پیرۆزە لە عێراقی عەزیم

26-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن رێبوار محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراقی چیکڵدانەیان ئەوەندە بچووکە بەرگەی بچووکترین شت ناگرن، نەخوازە شکست بەرامبەر فەڵەستین.
سێ ساڵە بەشانوباڵی کاساسدا هەڵدەدەن، یارییەک دۆڕا، کردیان بەپەندی زەمانە. لەماوەی چەند کاژێرێکدا، کەس نەما پەلاماری کاساس نەدات و داوای دوورخستنەوەی نەکات.
 
پێم سەیرە دڵتەنگ بین بۆ شکستی عێراقی عەزیم! ئەوە هەر عێراقە عەزیمەکەی جارانە و خووە هەمیشەییەکانی نەگۆڕاون، ئەوەی گۆڕاوە، تەنیا ساڵەکانن، دەنا هەموو شت پاشەوپاش لە پاشەکشەدایە، بەتایبەت بیرکردنەوە.
 
هەر ئەوانەی چەند ساڵێکە، بەدەهۆڵ کوتین بۆ لالیگا و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و عێراقی عەزیم، مێشکیان بردووین، هەمووان سوور دەیانزانی لەم گەڕەی پاڵاوتندا، هێندەی لە ئابڕووچوونەوە نزیکن، ئەوەندەش لە سەرکەوتنەوە دوورن. کەچی خەونی پەمەییان دەبینی.
 
تۆ سەرۆک و جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێیەکەت، لەسەر ناز و نیعمەتی یەکێتییەکە شیر و تیر لە یەکتری بسوون و بیگەیەننە مریشکە رەشە بەرامبەر یەک و لە میدیادا هەمووی باس بکەن و سوور بزانن یاریی چارەنووسسازیان هەیە، چاوەڕێی یاریزان چیت بۆ بکات؟
 
تۆ تیپێکت دروست کردبێت، میلیشیا دەستی تێوەربدات و یاریزان بۆ لیستەکەی کەم و زیاد بکات (وەکئەوەی میدیای عێراقی دەڵێن)، گلەیی چی لە کاساس دەکەیت کە دە ساڵی دیکەی پێویستە تا لەوە تێبگات، عێراقی بۆ وا زوو بای دەدەنەوە.
 
تۆ لەمبەر و لەوبەر خەریکی پیلانگێڕان و دژایەتی نێو یەکدی بیت و جێگری یەکێتییەکەت بێت و بڵێ، کەس نازانێ چۆن گرێبەستی لالیگا کراوە و تێباس شەش مانگ جارێک دێت و پارە دەبات، چاوەڕێی بگەیتە مۆندیال؟
 
عێراقی لەگەڵ چیکڵدانەی بچووکیاندا، خەونی خۆشیش بۆخۆیان دروستدەکەن، واتان زانی بەجامێکی کەنداوی دانپێدانەنراوی دۆستانەی شەش تیپی، بەهار دێتە چۆکان؟
 
تۆ لەژیانتدا یەک شانازیت هەیە، ئەویش ئاسیای 2007 کە بەلێهاتوویی ڤیێرای بەرازیلی بەدەستت هێنا، کە بەرامبەر ئەو بێمنەت بیت و بڵێی بەشانوباڵی خۆم بەدەستم هێناوە، کەواتە بڕۆ پیرۆزت بێت شکست، نەک هەر بەرامبەر فەڵەستین، بەڵکو بەرامبەر هەموو دونیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە