شورتە بە سێ یاریزانی کوردەوە رووبەڕووی هیلال دەبێتەوە

01-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی شورتە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا، یانەی شورتەی عێراقی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی یاری دەکات.
 
یارییەکە ئەمشەو لە ریاز بەڕێوەدەچێت، شورتە ئەرکی زەحمەتە، بەڵام ئامادەکارییەکی زۆری کردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بکات.
 
هەرسێ یاریزانی کوردی یانە عێراقییەکە، ئاکام هاشم، رێوان ئەمین و ئەحمەد زێرۆ بۆ یارییەکە ئامادەن و دەیانەوێت هاوکاریی یانەکە بکەن لە رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین یانەی ئاسیا.
 
هیلال لە یاریی یەکەمیدا لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی رەیانی قەتەری بەدەستهێناوە، یانەی شورتە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی نەسڕی سعودی یەکسانبوو.
 
ئەحمەد سەڵاح، راهێنەری یانەی شورتە دەڵێت "یانەی هیلال بەهێزترین یانەی ئاسیایە، ئەگەر بەرپرسیارەتیم لە فیفا هەبووایە رێگەم دەدا یانەکە بەشداری لە پرێمەرلیگ بکات."
 
راهێنەری شورتە زیاتر گوتی "لە هیچ شتێک ناترسین، ئامادەکارییەکی زۆرباشمان کردووە و توانای ئەوەمان هەیە سەرکەوتنەکانی هیلال رابگرین، بەرامبەر نەسڕ بە رۆحیەتێکی بەرزەوە یاریمانکرد و لە هەموو یارییەکیشدا دەکرێت هەڵە رووبدات."
 
شورتە پێشتر سێ یاریی بەرامبەر هیلال ئەنجامداوە، هەرسێ یارییەکەی دۆڕاندووە، 5 گۆڵی لێکراوە و تەنیا یەک گۆڵی بەرامبەر یانە سعودییەکە تۆمارکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە