بەرەبەیانی سبەی مێسی و ئەرجەنتین یارییان هەیە

04-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەڵبژاردەی ئیکوادۆر کۆپا ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەرەبەیانی سبەی کاژێر 04:00 هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە قۆناخی 8ـی کۆپا ئەمریکادا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەکە بەشێوەی سەرەکی یاری بکات.
 
لیۆنێل مێسی دوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی گەڕایەوە مەشق و راهێنانەکان بۆ ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیکوادۆر لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتی تۆپی پێی کۆپا ئەمریکا، کە ئێستا لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆرینی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ئاشکرایانکردووە کە مێسی بە سکالۆنی راهێنەری راگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ یاریکردن بەشێوەی سەرەکی بەرامبەر بە ئیکوادۆر.
 
لیۆنێل مێسی لەو کاتەوەی لە 25ـی حوزەیران لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر چیلی بە ئەنجامی 1-0 تووشی پێکان بوو، چەند رۆژێک مەشقی نەکردووە.
 
ئەو یاریزانەی 8 جار باڵۆن دۆری بردووەتەوە، بەهۆی پێکانەوە بەرامبەر پیرۆ بەشداری نەکرد، کە تانگۆ بە ئەنجامی 2-0 یارییەکەی بردەوە.
 
لەم یارییەدا لیۆنێل سکالۆنی راهێنەریش دەگەڕێتەوە و سەرپەرشتی تانگۆ دەکات، کە ئەویش بۆ یەک یاری سڕکرابوو، و لە هەمان یارییەکەی بەرامبەر پێرو ئامادە نەبوو.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین، رایگەیاند، کاپتنە تەمەن 37 ساڵەکە هەندێک راهێنانی جەستەیی ئەنجامداوە پێش ئەوەی پەیوەندی بە هاوڕێکانییەوە بکات لە مەشقەکانی بەکۆمەڵدا
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، کە لە دوایین وەشانی پاڵەوانێتییەکەدا،  کە ساڵی 2021 لە بەرازیل بەڕێوەچوو، نازناوەکەی بەدەستهێنا، ئاواتەخوازە بۆ 16ـەمین جار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی ریکۆردی بردنەوەی زۆرترین نازناوی کۆپا ئەمریکا بکاتە بەشی خۆی، کە ئێستا بەهاوبەشی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای خاوەنی ریکۆردەکەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە