رووداو هەولێر
راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرایکرد، کردنەوەی کەمپی راهێنان لە تورکیا باشترین کاربوو ئەنجامیانداوە، لەبەرئەوەی یاریگەکانی هەولێر باش نین و تیپەکەی پڕ لە ئەستێرەی نویێە.
یانەی هەولێر بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی پیشەگەرانی عێراق کەمپێکی راهێنانی لە شاری ئەلانیای تورکیا کردووەتەوە، رۆشتنی یانەی هەولێر بۆ تورکیا بووە مایەی سەرنج و قسەی بەشێک لە شەقامی وەرزشی بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی دەڵێن کە هەموو یانەکانی عێراق دێنە هەولێر کەچی یانەی هەولێر چووەتە تورکیا بۆ راهێنان.
عەباس عوبێد، کە وەرزی رابردوو توانی دڵی هاندەرانی یانەکە خۆش بکات و تیپەکە لە لێواری دابەزین بۆ خولی پلەیەک بهێنێتەوە ناو رکابەری و پلەی شەشەمی خولی نایابی عێراقی وەرگرت، روونیکردەوە "یاریگەکەمان لە ژێر چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەدایە و ناتوانین راهێنانی لەنێودا بکەین، بەڕاستی لەگەڵ رێزم بۆ یانەکانی دیکە یاریگەی برایەتی و ئاڵا بە کەڵکی راهێنان نایەن و چیمەن و زەوییەکەیان هی ئەوە نین راهێنانی لەسەر بکەین، ترسام لە پێکان و ئازار گەیشتن بە یاریزانانمان".
یانەی هەولێر ژمارەیەک یاریی دۆستانە لە تورکیا دەکات، یەکەم یاری بەرامبەر یانەیەکی پلەی چواری تورکی بوو، یارییەکیشی بەرامبەر یانەی ئەمانە بەغدا ئەنجامداوە، درێس زەردەکان لە ئەنجامدان یارییە دۆستانەکان بەردەوامن.
عوبێد زیاتر گوتی "ئەو یانەیەی ئێمە یاریمان لەگەڵدا ئەنجامداوە زۆر بەهێزە و یانەکانی تورکیا بەگشتی رکابەرن هەر ئەو یانەیە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق یاریکرد، کە بەئەنجامێکی گەورە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە ئەوە مانای ئەوەیە کە تیپەکەم بەهێزە و ئەمە مژدەی داهاتووییەکی باشە بۆ هاندەرانمان، یارییەکی دیکە بەرامبەر یانەی ئەمانە بەغدا ئەنجامدەدەین و لە هەوڵداین بەرامبەر یانەی ئالانیا سپۆر یان ئەنتاڵیا سپۆر کە دوو تیپی بەهێزی بەشداری خولی تورکیان، ئەنجام بدەین".
هەولێر بۆ وەرزی نوێ زۆرترین گۆڕانکاری کردووە، شەش یاریزانی پیشەگەری هێناوەتە ریزەکانی لەگەڵ ژمارەیەک گۆڕانکاری لە یاریزانە ناوخۆییەکانیدا.
راهێنەرەکەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد "تیپەکەم نوێیە و یازدە یاریزان یەکەمجارە دێنە ریزەکانمان، بۆیە دەبووایە لە کەمپێکی وا تێکەڵی و پەیوەندییەکی جوان لەنێوان هەموو یاریزانەکان دروستبکەم، من و هاوکارانم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق کارمان کردووە و ئەزموونمان زۆرە، ئێمە دەزانین کە تیپەکەمان چی دەوێت".
یانەی هەولێر چوار نازناوی خولی نایابی عێراقی بردووەتەوە و دووجاریش پلەی دووەمی جامی یەکێتیی ئاسیای وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ