رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئاسۆ رۆستەم دەبێتە یاریزانی هەولێر و بۆ پەیوەندیکردن بە کەمپی مەشقەکانی یانەکە دەچێتە تورکیا، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی عێراق.
ئاسۆ رۆستەم، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی شورتە نەگەیشتە رێککەوتن بۆ مانەوە لە یانەکەدا، لەگەڵ یانەی هەولێر گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی بەشێوەی خواستن بۆ یەک وەرز پەیوەندی بە یانەکەوە بکات و جارێکی دیکە بەدرێسی هەولێرەوە یاریی بکات.
یانەی زەورا هەوڵی زۆری دەدا بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرە کوردەکە بکات، بەڵام یانەی شورتە ئامادەنەبوو یاریزانەکە بداتە ئەو یانەیە، بەتایبەت کە هەردووکیان رکابەری سەرەکیی یەکدین لە خولی عێراقدا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەموو وردەکارییەکانی گرێبەستی ئاسۆ رۆستەم بۆ یانەی هەولێر کۆتاییان هاتووە، یاریزانەکە بەرامبەر زیاتر لە 200 ملیۆن دینار، بۆ یەک وەرز بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هەولێرەوە دەکات.
گرێبەستکردنی یانەی هەولێر لەگەڵ ئاسۆ رۆستەم لەکاتێکدایە، یانەکە لەسەر داوای راهێنەر دەستبەرداری یونس یەعقوب، هێرشبەری عێراقی و هەڵگری وڵاتینامەی چیک بوو، بەهۆی نەبوونی توانای جەستەیی پێویست و ناڕەزایەتیی راهێنەر لە تواناکانی ئەو یاریزانە.
ئیبراهیم قادر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر بە رووداوی گوت "دوای راگەیاندنی گرێبەستی ئاسۆ رۆستەم، یاریزانەکە پەیوەندی بە کەمپی مەشقی یانەی هەولێرەوە دەکات لە تورکیا، بۆ ئەوەی خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی عێراق ئامادەبکات."
ئاسۆ رۆستەم، پێشتر لە یانەی هەولێر یارییکردووە، ئەمە جاری دووەمی دەبێت بەدرێسی ئەو یانەیە یاریی بکات.
وەرزی رابردوو هێرشبەرە کوردەکە لەگەڵ یانەی شورتە ئاستێکی باشی پێشکێشکرد، نازناوی خولی عێراقی لەگەڵ یانەکە بردەوە و بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جامی شا سەلمان کرد لە سعودیە، هەرچەند ئەحمەد سەڵاح، راهێنەری یانەکە دەیویست ئاسۆ لە یانەکە بمێنێتەوە، بەڵام یاریزانەکە رۆیشتنی هەڵبژارد و لە وەرزی نوێدا بەدرێسی هەولێرەوە یارییدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ