لە ناوچەیەکی باکوورترەوە دێم وەک لێرە لە کیل. ئێمە پاراستنێکی زۆر بەهێزمان هەیە بۆ دانیمارکییەکان کە لە ئەڵمانیا دەژین، و بۆ ئەڵمانییەکان کە لە دانیمارک دەژین. کەواتە ئێمە لەنێو کەمینەکاندا دەژین و پێم وایە، هەندێک وڵات دەتوانن کەمێک بە وردتر لەگەڵ کەمینەکان هەڵبکەن و کوردەکان پێکهاتەیەکن لە سووریا و پێم وایە، دەوڵەتی نوێی سووریا، هەر چۆنێک بێت، بە هیوای ئەوەی ئاشتی و دیموکراسی بێت، دەتوانێت کەمینەکانیش رەچاو بکات. چونکە ئەمەش پەیوەندی هەیە بە فرەچەشنییەوە و ئەوان بەشێکن لە ناسنامەی گەل.
 
رووداو: باشە دەگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا، پرسی سیاسەتی کۆچبەران پرسێکی یەکجار گەرم بوو لە کاتی هەڵبژاردندا و ئێستاش حکومەتی داهاتوو رێکەوتوون لەسەر ئەو پرسە، بۆ بەڕێزتان وەک وەزیری ناوخۆ ئایا ئەوەندە ئاسانە ئەو کۆچبەرانەی خەڵکی ئەفغانستانن یان سووریا و لێرە تاوان ئەنجام دەدەن دێپۆرت بکرێنەوە؟
 
سوتەلین ڤاک: هەڵوێستی روونی من، هەر کەسێک لێرە تاوانێک ئەنجام بدات لە شلێسڤیگ-هۆڵشتاین دەبێت لە ئەڵمانیا دەربکرێت. ئەمە هەر ناکرێت. خەڵکی ئێمە دەترسن و ئەمە ناکرێت و ئێمەش نامانەوێت. ئەمە واتە ئەو کەسانەی تاوان ئەنجام دەدەن دەبێت دەربکرێن. ئەمە شتێکی زۆر روونە. هەرچەندە ئەمە هەمیشە ئاسان نییە، ئێمە هەردووکمان ئەوە دەزانین، بەڵام دەبێت کاری لەسەر بکەین. و ئەو کەسانەی کە مافی مانەوەیان هەیە، کە دەتوانن لێرە بمێننەوە، چونکە هێشتا ژیانیان لە مەترسیدایە. من پشتگیری یاسای مافی پەنابەری ئەڵمانی دەکەم، دەبێت ئەمە بمێنێت و دەبێت ڕەچاوی بکەین، ئێمە ئەوەمان دەوێت. بەڵام ئەو کەسانەی کە میوانداری ئێمە دەخەنە ژێر پێیان و ڕێزی لێناگرن دەبێت بە روونی بیڵێم، ئەوان هیچ کارێکیان نییە لێرە لە ئەڵمانیا. دەبێت بڕۆن.
 
رووداو: هەر لە پرسی سیاسەتی کۆچبەراندا یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بوو، ئایا ئەمە ئێستا لە دانوستاندنەکاندا لەسەری ڕێکەوتوون؟ جێ بەجێ دەکرێت؟
 
سوتەلین ڤاک: ئەمە زەحمەتە، بەڵام بێگومان ئەمە دەکرێت. باشتر دەبێت ئەگەر سنوورە دەرەکییەکانی ئەوروپا کۆنترۆڵ بکەین، چونکە ڕێککەوتننامەی شێنگەنمان هەیە کە زۆر بە سەختی و بۆ ماوەیەکی زۆر خەباتمان بۆ کردووە بۆ ئەوەی لە ناوخۆی ئەورووپادا هیچ کۆنترۆڵێکمان نەبێت، ئێستا لە ژێر مەترسیدایە. بەڵام ئەمە لە ئێستادا دیارە زەحمەتە و بۆیە ئێمە لە ئەڵمانیا کۆنترۆڵی سنوورەکان دەکەین. هەرچەندە هەرگیز بە تەواوی سەرکەوتوو نابین، چونکە ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵام دەبێت سەیر بکەین کێ دێتە ناو ئەڵمانیا.
 
رووداو: سەقامگیری ئاسایشی ناوخۆ پرسێکی دیکەی گرنگە لە ئەڵمانیا، باشە چۆن دەتانەوێت یان پلانتان چییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ لە کاتێکدا وەک خۆتان ئاماژەتان پێدا خەڵک ترسی هەیە؟
 
سوتەلین ڤاک: ئاسایشی ناوخۆ ئێستا بابەتێکی زۆر بەرفراوانە. لە کۆنفرانسی وەزیرانی ناوخۆدا ئێمە هەمیشە خەریکی ئەوەین. دەبێت بزانین، ئەو کەسانەی کە خۆیان لەلای ئێمە دەگونجێنن، کە بەپێی یاسای ئەڵمانی دەتوانن لێرە بمێننەوە. من یاساناسم، من پابەندم بە هەموو یاساکانی ئەڵمانیا. ئەوان دەبێت لێرە خۆیان بگونجێنن. لەوەدا دەبێت یارمەتیان بدەین، ئەمە شتێکی سروشتییە. ئێمە پێویستمان بە کەسانێکیشە کە لای ئێمە کار بکەن. ئێمە هەر ئێستا باسی ئەو پیاوە گەنجەمان کرد کە ئێوە باستان کرد. ئێمە پێویستمان بە کەسانێکە کە لێرە کار بکەن. ئێمە ژمارەمان بەردەوام کەم دەبێتەوە و بەردەوام پیر دەبین و پێویستمان بە فرەچەشنییە. بەڵام وەک گوتم، ئەو کەسانەی کە تاوان ئەنجام دەدەن، کە تاوانیان ئەنجام داوە، ئەوان دەبێت لە ئەڵمانیا دەربچن. من لەوە باوەڕم پتەوە.
 
رووداو: واتە دەتانەوێت بایەخ بە هاتنی کۆچبەران لەرێگەی یاسایەوە بدەن؟
 
سوتەلین ڤاک: کۆچی یاسایی بێ گومان. ئەمە دەبێت دووبارە بە وردی بیری لێ بکەینەوە، ئایا ئەمە لە رێگەی پەنابەرییەوە دەکرێت یان لە رێگەی کارەوە. لەوێدا هەندێک لێکترازان هەیە کە پێم باشە. ئەگەر کەسانێکمان هەیە کە دەتوانن لێرە بە باشی بژین و بە باشی کار بکەن، ئەوا دەبێت هەوڵ بدەین ئەوان لێرە بهێڵینەوە. ئەوەندە کەسی نیازپاک، دۆستانە و کارامە هەن کە لە وڵاتانی دیکەوە دێنە لامان، و دەبێت ئاگامان لێیان بێت، بەڵام وەک گوتم، ئێستا چەندین جار گوتوومە، ئەو کەسانەی تاوان ئەنجام دەدەن، ئەوان هیچ کارێکیان نییە لای ئێمە.
 
رووداو: دواین پرسیارم لە بەڕێزت خاتوو وەزیری ناوخۆ، پارتی AfD دەنگەکانیان دوو هێندە زیادی کرد. ئەمە چەند بە مەترسی دەبینن؟
 
سوتەلین ڤاک: من ئەمە بە مەترسیەکی گەورە دەبینم و زۆر نیگەرانکەرە. خۆشبەختانە پارتی AfD لە پەرلەمانی شلێسڤیگ-هۆڵشتاین نییە. AfD لە پەرلەمانی وڵاتدا نییە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتدا توانیمان دەریان بکەین. ئەوان پێشتر لەوێ بوون، بەڵام ئێستا نەماون. و بێگومان نیگەرانکەرە، بەڵام هەر دەنگدەرێک، کە دەنگ دەدەن بەو پارتە بێگومان نازی نییە. ئەمە ڕاستە. بەڵام ئەوانەی کە دەنگیان پێدەدەن، زۆر جار نازین. و چۆن مرۆڤ ناتوانێت ڕابردووی ئەڵمانیا لەبیر بکات. من هەر لەم کۆتاییەدا لە شوێنی یادەوەری بووم. دەتوانم بڵێم، چۆن دەتوانیت ئەوەی ڕووی داوە لەبیر بکەیت. و نکۆڵیشی لێ بکەیت، بڵێیت ئەمە هەمووی راست نییە. ئەمە بۆ من تێنەگەیشتنە و ئەمەیە کە نیگەرانی گەورەم دەکات، چونکە ئەوان دەیانەوێت سیستمی دەوڵەتی ئێمە بە تەواوی بگۆڕن. و ئەوان دەیانەوێت دیموکراسی ئێمە بگۆڕن. دەیانەوێت ئازادی بیروڕا بگۆڕن. هەموو ئەوەی کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، کە بۆ 75 - 80 ساڵە لەگەڵمان بووە لە ئەڵمانیا، هەروەها لە شلێسڤیگ-هۆڵشتاین، ئەوە دەبێت بگۆڕدرێت و دەبێت بە هەموو هێزێکەوە دژی بوەستین.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەڕێزتان کە لەگەڵماندا بوون.
 
سوتەلین ڤاک: زۆر بە خۆشحاڵییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیوا سەعد مەعن، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق (لای راست) و نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو.

سەعد مەعن: 400 بۆ 600 چەکداری داعش لە عێراق ماون

راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگی بەردەوامدان بۆ دۆسیەی پاراستنی سنوورەکان و رووبەڕوو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و رادەستکردنی تاوانباران. دەشڵێت، نە هەرێمی کوردستان داڵدەی تاوانبارانی عێراق دەدات و نە عێراقیش داڵدەی ئەو کەسانە دەدات کە لە هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە.