رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی پاڵەوانێتیی وڵاتانی ئاسیا بۆ خوار تەمەن 23 ساڵ لە شاری دەوحە بەردەوامە و ئەمڕۆ یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی ژاپۆن ئەنجامدەدات.
بڕیارە یارییەکانی جامی ئاسیا بۆ خوار تەمەن 23 ساڵ، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستپێبکەن و پاڵەوانێتییەکە 20 رۆژ دەخایەنێت، هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق بەسەرپەرشتی راهێنەر رازی شنێشڵ، دوای کەمپێکی راهێنان لە شاری بەسرە، ماوەی پێنج رۆژە لەنێو راهێنان و ئامادەکاریدان لە شاری دەوحە.
قەتەر جاری شەشەمە میوانداریی یارییەکانی جامی ئاسیای خوار تەمەن 23 ساڵ دەکات، ئەمساڵ 16 هەڵبژاردە بەشدارن و 3 هەڵبژاردەی پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانێتییەکە راستەوخۆ بلیتی بەشداریکردنیان لە ئۆڵیمپیادی پاریس وەردەگرن، تیپی خاوەن پلەی چوارەمیش یاری لەگەڵ هەڵبژاردەیەکی ئەفریقا دەکات و لە ئەگەری بردنەوەی دەگاتە کۆتاییەکانی پاریس.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەچاوێکی پڕ بایەخەوە دەیەوێت هەڵبژاردەکەی بگاتە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس، عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنەکە رۆژانە لە یاریگەی زانکۆی قەتەر ئامادەی راهێنانی تیپەکەیە.
هەڵبژاردەی ژاپۆن هاوشێوەی هەڵبژاردەی عێراق گەیشتووەتە شاری دەوحە، لەسەر داوای ژاپۆن بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هەردوو هەڵبژاردە یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاری ئەنجامبدەن، یارییەکە دوور لە چاوی راگەیاندن و هاندەران دەبێت.
غانم عرێبی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یاریکردنمان بەرامبەر ژاپۆن ئامادەکارییەکانمان باشتر دەکات، ئێمە دەمانەوێت راهێنەر باشترین پێکهاتە و شێوازی یاریکردن بدۆزێتەوە بۆ جامی ئاسیا".
لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق 3 یاریزانی کورد یاریدەکەن کە بریتین لە هەڵۆ فایەق، بڵند ئازاد لەگەڵ رۆمان دۆڵاتشی.
هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق لە کۆمەڵەی سێیەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی سعودیە، تاجیکستان لەگەڵ تایلەند دەکات، رۆژی 16ـی ئەم مانگە لەنێو یاریگەی جنووب، عێراق لە یەکەم یاریدا ململانێی هەڵبژاردەی تایلەند دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ