رووداو هەولێر
هەریەک لە یانەکانی شورتە و تەڵەبە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی پیشەگەرانی عێراق گەیشتنە شاری هەولێر، بڕیارە بچنە نێو کەمپێکی راهێنانی دوو هەفتەیی.
یانەی شورتە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایانی عێراق، وەرزی ئەمساڵ دەیەوێت درێژە بدات بە ئەنجامە باشەکانی. ئەحمەد سەڵاحی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق وەک راهێنەرێکی لاو وەرزی رابردوو توانی یەکەم دەستکەوت لە ژیانی راهێنەری بە بەرزکردنەوەی قەڵخانی خولەکە بەدەستبهێنێت، ئەمساڵیش راهێنەرە لاوەکەی سەوز پۆشەکانی بەغدا درێژە دانە بە ئەنجامە زێڕینەکانی.
پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراق دوو هەفتە لە هەولێر دەمێنێتەوە، 5 یاری دۆستانە ئەنجامدەدەن، رۆژانە دوو یەکەی راهێنان لەنێو یاریگەی برایەتی ئەنجامدەدات.
حوسێن خوراسانی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی یانەی شورتە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان لەنێو ئامادەکارییەکی زۆر باشدایە و سەقامگیرە، هەولێر باشترین شوێنە بۆ کەمپی راهێنان بەهۆی بوونی کەش و هەوایەکی خۆش لەگەڵ بوونی خزمەتگوزاری باشی گەشتیاری، یانەکانی هەولێر هاوکارمانن لە دابینکردنی یاریگە بۆ یەکەی راهێنانەکان".
ئاسۆ رۆستەم، ئەستێرەی کوردی یانەکە نەگەیشتووەتە رێککەوتن لەسەر نرخی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە بۆ وەرزی نوێ، کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەحمەد زیڕۆ ئەستێرەی کورد گرێبەستی لەگەڵ شورتە نوێکردەوە. یاسین کەریمی گۆڵپارێزی کورد درێژەی دا بە مانەوە لە ریزەکانی یانەکە.
وەرزی ئەمساڵ وەرزێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ هاندەرانی شورتە، یانەکە بۆ دووەم وەرز نازناوی خولی نایابی عێراقی بردەوە، لە جامی شا سەلمان بۆ یانە پاڵەوانەکان لە سعودیە شورتە توانی بگاتە یاری پێشکۆتایی و بە یانەی نەسڕی سعودی دۆڕا.
یانەی تەڵەبە ناوێکی دیکەی گەورەی مێژووی تۆپی پێی عێراقە، ئەم یانەیەش روویکردە شاری هەولێر و دوو هەفتە بەسەرپەرشتی ئەحمەد خەڵەفی راهێنەر ئامادەکارییەکانیان بەردەوامدەبێت.
دلۆڤان مەهدی، گۆڵپارێزی کوردی یانەی تەڵەبە، لە بارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ رووداوی روونکردەوە "ئەمساڵ راهێنانێکی چڕوپڕ دەکەین و لە هەولێر ژمارەیەک یاری دۆستانە لەگەڵ یانە بەشدارەکانی خولی پیشەگەرانی عێراق ئەنجامدەدەین".
تەڵەبە ئەمساڵ شەڕی نازناوی خولی نایابی عێراق دەکات، یانەکە راستەوخۆ لە لایەن وەزیری پەروەردەی عێراق سەرپشک کراوە بۆ خەرجکردنی داراییەکی باش و هێنانی یاریزان. 10 یاریزانی باش کە لە هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵیمپی عێراق یاریدەکەن گرێبەستیان لەگەڵ واژۆکراوە، 5 یاریزانی پیشەگەریش هاتوونەتە ریزەکانی تەڵەبە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ