رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرمیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خێرسۆن لە ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، بارودۆخی خێرسۆن ئاڵۆزە و نزیکەی هەموو دوو خولەک جارێک لە ناوچەیەکی خێرسۆن گوێت لە تەقینەوە دەبێت، ئەوەش نە شەو نە رۆژ ناوەستێت.
ئەو فەرماندە سەربازییە ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی هێرشەکانی رووسیا بە درۆنن و "خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج."
لەبارەی خۆپاراستنیان لە هێرشەکانی رووسیا، ئەلێکساندەر تۆلیکۆنیکۆڤ دەڵێت: سیستمێکی تایبەتیان بۆ دیاریکردن و لێدان لە درۆنەکان دروستکردووە، هەرچەندە کارێکی سەختە، بەڵام توانیویانە نزیکەی 80٪ـی درۆنەکان پەکبخەن. ئێستاش کار لەسەر ئەو 20٪ـە دەکەن کە ماوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئەلێکساندەر تۆلیکۆنیکۆڤ، گوتەبێژی فەرمیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خێرسۆن لە ئۆکراینا، سڵاو لە بەڕێزت، ئەم کاتەت باش، ئێستا کە من قسە لەگەڵ بەڕێزت دەکەم، بە شێوەیەکی گشتی دۆخی خێرسۆن لە ئۆکراینا چۆنە؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: بارودۆخی خێرسۆن ئاڵۆزە، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵدایە. ئێمە نزیکەی دوو ساڵ و نیوە لەژێر هێرشی داگیرکەرانی رووسیاداین. لە کەناری چەپەوە، رووسەکان بە چەندین جۆر چەک هێرشمان دەکەنە سەر. هەموو ئەو چەکانەی کە هەیانە، بەکاریان دەهێنن دژی خێرسۆن و ناوچەی کەناری، کەناری راستی خێرسۆن. ئەمە درۆنە، تۆپخانە، هاوەن، تانک، سیستەمی مووشەکبارانی بەکۆمەڵ، هەروەها شاهێد، درۆنی جۆری شاهێد، گوللـەی گەڕۆک کە پێیان دەڵێن، هەروەها مووشەکیش بەکاردەهێنن. ئێمە ژماردمان کە نزیکەی هەموو دوو خولەک جارێک خێرسۆن گوێی لە تەقینەوە دەبێت، بێوەستان، نە رۆژ و نە شەو، ئەم هێرشانە ناوەستن، هەروەها رووسەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن داگیری ئەو دوورگانە بکەن یان کەناری راست، بەڵام ئێمە لێرە پاسەوانی ئەم کەنارە دەکەین و بە چالاکی هێرشەکانیان تێک دەشکێنین.
ئەگەر باسی گۆڕانی تاکتیکی ڕووسەکان بکەین، لە مانگی ئابەوە گۆڕانی تاکتیکیان بەرەو بەکارهێنانی دڕۆن دەستی پێکردووە، ئەمانە دڕۆنەکانی ڤی پی ڤی و دڕۆنی جۆری ماڤی-ن. دڕۆنەکانی ڤی پی ڤی، دڕۆنی خۆکوژن کە دێن و ئامانجەکانی ژێرخان یان گواستنەوە دەپێکن. ماڤیکەکانیش لە بەرزاییەوە تەقەمەنی بەسەر خەڵکدا دەبارێنن. لە ئەنجامدا تەنها لە مانگی ڕابردوودا، لە فێبریوەریدا، 100 کەس زیانیان پێکەوتووە، لە نێویاندا 10 کوژراو و 90 بریندار، هەروەها دوو منداڵیش لە نێویاندان. ئەم هێرشانەش بەردەوامن. ئەگەر باسی هەفتەی ڕابردوو بکەین، تەنها 2200 هێرشی دڕۆن لەلایەن رووسەکانەوە لە کەناری چەپەوە بۆ سەر کەناری راست ئەنجام دراون. لەوانە 1600 یان لەلایەن بەرگریکارەکانمانەوە بە سیستەمی دژەدرۆن و تفەنگی دژەدرۆن خراونەتە خوارەوە. بارودۆخەکەمان ئاوایە.
رووداو: بەڵێ بەڕێز تۆلیکۆنیکۆڤ، ئەو ناوچانەی کە لە خێرسۆن بۆردوومان دەکرێت لە لایەن رووسیاوە شوێنی خەڵکی سڤیلە؟ یان ئێستاش خەڵکی سڤیلی لێیە ئەو ناوچانە کە بۆردوومانەکان بەردەوامە؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: بەڵێ، دیارە. زۆربەی قوربانییەکان هاووڵاتییانی مەدەنین. رووسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیاندا بڵاویان کردووەتەوە کە لە کەناری راست هێرشی هەموو ئەوانە دەکەن کە لە ناوچەی کەناری 20 کیلۆمەتریدان. بەمەش پاساو دەدەنە هێرشەکانیان. زۆربەی هێرشەکانیش بە درۆنن. ئەوان هێرشی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەن کە لە شەقامن، پاسەکان کە لە جووڵەدان، تاکسییە گشتییەکان. هەروەها دامەزراوە پزیشکییەکان، گواستنەوەی پزیشکی، فریاکەوتن، پۆلیس. زۆربەی کات هێرشی مەدەنییەکان دەکەن، ژێرخانی مەدەنی و هاووڵاتییان - منداڵان، پیرەژنان. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شانازی بەوە دەکەن کە چۆن هێرشی پیرەژنێک یان پیاوێکیان کردووە کە بە پاسکیل رێگەی تێدەپەڕێت. ئەمە زۆر ترسناکە، بەڵام بەم شێوەیە ئەوان ئەو تاوانە جەنگییانە تۆمار دەکەن کە دواتر، ئێمە دڵنیاین، لە دادگەی نێودەوڵەتیدا دژی فیدراسیۆنی رووسیا بەکار دەهێنرێن.
رووداو: بەڵێ بەڕێز تۆلیکۆنیکۆڤ، ئێوە چۆن بەرگری لە خۆتان دەکەن؟ دەتوانن بەرگری لە خۆتان بکەن لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی سوپای رووسیا بۆ سەر خێرسۆن؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: بەڵێ، لەگەڵ ئیدارەی سەربازی ناوچەکە، لەگەڵ سەربازەکان، ئیدارەی سەربازی ناوچەکە سیستمێکی لەم جۆرەی دەست پێکردووە، بونیادنانی سیستمێک کە پێی دەگوترێت گومبەزی پاراستنی ئەلیکترۆنی، پاراستنی رادیۆ ئەلیکترۆنی کە لەلایەن سەربازەکانەوە دروست دەکرێت بە یارمەتی ئامێری جۆراوجۆر کە لە فریکوێنسی جیاواز درۆنەکان پەک دەخەن و، بەم شێوەیە ئێمە ئێستا دیوارێک دروست دەکەین لە کەناری چەپەوە بۆ داخستنی درۆنە رووسییەکان، ئێمە تێدەگەین کە ئەمە کارێکی زۆر سەختە، سەربازەکانیش ئەمە دەزانن، چونکە دانانی ئەو ئامێرانە دەبێت بە دووری دیاریکراو لە یەکدی بن، بەڵام هەر ئامێرێک بۆ فریکوێنسییەکی تایبەت دیزاین کراوە. ئەمە کارێکی زۆر وردە، پێویستە تێبگەین کە ئێستا رووسەکان یەک فریکوێنسی بەکاردەهێنن و ئەویش کار دەکات، واتە درۆنەکان کە دێن، ئەوان دەکەون، بەڵام لەوانەیە فریکوێنسییەکی دیکە کاریگەری نەبێت. واتە لەسەر درۆنەکانی تر کار نەکات. بۆیە رووسەکان بەردەوام فریکوێنسییەکان دەگۆڕن، ئێمەش بەردەوام ئامێرەکان دەگۆڕین یان شوێنەکانیان دەگۆڕین، ئەمە جەنگێکی تەکنەلۆژی بەردەوامە و، بەم شێوەیە ئێمە توانیومانە رێژەی داخستنی درۆنەکان بگەیێنینە 80٪، بەڵام بەردەوام دەبین لە کارکردن تاوەکو ئەو 20٪ـەی ماوە، بخەینە خوارەوە. جگە لەمە، ئێمە بە تفەنگی دژە درۆن کار دەکەین، تەنانەت بە چەکی دەستی بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانە.
رووداو: کەواتە بەڕێز تۆلیکۆنیکۆڤ، سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکان لێت بپرسم، تاوەکو ئێستا کە ئێمە قسە دەکەین، چەند وڵاتی ئەورووپا هاوکاریی سەربازیتان پێدەگەیەنن؟ هاوکارییەکان بەردەوامن؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: هەموو ئەورووپا یارمەتیمان دەدات. ئێمە ئەمە هەست پێدەکەین و، بە تایبەتی ئێمە یادداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەین لەگەڵ ئەڵمانیا، لەگەڵ دامەزراوە خێرخوازییەکان و بنیادە خێرخوازییەکانی وڵاتانی جیاواز، وەک هۆڵەندا. بەم دواییانە یاداشتێک لەگەڵ بەریتانیای مەزن واژۆ کرا. لەگەڵ ناوچەی لینکەنشایەر، لەگەڵ ئیتاڵیا، لەگەڵ ناوچەی لیگوریا. هەموو ئەم وڵاتانە دەیانەوێت یارمەتی بدەن، هەموو یەکێتی ئەورووپا. دەیانەوێت یارمەتی بدەن و یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن. هەڵبەت هەندێک وڵات هەن کە تا ئێستا دوودڵن، چونکە پشتگیری ناوخۆیی تێدایە. تێدەگەین کە زۆربەی کات ئەمە هەڵوێستی سەرکردایەتییە، نەک گەلی ئەو وڵاتە. دڵنیاین کە هەموو ئەورووپا، هەموو گەل، ئەورووپا، وەک ئەمریکا، پشتگیری ئۆکراینا دەکەن.
رووداو: بەڵێ یانی پشتگیرییەکانی ئەمریکا بەردەوامە بۆ ئۆکراینا؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: وەک دەبینین یارمەتیی سەربازی دەستی پێکردووەتەوە، هاوبەشەکانمان هەواڵی ئەمە بڵاودەکەنەوە و، ئێمە دڵنیاین کە هەموو گەل، زۆربەی گەلی ئەمریکا پشتگیری ئێمە دەکەن و تاوانەکانی فیدراسیۆنی رووسیا لە خاکی ئۆکرانیا ئیدانە دەکەن چونکە ئەمە، سەرەتا، جەنگێکە بۆ دیموکراسی دژی دیکتاتۆریەت.
رووداو: ئێوە کێشەی کەمبوونەوەی ژمارەی سەربازانتان هەبوو، ئەم کێشەیە هەر هەیە؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: زۆربەی کات ئێمە کەموکوڕیمان لە ئامێر، چەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەیە، هەروەها چەک بۆ جەنگی ئاسمانی، خستنەخوارەوەی مووشەک و بەرگری لەو فڕۆکانەی سوخۆی-4-سوخۆی-35ـی رووسی کە بەردەوام بۆمبی ئاڕاستەکراوی فڕۆکەوانی بەسەر ناوچەکانی پێشەوەی بەرەی جەنگدا دەبارێنن. ئەمە چەکێکی زۆر ترسناکە کە دەڕوات، ئەم بۆمبە ئاراستەکراوە نزیکەی 70 کیلۆمەتر دەڕوات، پاشان چەندین گەڕەک وێران دەکات بە قەبارەی جیاواز، ئەم بۆمبانە فاب-500، فاب-1000، فاب-1500، زۆر وێرانکەرن، نەخۆشخانە، باخچەی ساوایان، چەندین گەڕەکی خانووبەرە وێران دەکەن. وەها چەکێک داخستنی زەحمەتە، بۆیە پێویستە بەرگری لە دژی ئەو فڕۆکانە بکرێت کە هەڵیان دەگرن، ئەمەش لە هەموو هێڵی پێشەوەی پێکدادان، ناوچەی خێرسۆن، زاپۆرێژیا، دۆنێتسک، سومی، بۆ ئەوێش هەندێک جار بۆمب هەڵدەگرن. ئێمە دڵنیاین کە ترەمپ سەرەتا ئامانجەکانی ئۆکرانیا لەبەرچاو دەگرێت. ئێمەش دەبینین کە یارمەتیی سەربازی هەر لە ئەمریکاوە بۆ ئۆکرانیا بەردەوامە. بۆیە دڵنیاین کە ئەو سەرەتا پشتگیری ئۆکراینا دەکات. سەبارەت بە گفتوگۆکان و ئاگربەستی ئەگەری و ئەوەی پووتین بەڵێنی پێدەدات، قسەکردن لەسەر ئەوە ئەستەمە. ئێمە نایبینین لە مەیدانی جەنگدا کە بە راستی هێرشەکان کۆتاییان دێت. چونکە ئێمە، بەداخەوە، یەکەم رۆژ نییە، یەکەم ساڵیش نییە کە لەگەڵ رووسیا دەجەنگین، ئەمە هەمووی لە ساڵی 2014 دا دەستی پێکرد. لەو کاتەشدا چەندین بەیاننامەی دیکتاتۆری رووسی هەبوو دەربارەی ئاگربەست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی سەر شارەکانی پێشەوەی بەرەی جەنگ بەردەوام بوو، بۆیە باوەڕکردن بە بەڵێنەکانی ئەستەمە، ئەمە راست نییە، تەنیا بە هێز دەتوانرێت ئەم دیکتاتۆرە رابگیرێت.
رووداو: باشە سەبارەت بە خەڵکی سڤیل بەڕێز تۆلیکۆنیکۆڤ، خەڵکی سڤیل لە خێرسۆن زۆر رۆیشتوون یانی زۆربەی خێزانەکان چۆڵیان کردووە؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: ئەگەر باسی ئەم دوو ساڵە بکەین، بە فەرمی 49 هەزار کەس داوای یارمەتیان لێ کردووین، لە نێویاندا 5 هەزار منداڵ. ئەم خەڵکانە داوای چۆڵکردنیان کردووە، ئێستا لە ناوچەکەدا 143 هەزار کەس ماون. ئەمە نزیکەی 30٪ـی ئەو دانیشتووانەیە کە پێش هێرشی بەرفراوانی رووسەکان بۆ خێرسۆن لەوێ دەژیان. واتە ئێستا 30٪ی ئەو خەڵکانە دەژین کە ماونەتەوە، ئەوانیش زۆربەیان بەتەمەنن.
رووداو: خۆراک و پێویستیی رۆژانە و پێویستیی تەندروستی دەست دەکەون لە خێرسۆن؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: بەڵێ، هەموو شتێک هەیە. نەخۆشخانەکان کار دەکەن، بە باشترین شێوە پشتگیری کراون. ئێمە بەردەوام ئەمە کۆنترۆڵ دەکەین. هەروەها دەرمانخانەکان کار دەکەن، سوپەرمارکێت هەن. ئێستا بیزنسی گەورە ناگەڕێتەوە ناوچەی خێرسۆن، بەڵام ئێمە بە چالاکی کار لەسەر مین پاککردنەوە دەکەین، ئێستا 65٪ ی ناوچەی کەناری راست پاک کراوەتەوە، ئەمە 445 هەزار هێکتارە لەکۆی 683 هەزار هێکتار زەوی. ئێستا ئەم کارە بەردەوامە، چونکە خێرسۆن ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و بۆ ئێمە زۆر گرنگە کێڵگەکان پاک بکەینەوە، چونکە ئێمە ناوچەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵەین بۆ هەموو ئۆکرانیا و جیهان، تاوەکو جووتیارەکانمان بتوانن ئاستی ئابووری بەرز بکەنەوە، زۆر شت بەندە بەمەوە، بۆیە ئێمە ئامادەین بۆ ئەمە. دیارە هەموو پێویستییەکان هەن وەک کارەبا و گاز، هەڵبەت لە ناوچە کەنارییەکان 40 شارۆچکە بێ کارەبا و گازن، چونکە هێرشیان دەکرێتە سەر، رووسەکان هەموو ژێرخانەکان وێران دەکەن، بەڵام ئێمە هیوادارین کە تەنانەت لەم رۆژانی ئاگربەستەدا، ئەگەر بەڕاستی ئاگربەست هەبێت، بتوانین ئەو ناوچانە چاک بکەینەوە کە زیاتر لە دوو ساڵە، کارەبا و گازیان نییە.
رووداو: ئینجا ئاماژەت بە کارەبا دا، یانی وێستگەکانی کارەبا و وزە ئێستاش بۆردوومان دەکرێن لەلایەن سوپای رووسیاوە؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: بەڵێ، بەردەوام هێرشیان دەکرێتە سەر، بەردەوام هێرشی ترانسفۆرمەرەکان و وێستگەکانی دابەشکردنی گاز دەکرێت، هەروەها تاوەرەکانی پەیوەندی مۆبایل، بەردەوام بە درۆن هێرشیان دەکەنەسەر، بۆ ئەوەی خەڵک رێگەی پەیوەندییان نەبێت.
رووداو: سەبارەت بە ئەو خەڵکەی کە ئاوارەبوون، با ئەوەش بپرسم بەڕێز تۆلیکۆنیکۆڤ، ئەو خەڵکەی کە لە خێرسۆن رۆیشتوون و ئاوارەبوون، زیاتر چوونەتە کوێ؟
تۆلیکۆنیکۆڤ: زۆربەی خەڵک چوونەتە ئەڵمانیا و پۆڵەندا، پاشان کەمتر چوونەتە وڵاتانی سکاندیناڤیا، زۆر کەس چوونەتە وڵاتانی باڵتیک. هەروەها، دیارە، ئینگلتەرا، کەنەدا، ئیسپانیا. ئەمانە، بە گشتی، ئەو وڵاتانەن کە زۆربەی خەڵک چوونەتە ئەوێ. هەڵبەت زۆر وڵاتی تریش هەن کە ژمارەیەکی کەمتری بۆ چوونە، بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆری بۆ چووە، ئێستا لە هەموو شوێنێکی ئۆکراینا هەن.
رووداو: بەڕێز ئەلیکساندەر تۆلیکۆنیکۆڤ، گوتەبێژی فەرمیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خێرسۆن لە ئۆکراینا، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، سوپاس کە لەگەڵمان بوون.
سوپاس. سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ