ڤیدیۆ؛ ئەرجەنتین جارێکی دیکە بەبێ مێسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا

27-03-2024
ئیحسان تاهیر
Photo by KEVORK DJANSEZIAN / GETTY IMAGES NORTH AMERICA / AFP
Photo by KEVORK DJANSEZIAN / GETTY IMAGES NORTH AMERICA / AFP
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەڵبژاردەی کۆستاریکا یاریی دۆستانە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دووەم یاریی دۆستانەی هەفتەی فیفادا، دووەم سەرکەوتنی خۆی بەدەستهێنا و ئەمجارە لە کۆستاریکای بردەوە.
 
دوای ئەوەی تانگۆ لە یەکەم یاریی دۆستانەیدا 3-0 لە سلڤادۆری بردەوە، لە دووەم یارییدا لە لۆس ئانجلێس رووبەڕووی کۆستاریکا بووەوە و 3-1 لێیبردەوە.
 
سەرەتا کۆستاریکییەکان دەستپێشخەربوون و لە خولەکی 34 لە رێگەی مانفرێد ئۆگاندییەوە گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
 
نیوەی دووەم نیوەی پاڵەوانانی جیهان بوو، کە توانیان سێ گۆڵ تۆمار بکەن.
 
سەرەتا ئانخێل دیماریا لە خولەکی 52 بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵێکی نایابی بۆ تانگۆ تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
دوای تەنیا 4 خولەک ماک ئالیستەر بەسەر گۆڵی دووەمی بۆ ئەرجەنتین تۆمارکرد.
 
ئەرجەنتینییەکان لە کۆنترۆل و گوشارەکانیان بۆ سەر گۆڵی کۆستاریکا بەردەوام بوون، تاوەکو نۆرەی لاوتارۆ مارتینێز هات و لە خولەکی 77 گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، و یارییەکە بە ئەنجامی 3-1 بۆ کوڕانی تانگۆ کۆتاییهات.
 
لیۆنێل مێسی، کاپتن و ئەستێرەی ئەرجەنتین بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە دوو یارییە دۆستانەکەی ئەرجەنتیندا نەکرد، سەرەڕای ئەوەش هاوڕێکانی هەردوو یارییەکەیان بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە