رووداو دیجیتاڵ
دۆڕاندنی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی فەڵەستین کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق بەدوای خۆیدا هێنا و ئەمشەو فیدراسیۆنی تۆپی پێ، چارەنووسی راهێنەری هەڵبژاردەکە یەکلادەکاتەوە.
دوای دۆڕاندنیان بەرامبەر هەڵبژاردەی فەڵەستین بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، هاندەرانی عێراق و بەشێکی ئەستێرەکانی پێشووی هەڵبژاردەکە هێرشدەکەنە سەر خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەکە و داوای دوورخستنەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەکەن.
سەرچاوەیەک لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەنجامە خراپەکانی عێراق و داهاتووی راهێنەری هەڵبژاردەکە کراوە، بەشێکی ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە دژی دوورخستنەوەی راهێنەری هەڵبژاردەکەن و پێیانوایە هۆکارەکە کارگێڕییەکە نەک راهێنەر."
سەرچاوەکە دەڵێت "ئەمشەو کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە دەکرێت و بڕیار لەبارەی داهاتووی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقەوە دەدرێت."
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی "من دەستلەکارناکێشمەوە، ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیش بڕیاری دوورخستنەوەم دەدات با بیدات."
راهێنەری هەڵبژاردەکە داوای لێبوردن لە هاندەران دەکات و دەڵێت پێویستە ئەمە قەرەبوو بکرێتەوە.
قسەکانی کاساس لەکاتێکدایە کە بەشێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکە دراوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە."
هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق ناڕازی و تووڕەن، لەو دۆخەی هەڵبژاردەکەیان تێیکەوتووە، بەتایبەت کە تەنیا دوو یاری لەم قۆناخەی پاڵاوتنەکاندا ماون، عێراق بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن یاریی دەکات و پێویستە هەردوو یارییەکە بباتەوە، بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیال.
گرێبەستی خیسۆس کاساس، راهێنەری ئیسپانی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق تاوەکو ساڵی 2027ـە و مووچەی ساڵانەی ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلارە و یەکێکە لەو راهێنەرانەی لەسەر ئاستی ئاسیا زۆرترین مووچە وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ