یوسف جەربووع: ئەگەر سوورییەکان کۆدەنگ بن لەسەر فیدراڵی ئێمەش لەگەڵیانداین

26-03-2025
دڵخواز محەممەد
شێخ یوسف جەربووع، کەسایەتی ئایینی دیاری دروزییەکان لە پارێزگای سوەیدای سووریا (لای راست) و پەیامنێری رووداو.
شێخ یوسف جەربووع، کەسایەتی ئایینی دیاری دروزییەکان لە پارێزگای سوەیدای سووریا (لای راست) و پەیامنێری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا، شێخ یوسف جەربووع، کەسایەتی ئایینی دیاری پارێزگای سوەیدا و درووزەکانی سووریا، رەخنە لە راگەیاندنی دەستووری نوێی سووریا (دەستووری کاتی) دەگرێت و دەڵێت ئەو دەستوورە ناتوانێ خواستەکانی گەلی سووریا بەدیبێنێت.
 
جەربووع کە رۆژی 19ی ئاداری 2025 لە سوەیدا قسەی بۆ رووداو کرد، ئاماژەی بۆ چەندین خاڵی لاوازی دەستوورەکە کرد، لەوانە بەندەکانی پەیوەست بە فیقهی ئیسلامی کە پێیوایە پشتبەستن بە یەک دوو زانای دیاریکراو دەرگا بۆ تووندڕۆیی دەکاتەوە. هەروەها رەخنە لە هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران و دانی دەسەڵاتی زیاتر بە سەرۆککۆمار دەگرێت.
 
جەربووع دەڵێ ئەوان لەو باوەڕدان دەبێ هەموو گەلی سووریا بڕیار لەسەر سیستمی سیاسی سووریا بدەن "واتە ئەگەر کۆدەنگی لەسەر ناناوەندێتی هەبێت، ئێمە لەگەڵ ناناوەندێتین، ئەگەر کۆدەنگی لەسەر فیدراڵی هەبێت ئێمە لەگەڵ فیدراڵین".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سڵاوت لێبێت شێخ، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. ئەگەر باسی راگەیاندنی دەستووری بکەین، چۆنت بینی، ئایا ئەم راگەیاندنە دەستوورییە خواستەکانی گەلی سووریا دەهێنێتەدی؟
 
یوسف جەربووع: بەناوی خودای گەورە و میهرەبان، سڵاو لە گەورەی پێغەمبەران. لە راستی دا ئەو راگەیاندنە دەستوورییە خواستەکانی گەلی سووریا بەدی ناهێنێت. چەندین خاڵی لاوازی تێدایە، دیارە خاڵی بەهێزیشی هەیە، بەڵام خاڵە لاوازەکانی خاڵی زۆر بنەڕەتین. راگەیاندنە دەستوورییەکە وادەردەکەوێت وەکو ئەوەی بەرەو دەوڵەتێک بچین کە هاوبەشیی تێدا نییە. دەترسێین روانگەیەکی تووندئاژۆیانە لەم راگەیاندنە دەستوورییەدا هەبێت. هیوادارین ئەم راگەیاندنە دەستوورییە شیاوی هەموارکردن بێت. بێگومانیش هەر دەبێت وابێت، بەهەرحاڵ ئەمە رەشنووسی دەستوورە و دەکرێت هەموار بکرێت و خاڵە لاوازەکانی چارەسەر بکرێن. لەراستی دا نازانم حکومەتی ئێستا چۆن دەڕوانێتە چۆنیەتی هەموارکردنی دەستوور بەوجۆرەی کە لەگەڵ خواستەکانی گەلی سووریا بسازێت، چونکە ئێمە دەمانەوێت دەستوورێکی کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریابێت، ئازادی و شکۆمەندی و سەربەخۆیی دەوڵەتی سووریا بەدیبهێنێت، واتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە دووربێت لە هەر هەژموونێکی نێودەوڵەتی و دەرەکی، هەروەها مافی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئازادییەکانی هاووڵاتییان بەگشتی بپارێزێت. دەستوورێک کە نوێنەرایەتی گەلی سووریا بکات بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
 
رووداو: ئایا هیچ کەسێک لە سوەیدا لە لێژنەی داڕشتنی دەستووردابوو؟
 
یوسف جەربووع: پێموانییە، هەر لە سەرەتاوە داوا لە ئێمە نەکراوە کەسێک پێشنیاز بکەین بۆ لێژنەی دەستوور، نەمزانیوە کەسێک لە پارێزگای سوەیدا لەنێو ئەو لێژنەیەدا بووبێت.
 
رووداو: ئەو بەندانەی کە لە دەستووردا هاتوون، کامەیان بەدڵی تۆ نەبوون، یان پێویستیان بە گۆڕینە؟
 
یوسف جەربووع: بێگومان لە پلەی یەکەمدا ئەو خاڵەی کە دەڵێت ئایینی دەوڵەت ئیسلامە، ئایینی سەرەکیی دەوڵەت ئیسلامە، ئێمە هیچ ناڕەزاییەکمان لەسەر ئەوە نییە، بەڵام چوونە نێو فیقهی ئیسلامی دەرگا بۆ ئیجتیهادی فیقهی دەکاتەوە، ئیجتیهادی فیقهی وەکو من لە یەکێک لە کەناڵەکاندا گوتم، لەوانەیە بمانبات بەرەو فیقهی ئیبن تەیمییە، یان فیقهی محەممەد بن عەبدولوەهاب کە فیقهێکی تووندڕەوە و ئەوانی دیکە قبووڵ ناکات. ئەمە بەڕاستی دەمانخاتە نێو ململانێوە، چ ململانێی تایفی بێت یان ململانێی مەزهەبی لەسەر ئیجتیهادی فیقهی. بە بڕوای ئێمە، دەستووری مەدەنی کە ئازادی هەموو هاووڵاتییانی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەستەبەر دەکات، ئەوەیە کە مافەکانی گەلی سووریا گەرەنتی دەکات.
 
رووداو: ئەم دەستوورە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت، ئەگەر بەندەکانی دەستوور نەگۆڕدرێن، ئایا بەشداری لە حکومەتی نوێ دا دەکەن؟
 
یوسف جەربووع: پێموانییە بەم مەرجانەوە بتوانین بەشداری بکەین. شتێکی دیکەش هەیە کە تێبینی لەسەرە، ئەویش ئەوەیە کە وڵاتینامەی سەرۆککۆمار لەبەرچاو نەگیراوە. پێشتر یەکێک لە مەرجەکان ئەوەبوو دەبێ عەرەبی سووری بێت بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ ئەوکاتەی خۆی بەربژێر دەکات، ئەمڕۆ ئەم بەندە لە راگەیاندنە دەستوورییەکەدا لەبەرچاو نەگیراوە. شتێکی دیکە کە تێبینیمان لەسەری هەیە، هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانە و دانی دەسەڵاتی زیاترە بە سەرۆک کۆمار، هەروەها ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی یان ئەنجوومەنی نەتەوەیی کە پێکهاتووە، لە شەش یان حەوت کەسایەتی لە سەرکردەکان پێکدێت بە سەرۆکایەتی بەڕێز شەرع، ئەم کارە وەرگرتنی بڕیاری لە یەک گرووپ و یەک رەنگدا قەتیس کردووە. بڕیار لەسەر دەوڵەتی سووریای داهاتوو کە هیوادارین ببێتە دەوڵەتی کۆکەرەوەی هەموو سوورییەکان، تەنیا لە یەک رەنگدا قەتیس کراوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێمە پێمانوایە دەبێت هاوبەشی لە بڕیاردا هەبێت. باسی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە، بەڵام لێپێچینەوە لە دەسەڵاتەکان نییە، ئەگەر وەزیرێکی دیاریکراو هەبێت، تەنیا لەلایەن سەرۆککۆمارەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت و ناکرێت لەلایەن ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان)ەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت. هەروەها نازانین ئەم جیاکردنەوەیە چەند باشە بۆ قۆناخی داهاتوو کە دەسەڵاتی رەها بدەینە وەزیرەکان یان بەرپرسانی حکومەت بەبێ لێپێچینەوە. یەکێکی دیکە لە شتەکان کە پرسیاری زۆری لەسەرە، ئەنجوومەنی گەلە کە سێیەکی بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە و دوو لەسەر سێی خۆیان بەربژێر دەکەن، ئەمەش مافی هاووڵاتیانی لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بۆ ئەنجوومەنی گەل کەم کردووەتەوە. بەگشتی پێموایە لە هەموو دەوڵەتانی جیهان دا، ئەنجوومەنی گەل یان پەرلەمان نوێنەری هاووڵاتیانە لە ناوچەکان دا، لە سووریا و لە دەرەوەی سووریا دەنگی گەل دەگەیێننە حکومەت و چاودێریی کاری حکومەت دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی لە خزمەتی هاووڵاتیدان، لە خزمەتی وڵات و هاووڵاتی بە تەنیا هەر هاووڵاتی نا. چونکە وڵاتیش مافی بەسەرمانەوە هەیە و دەبێت پابەندی بین. تاکڕۆیی لە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل دا پێموانییە خزمەتی قۆناخی داهاتوو بکات. هەڵبژاردنی تەنانەت سێیەکیش، ئێمە ئەم سێیەکە بە پەکخەر دەزانین، چونکە هەر بڕیارێک لە داهاتوودا بۆ خزمەتی هاووڵاتییان ئەگەر سێیەکی دووەم رازی نەبێت، ئەوا بڕیارەکە پەکدەخرێت. ئەمەش دەروازەیەکە بۆ شکست کە من وەکو خاڵێکی لاوازی دەستوورەکە دەیبینم.
 
رووداو: ئەگەر باسی داواکارییەکانی خەڵکی سوەیدا و شێخەکانی بکەین، دەتانەوێ سیاسەتی دەوڵەت لەسەر چ بنەمایەک بێت، ناناوەندێتی؟ 
 
یوسف جەربووع: لەڕاستیدا داواکارییەکانمان هاوتەریبن لەگەڵ داواکارییەکانی گەلی سووریا. ئەوەی کە خزمەت بە قۆناخەکە و خزمەت بە هەموو نەوەکانی دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتەکەمان دەکات، پێموایە لە چوارچێوەی پارێزگای سوەیداشدا سازانی لەسەرە. واتا ئێمە هیچ خواستێک یان ئاراستەیەکی جیاوازمان لە ئاراستەی گەلی سووریا نییە. میکانیزمی سیاسی یان میکانیزمی داهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە رووی سیاسییەوە بە ناناوەندی و فیدراڵی، پێموایە دەبێت رەزامەندی لەسەر بێت لە ئاستی هەموو هاووڵاتییان و پارێزگاکان بەگشتی. ئەگەر کۆدەنگی هەبێت لەسەرئەوەی کە لەم قۆناخەی داهاتوودا ئیدارەیەکی نا ناوەندی یان ناوەندی بێت، یان ئیدارەیەکی فیدراڵی یان ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆم، دەبێت رەزامەندی گشتی لەسەربێت. ئێمە لە پارێزگای سوەیدا ناتوانین دۆخێکی سیاسیی دیاریکراو پەیڕەو بکەین جیاواز لە پارێزگاکانی دیکە.
 
رووداو: کە باسی ناناوەندێتی دەکەین باسی ناناوەندێتی بۆ تەواوی سووریا دەکەین نە تەنیا بۆ ناوچەیەک یان جوگرافیایەکی دیاریکراو، زۆر جار لێدوان لە سوەیداوە دەرچوون کە داوای ناناوەندێتی دەکەن، تەنانەت لە ناوچەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاش داوا دەکەن کە شێوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ناناوەندێتی بێت تاوەکو مافی کەمینەکان و پێکهاتەکان بپارێزێ، ئەمەش مانای جیابوونەوە نییە؟
 
یوسف جەربووع: بێگومان ناناوەندێتی شێوازێکە لە شێوازەکانی حوکمڕانی، ئەوەش بێگومان مانای جیابوونەوە نییە. ئێمە هیچ ناڕەزاییەکمان لە ناناوەندێتی یان شێوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نییە، بەڵام داوامان ئەوەیە کە ئەم ئاراستە نوێیە لە قۆناخی سیاسی داهاتوودا کۆدەنگی هەموو رۆڵەکانی گەلی سووریای لەسەربێت، واتە ئەگەر کۆدەنگی لەسەر ناناوەندێتی هەبێت، ئێمە لەگەڵ ناناوەندێتین، ئەگەر کۆدەنگی لەسەر فیدراڵی هەبێت ئێمە لەگەڵ فیدراڵین. بێگومان ئەمە بۆچوونی تایبەتی منە، بەڵام پێموایە زۆرینەی خەڵکی پارێزگای سوەیدا هاوڕان لەگەڵ ئەم بۆچوونە.
 
رووداو: ئەگەر باسی ئەنجوومەنی سەربازی لە سوێدا بکەین، تائێستا چەکتان رادەست نەکردووە، ئەو هۆکارانە چین کە وایان لێکردوون چەک رادەست نەکەن؟
 
یوسف جەربووع: ئێمە لە ماوەی رابردوودا هێرشمان کراوەتە سەر کاتێک پارێزگاکە کرایە ئامانجی هێرشی تووندڕۆیانە و تیرۆریستی لەلایەن چەندین گرووپەوە و زیانی زۆری گیانی و ماڵیمان بەرکەوت. ئەمڕۆ ترسمان لە قۆناخی داهاتوو هەیە، هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناخی متمانەی تەواو. کاتێک دەوڵەت بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو بەشەکانی سووریادا بسەپێنێت بە پارێزگای سوەیداشەوە و ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، بێگومان ئەمە بەرپرسیارێتی دەوڵەتە، ئەوکات پێویستیمان بە چەک نامێنێت. ئێستا جارێ نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە. چەکی ئێمە بەڕووی دەوڵەت دا بەرز نابێتەوە و بەڕووی هیچ کەس دا بەرز ناکرێتەوە، بەڵکو بۆ بەرگریکردنە لە خاک و شەرەف، بۆ بەرگریکردنە لە خۆمان. قۆناخی داهاتوو رێکخستنی میکانیزمی گرووپە چەکدارەکانی سەر زەوی و میکانیزمی هاوکارییان لەگەڵ دەوڵەتە، ئەمە سەرەتای قۆناخی رێکخستنی دۆخی چەکە. لەوانەیە چەک بگاتە قۆناخێک کە پشتیوان بە خودا ئەوەش دوور نییە، ئیدی کارمان بەم بێسەروبەرییەی چەک نەمێنێ و کارەکان بگەڕێنەوە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت.
 
رووداو: ئەگەر باسی هەڵوێستی دەرەکی بکەین و بە دیاریکراوی باسی هەڵوێستی ئیسرائیل بکەین، چۆن وەڵامی ئەوە دەدەنەوە؟
 
یوسف جەربووع: لەم دواییانەدا زۆر باس لەوە کرا کە ئیسرائیل گەرەنتی ئاسایشی پارێزگاکە و ئاسایشی درووزەکان دەکات و شتی لەو بابەتە، پێموایە ئەمە دۆخێکی سیاسییە و لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی بە دەوروبەر بڵێن ئێمە وەک درووزی داوای جیابوونەوە دەکەین، لە کاتێکدا ئێمە بەڕاستی داوای جیابوونەوە ناکەین. ئەم داوایە لەلایەن ئێمەوە نەکراوە، ئێمە لە سووریاوە داوامان لە ئیسرائیل نەکردووە بێت بۆ پاراستنمان. لە رابردوودا گوتوومانە پارێزەر بە پلەی یەکەم خودای پەروەردگارە، راهاتووین کە بە خۆمان ، خۆمان بپارێزین بەبێ پێویستی بە دەستتێوەردانی دەرەکی. بارودۆخی سیاسی ئێستای ناوچەکە و دەستتێوەردانی وڵاتانی زلهێز و هەرێمی لە سیاسەتی ناوخۆی سووریا خۆی سەپاندووە. ئەمڕۆ هەوڵدەدەین پشت بە خۆمان ببەستین بە هەموو توانایەکەوە. ئەوەی لە دەرەوە دێت لە چوارچێوەی پلانی نێودەوڵەتی دا، لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمەیە، ئێمە داوای پارێزگاریمان لە کەس نەکردووە و لە داهاتووش دا نایکەین.
 
رووداو: لێدوانەکانی سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع کە دەڵێت پێویستە سووریا وڵاتێکی هاوبەش بێت و هەموو ئەو تایفانە لەخۆ بگرێت کە لە سووریادا هەن، چ لە دیالۆگەکاندا یاخود لە دامەزراندنی حکومەتی نوێ دا، ئایا راتان وەرگیراوە لەبارەی بەشداریکردن لە حکومەت یاخود داڕشتنی دەستوور؟
 
یوسف جەربووع: وەکو باست کرد برای بەڕێزم، گوتاری حکومەتی سووریا و لە سەرووی هەمووانەوە بەڕێز شەرع گوتارێکی باش و ئەرێنییە، وێنەیەکی باش بۆ هاووڵاتی سووری دەگوازێتەوە، بەتایبەت لە پارێزگای سوەیدا، کە دەوڵەت هاوکارە و هەموو شتێکی باش پێشکێش دەکات بۆ بنیاتنانەوەی سووریا تاوەکو ببێتەوە بە دەوڵەتێکی پێشکەوتووی شارستانی. سەبارەت بە بەشداریکردن لە دەستوور یان لە حکومەت دا، هیوامان هەیە. پەیوەندی لەگەڵ من بە تایبەتی نەکراوە، نازانم ئایا پەیوەندی لەگەڵ شێخەکانی دیکە یان بەرپرسەکانی دیکە کراوە یان نا. کۆمەڵێک گەنجی سیاسی لێرە کە لە رابردوودا لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا بوون، پێموایە کەناڵێک لە نێوان ئەوان و حکومەتی ئێستا هەیە، لەوانەیە هاوئاهەنگی هەبێت، ئەمە گریمانەیە و هیچ زانیارییەکم لەوبارەیەوە نییە. هیوادارین بەشداریمان لە قۆناخی داهاتوو و لە حکومەتی نوێ دا هەبێت.
 
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ کورد لە ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەردا چۆنە، پەیوەندی لە نێوانتان دا هەیە؟
 
یوسف جەربووع: دەزانم پەیوەندی هەیە لە نێوان خەڵکی ناوچە کوردییەکان و پارێزگای سوەیدا و ئەوەش پەیوەندییەکی باشە. لە رابردوودا بە قەیران دا تێپەڕیوین، بەتایبەت لەکاتی رفاندنی ژنان دوای هێرشی داعش، هاوکارییەکی زۆری خەڵکی ناوچە کوردییەکان هەبوو، پێشنیازی زۆریان پێشکێش کرد بۆ یارمەتیدانمان بۆ ئازادکردنیان لەوکاتەی لای داعش بوون. پێشنیازی ئاڵوگۆڕمان لە خەڵکی ناوچە کوردییەکانەوە بۆ کرا بۆ ئازادکردنی سەرکردە گەورەکانی داعش کە لەلای هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون، لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان، واتە ئەو ژنانەی لەکاتی هێرشی ساڵی 2018 بۆ سەر سوەیدا رفێندران. هاوئاهەنگییەکی باشمان لەگەڵ کورد هەیە، هاوئاهەنگی لەنێوانماندا هەیە لەبارەی تێڕوانینمان بۆ زۆر لە بابەتەکانی پەیوەست بە دۆخی سیاسی و دۆخی داهاتووی سووریا و قۆناخی داهاتووی سووریا، پێمانوایە هاوئاهەنگی و هاوڕایی لە داواکاری و هەوڵەکاندا، لە نێوان ئێمە و دۆستانی کوردمان هەیە.
 
رووداو: لەبارەی رێککەوتنی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع، بۆچوونتان لەبارەی ئەو رێککەوتنە چۆن بوو؟
 
یوسف جەربووع: لەڕاستیدا زۆر دڵخۆش بووین بەو رێککەوتنە، سەرەڕای ئاگادارنەبوونمان لە هەموو وردەکارییەکانی، بەڵام لەڕووی بنەماییەوە سەرەتایەک بوو بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگەی سووری بە هەموو ناوچە و رەنگەکانییەوە. قسە هەبوو لەسەر هۆیەکانی پەیوەندی و ترس لە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان دەوڵەتی سووریای نوێ و هێزەکانی سووریای دیموکرات و برایانی کوردمان، بێگومان ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی ناوچەکە تووشی کارەسات ببێت. ئەم رێککەوتنە تارمایی شەڕی لە ناوچەکە و لە برا کوردەکانمان دوورخستەوە. بێگومان ئەوان دەتوانن بڕیار بدەن لەسەر رادەی سوودمەندبوونیان یان رادەی رەزامەندییان لەو رێککەوتنە، بەڵام بەگشتی لە روانگە و بۆچوونی منەوە، رێککەوتنەکە باشە و هەنگاوێکی باشە بۆ داهاتوو.
 
رووداو: داواکارییەکانی خەڵکی سوەیدا لە حکومەتی سووریا چین، گرنگترین ئەو خاڵانە چین کە لە حکومەت داوای دەکەن؟
 
یوسف جەربووع: ئێمە ئەمڕۆ کێشەی ئەوەمان هەیە کە دەسەڵاتی دەوڵەت لە گۆڕەپانەکەدا نابینین. بۆشایی هەیە، بێسەروبەری هەیە، نەبوونی فەرمانگەی فەرمی، هەندێک لە فەرمانگەکان لە ئاستێکی زۆر لاوازدا کار دەکەن. بۆ نموونە زۆر لە فەرمانگەکان کارا نین، وەکو بەڕێوەبەرایەتی دادگەکان، زۆر لە دادگەکان بوونیان نییە، دادوەری ئەمڕۆ لایەنێکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتی، فەرمانگەی باری کەسیی کارا نییە، هاوسەرگیرییەکان تۆمار ناکرێن، لەدایکبوونەکان تۆمارناکرێن، لەدایکبووانی سێ مانگی رابردوو بە شێوەیەکی فەرمی تۆمار نەکراون لەلای دەوڵەت، دەرکردنی پاسپۆرت و ناسنامەی کەسی کۆسپی لەبەردەمدایە و هێشتا نەکراوە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش نەبوونی دەوڵەتە لە پارێزگای سوەیدا. ئێمە داوامان کردووە و بەردەوامیش داوا دەکەین دەسەڵاتی دەوڵەت بگەڕێتەوە بۆ پارێزگاکە. بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لێکتێگەیشتنی سەرەتایی هەبوو، لە سەرەتادا رەزامەندی لەسەر بوو، بەڵام هەندێک ناکۆکی پەیدابوون. هیوادارین ئەم ناکۆکییانە بەم نزیکانە نەمێنن و دەوڵەت بگەڕێتەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لەسەر خاکی سووریا.
 
رووداو: ئایا ئەو داواکارییانە داواکاری خزمەتگوزاری بوون یاخود سیاسی؟
 
یوسف جەربووع: دەمانەوێت رۆڵمان لە یاساداناندا هەبێت، هەروەها داوامان کردووە رۆڵ و بۆچوونمان لە داڕشتنی دەستووردا هەبێت، لە حکومەتی داهاتوودا وەکو پێکهاتەیەک بەشداری بکەین و نوێنەرایەتییەکی شایستەمان لەسەر ئاستی سووریا هەبێ.
 
رووداو: زۆر سوپاس.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە