رووداو هەولێر
ئوسامە رەشید، ئەستێرەی پیشەگەری هەڵبژاردەی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ یاریکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق واژۆکرد.
ئەم ئەستێرەیە لە 13ـی مانگی یەکی ساڵی 1992 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، لە هێڵی ناوەڕاست یاریدەکات و ساڵانێکی زۆرە ژیانی بردووەتە هۆڵەندا، وڵاتینامەی هۆڵەندی هەیە.
وەرزی ئەمساڵ هاتنی ئوسامە رەشید، بووە دەنگۆیەکی گەورە لەنێو میدیاکانی کوردستان و عێراق، پرسێکی گەرمی نێو هاندەرانی یانەی هەولێر هاتنی ئەو ئەستێرەیە بوو، شەوی رابردوو یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی هێنانی ئوسامە رەشیدی ئاشكراکرد.
سامان بریفکانی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە هاتنی ئەو یاریزانە سوپەرە پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ یانەکەمان و خاڵێکی گەورەی رکابەریمان دەبێت لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق".
یانەی هەولێر وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەش نەکرد، دوای گۆڕانکاری لە دەستەی کارگێڕیی یانەکە و هێنانی سەمیر بابۆی راهێنەری تیپەکە لە لێواری مەرگ رزگاری بوو، بابۆ توانی تیپەکە لە خولەکە بهێڵێتەوە و بۆ وەرزی نوێش دوای گرێبەستکردن لەگەڵ 6 یاریزانی پیشەگەر و ژمارەیەک یاریزانی ناوخۆی کوردستان و عێراق دەیەوێت رکابەرییەکی بەهێز بکات.
غەفوور عەزیز، هاندەری یانەی هەولێر، گەشبینی خۆی بەهاتنی ئەستێرەیەکی گەورەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یانەکەیان بۆ رووداو دووپاتکردەوە "دەمێک بوو خەونی ئێمە بوو تیپێکی باش ببینین، دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان و کاپتن سەمیر بابۆ کاری باشیان کردووە و هاتنی ئوسامە رەشید بە خاڵێکی گەورەی ململانێمان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەزانم، چونکە شارەزایەکی باشی لە یارییە بەهێزەکان هەن و کێشەی هێڵی ناوەڕاستمان چارەسەر دەکات".
ئوسامە رەشید، وەرزی رابردوو لە خولی پۆرتوگالی لە ریزی یانەی سانتاکلارا یاریدەکرد، ئێستا لە شاری دەوحەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لەنێو کەمپی راهێنان و ئامادەکارییە بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
بڕیارە یانەی هەولێر کۆتایی ئەم مانگە کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە تورکیا بکاتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە یانە بەهێزەکانی عێراق لە تورکیان و یانەی هەولێریش دەیەوێت چەند یارییەکی دۆستانە لەوێ ئەنجامبدات.
یانەی هەولێر دوو هەفتەیە دەستی بە ئامادەکاریکردووە، رۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا راهێنان لەنێو یاریگەی خۆی و هۆڵی لەشجوانی ئەنجامدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ