هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بورهان قەرەداخی و کچەکەی تاڤێ

29-03-2025
هێمن عەبدوڵڵا
بورهان قەرەداخی و کچەکەی تاڤێ
بورهان قەرەداخی و کچەکەی تاڤێ
نیشانەکردن بورهان قەرەداخی تاڤێ بورهان قەرەداخی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هانۆڤەری ئەڵمانیا جووڵەیەکی هونەریی باشی کوردی هەیە. یەکێک لەوانەی سەرنجی زۆرانی راکێشاوە خانەوادەیەکی هونەرییە. باوک و کچێکن کە هەریەکەیان لە بوارێکی هونەردا ئەسپی خۆیان تاوداوە، ئەو دوو هونەرمەندە بورهان قەرەداخی، نووسەر و شانۆکار، هەروەها کچەکەی تاڤێ بورهان گۆرانیبێژ، میوانی ستۆدیۆی دیاسپۆرابوون لە ئەڵمانیا.
 
رووداو: زۆر زۆر بەخێر بێن کاک بورهان و تاڤێ خان، بە پێی نەریتی کوردەواری دەبێت لە گەورەوە دەست پێبکەین، بەڵام دەزانم کاک بورهانیش پێی خۆشە چاوەکان زۆرتر لەسەر تاڤێ بن. تاڤێ دەنگت ماشەڵڵای لێبێت، زۆر زۆر خۆشە بەڕاستی، من زۆر جاریش گوێم لێ گرتووە، لێرەش باسمان کرد و پێکەوە گوتوومانە دەبێت رۆژێک تاڤێ بێت، بێت لەسەر ئەم مێزە دانیشێ. یەکەمین دەرکەوتنت لە کوێ بوو؟
 
تاڤێ بورهان قەرەداخی: یەکەمین دەرکەوتنم لەگەڵ خۆمدا بوو، خۆم گۆرانیم بۆ خۆم دەگوت بە منداڵی، لەبەر ئاوێنە گۆرانیم بۆ خۆم دەگوت، بۆ هاوڕێکانم لە قوتابخانە گۆرانیم دەگوت، بۆ هەر کەسێک بوایە کە بمناسێ ئامادە بووم گۆرانییەکی بۆ بڵێم، ئیتر بەو شێوەیە من دەستم پێکرد.
 
رووداو: یەکەمجار لەسەر ستەیج کە دەرکەوتیت کەی زانییان بەڕاستی دەنگت خۆشە؟
 
تاڤێ بورهان قەرەداخی: یەکەمجار لەسەر ستەیج دەرکەوتم یەکێک لە شانۆکان بوو کە باوکم ئەکتەریی پێبەخشیم و توانیم نواندنەکەی بکەم و توانیم تۆزێک گۆرانیشی لەگەڵدا بڵێم، ئەو کات بوو زانییان، بەڕاستی بیرم نەماوە، چونکە زۆر زۆر منداڵ بووم پێنج ساڵ شەش ساڵ دەبووم، زۆر پچکۆڵە بووم.
 
رووداو: کاک بورهان وەکو گوتم شانۆکاری ناسراو خەرمانبەرەکەت دنیا کتێبت نووسیوە خەڵکی سلێمانیش باش باش دەتناسنی، کوردستانیش بێگومان لە بواری شانۆدا، بۆچی تاڤێ نەبوو بە شانۆکار خۆ هێنات بە نێو شانۆ گۆرانی گوت، بەڵام دوایی بوو بە گۆرانیبێژ.
 
بورهان قەرەداخی: تاڤێ بۆچی رێچکەکەی منی وەرنەگرت؟ راستە تاڤێ لە چەند کارێک تاوەکو لە کاری کورتەفیلمیش نواندنی کردووە، بەڵام لە نەورۆزدا بوو لە باخچەی ساوایان گۆرانی بۆ نەورۆز گوت و گوێمان لێ بوو دەنگی خۆش بوو، ئەم منداڵە و ئەمە وای لێ کرد دواجار بۆ قوتابخانەی فەرەنسی دانیال میتەران لە سلێمانی گۆرانییەکی فەرەنسی بۆ رێکلامی ئەو قوتابخانەیە دەگوت. ئەگەر هەڵە نەبم ئینۆپێ و رۆژێکی وا ناوێکی وای هەبوو دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو، دواجار هەستمان کرد ئەمە رێچکەی با بڵێین لە دایکییەوە رێچکەی کەسوکاری دایکی و یادی بەخێر رەفیق چالاک وەرگرتووە کە کەسێکی ناوداری کوردە وەکو هونەرمەند و وەکو کەسێکی دیار و بە هەڵوێست کە رۆڵی زۆر هەبووە و دەنگی خۆش بووە لە ناو کورددا، هەستمان کرد لەوێوە بۆی هاتووە، ئەمە بۆ ئەم بەهرەیە لەم منداڵە ئەم دەنگ خۆشییەی تێدایە. ئەوە بوو من سازێکم بۆ کڕی و بەڕاستی ئیتر هانم دا بۆ ئەو بوارە و مامۆستام بۆ دۆزییەوە کە لە ساز دەیژەنی، ئیتر لەگەڵ ئەوا دەستی پێکرد، لەوێوە هاتە نێو بوارەکەوە.
 
رووداو: هەر گۆرانیگوتن نییە وانییە. نواندن وەکو باوکت باسی کرد، میوزیکژەنینیش، هەر سازیش نییە، چەند ئامێرێک دەژەنی؟ پیانۆ، درەمز، گیتار. کامیان زۆرتر لە رۆح و دڵتەوە نزیکە؟
 
تاڤێ بورهان قەرەداخی: ئەوەی لە رۆحمەوە نزیک بێت پیانۆکە و سازەکەیە، یەکەم شت سازەکە ئەوەی کە من ئێستا لە کوردستان دوورم و حەز دەکەم کوردی و کوردستان بپارێزم لە دڵما و بەردەوام بم لەسەر گۆرانیی کوردی و میوزیکی کوردی لە دڵی خۆمدا بیپارێزم و پێشانی بدەم، کولتوورەکەمان بۆ من زۆر گرنگە کە پێشانی کولتووری دیکەی بدەم.
 
رووداو: خەڵک لە تەمەنی تۆ گەنجی خۆمان هەن کە ئەوێش تاوەکو رادەیەک شتێکی خراپ نییە، چونکە حەزی میوزیک دەزانیت فراوانە و جیهانییە. هەیە لەو تەمەنە حەز دەکات شتی نزیک لە ستایلی ئێرە بڵێت، هی رۆژئاوایی بڵێت، بەڵام مرۆڤ کە گوێ لە تۆ دەگرێت هەوڵدەدەیت کوردییەکەی بە خاوێنی بهێڵیتەوە و ئێستا خۆشت باسی سازت کرد، کاتێ هاتییە ئەڵمانیا ئەمە نەگۆڕا، هەستت پێنەکرد پێویستە زۆرتر رۆژئاوایی بی؟
 
تاڤێ بورهان قەرەداخی: کە هاتمە ئێرە من بە هەلێکی زۆر چاکم زانی بتوانم لە کولتووری ئێرەش فێر بم، لە ئۆپێرا، من سێ ساڵ بە تایبەت ئۆپێرام خوێند، جاز و پۆپ. راستە ئێمە دەبێت کولتووری خۆمان بپارێزین، بەڵام باشیشە وەکو هونەرمەندێک هەر جۆرە هونەرێک بکەیت کە لە جۆرە هونەرەکانی دیکە تێبگەیت و لێی بزانیت، باشە کە لە هەموو شتێک بزانیت، لە هونەرەکەت دا و بیپارێزیت، کولتووری خۆت و دەتوانی دواتر لەگەڵ کولتوورەکانی دیکە تێکەڵیان بکەی.
 
رووداو: دەڵێی گۆرانی بە پێنج زمان دەڵێم، ئێستا دەزانم بڵێم کامە ئەڵێی بە خودا کوردی، بەس پاش کوردی؟
 
بورهان قەرەداخی: پێش ئەوە تاڤێ بەهرەیەکی دیکەی تێدایە و ئاشکرای نەکردووە، یەک کتێبێکی شیعریشی بە زمانی ئینگلیزی بەم زووانە ئامادەیە و بڵاودەبێتەوە.
 
رووداو: کاک گۆران دەبینم زۆر زۆر بایەخی پێدەدەیت، بەڕاستی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش سەیرم کرد زۆر پێت گرنگە تاڤێ سەرکەوێ، لە نەخۆشخانەیە گۆرانی دەڵێت و بڵاوی دەکەیەوە، لە خۆشیدا، لە ئاهەنگێکی گەورە بڵاوی دەکەیەوە. وەکو باوکێک زۆر کەس هەیە، رەنگە باوک بێت، پێی خۆش نەبێ کچەکەی گۆرانی بڵێت، کچم واز لەوە بێنە خەریکی خوێندنەکەی خۆت بە، چی بەوانە دەڵێت؟
 
بورهان قەرەداخی: ئەگەر ئێمە بمانەوێ کۆمەڵگەکەمان پێشبخەین ئەوەی کە بەهرەی هەیە پێویستە بیخەینە پێش خۆمان، من پێویستە ئەو دەرگایە بۆ تافی بکەمەوە، بە پەروەردەیەکی تەندروست و تەنیا دەنگی بۆ من نییە، دەنگی نەتەوەیەکە، دەنگی ئازاری نەتەوەیەکە، دەنگی ئەنفالە، دەنگی کیمیابارانە، دەنگی نەتەوەیەکە کە پڕە لە تراژیدیا، بۆیە من پێویستە بەرگری لە تاڤێ بکەم و تاڤێ دروست ببێت و پاڵپشتی بم، تاڤێ خۆی دەبێت بەم شێوە تەندروستە گەورە بێت ئێمە کۆمەڵگەیەکین زۆر ئازارمان بینیوە و ئێمە کۆمەڵگەیەکین زۆر شتی جوانمان هەیە، گۆرانی هونەری گۆرانیمان فرەڕەنگە، ئەم فرەڕەنگییە ئەکرێ لە دیموکراسییەتماندا، لە سیاسەتماندا، لە خواردنماندا، لە کۆمەڵایەتیبوونماندا، لە هونەرەکەماندا رەنگبداتەوە.
 
رووداو: جا شتێکت باس کرد ئەمە زۆر گرنگە، ئێستا ئیش لەسەر کتێبێکی تازە و پرۆژەیەکی تازە دەکات، حەز دەکەم بە مافی باوکت نەخۆین، چونکە خەریکە کاتی بەرنامەکە تەواو دەبێت و هەر باسی تۆ بێت. ئەو کتێبە ئەگەر بتوانی بە کورتی بۆم باس بکەی چییە و بۆچی پێت وایە گرنگە بۆ کورد و مێژووی هونەری کوردی؟
 
بورهان قەرەداخی: بە راستی ئەو کتێبە دەتوانین بڵێین بووکە بە بارانێ و یان بووکەڵەی بووکە بە بارانێ و شانۆی بووکەڵەیە. دەتوانم بڵێم ئەمە یەکێکە لەو کتێبانەیە کە گرنگی بە کەلەپووری کوردی دەدا، کەلەپوورێک کە خەریکە لەبیر دەچێتەوە، کەلەپوورێک خەریکە تۆزی لەسەر دەنیشێ و لەبیری دەکەین، بووکە بە بارانە یەکێکە لە بووکەڵە هەرە کوردییەکان کە هیچ نەتەوەیەکی نزیکمان نییە و دراوسێمان نییە هی خۆمانە و پێویستە ئەمە ئێمە ئەم بووکەڵانەمان هەیە، بۆ نموونە سرووتی بووکە بە بارانە بۆخۆی شانۆیی دەکات، منداڵەکان بووکەڵەیەکی کچانە دروست دەکەن و بە گوندەکە دەڕۆن و دەڵێن هەیاران و مەیاران و داوا دەکەن باران ببارێ و قات و قڕی نەمێنێ و باسی ژیان دۆستی و ژیان سرووشتییە یان شتێکی سرووشتییە، لێرەوە من ئیشم لەسەر ئەم بووکەڵە کوردییە و لەسەر بووکەڵەی بێل بێلاڤا لەسەر باوە نەورۆز لەسەر بووکەڵەی کۆچە بەبا کردووە کە ئەمانە بنچینەی بووکەڵەی کوردین یا بووکەڵەی داهۆڵ کە خۆت دەزانن بێگومان ئەو بووکەڵانەی کە نمایشیان پێکراوە بەسەر کاری هونەرییان پێکراوە، ئەمانە ئەم بووکەڵانەن کەدروستکراوی کوردن و کەلەپووری کوردن، بۆیە ئێمە توانیمان لە فۆرمی شانۆی بووکەڵە فێستیڤاڵی بۆ دروست بکەین و شانۆی بووکەڵە بەهێز بکەین، هەموو فۆرمەکانی شانۆی بووکەڵە لە بووکەڵەی دەستکێش لە بووکەڵەی دەستوودار ماریۆنێت، لە بووکەڵەی سێبەر و بووکە دارینە، بووکەڵەی مێخەم و ئەمانە دەتوانین ئیشی لەسەر بکەین، فێستیڤاڵێک دروست بکەین و ئەم سرووتە کوردییە جوانەی بووکە بە بارانێ لەناو کورددا جێگیر بکەین و لە یونسکۆ داوا بکەین وەکو سرووتێک کە بمێنێتەوە، چۆن نەورۆز ئێستا یونسکۆ دەیپاریزێ و دەڵێت ئەمە بابەتێکی میللییە، بووکەڵەی بووکە بە بارانێش جێگیر بکەین. نەتەوەکانی دیکە لە دەورووبەری ئێمە زۆربەیان بە باشی سوودیان لێ وەرگرتووە.
 
رووداو: بە تەواوەتی بۆ منداڵان بۆ ئەوەی زمانەکەیان، کولتوورەکەیان، مێژوو و رابردووی خۆیان وا بکەن بمێنێت لەسەر دەستی ئەو نەوەیەی کە دێت، ئەوەی  بەڕێزت باسی دەکەیت پرۆژەیەکی نەتەوەیی زۆر زۆر گەورەیە، کەی بڵاو دەبێتەوە؟
 
بورهان قەرەداخی: کتێبەکە وەکو کتێب وەکو نووسین تەواو بووە. پێویستی بە دیزاینێکی باشە و دەزگایەکیشی بۆ بدۆزینەوە، بە ژمارەیەکی زۆرم کتێبە پێویستی بە چاپ بگەیێندرێت، راستە من ئەگەر خۆم چاپی کەم لەوانەیە هەزار دانە چاپ بکەم یا دەزگایەکی بچکۆلە هەزار دانەیەک، بەڵام ئەم کتێبە پێویستە بە هەمووان بگات، لە رۆژهەڵات تاوەکو باکوور، هەتا رۆژئاوا و باشوور، هەمووان پێیان بگات و بە تایبەتی بۆ باخچەکان، زۆر ئیشم لەسەر شانۆی باخچەکان کردووە.
 
رووداو: بورهان قەرەداخی نووسەر و شانۆکار تاڤێ بورهان گۆرانیبێژ خودا بۆ یەکدیتان بهێڵێ، خودا بۆ ئێمە و هونەری کوردی بتانهێڵێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە