رووداو هەولێر
بڕیارە ئێوارە ئەمڕۆ دووشەممە لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، کاژێر 19:00 لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی کەربەلا، یانەی شورتە میوانداریی یانەی پاختاکۆری ئۆزبەکستانی بکات.
یانەی شورتە لە دوو گەڕی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، لە یاریی یەکەمدا بەرامبەربوو بە یانەی نەسڕی سعودی، لە یاریی دووەمیش بە یانەی هیلالی سعوودی دۆڕا.
سێ رۆژە شاندی هەردوو یانە گەیشتوونەتە شاری کەربەلا، هەردوو تیپ دوایین ئامادەکارییان ئەنجامداوە و ئامادەن بۆ یارییەکە، تیپی خانەخۆی واتە شورتە بەدرێسی سەوز یاریدەکات، یانەی پاختاکۆر بەدرێسی زەرد و سپی یاریدەکات.
ئەحمەد سەڵاح، بەر لە یارییەکە بەمۆڕاڵێکی بەرز چووە نێو هۆڵی کۆنگرە رۆژنامەڤانی و رایگەیاند "ئێمە دۆڕانمان بەرامبەر یانەی هیلال لەبیرکردووە و تەنیا بۆ سەرکەوتن و بردنەوە لە پاختاکۆر لەم یارییەدا دەچینە نێو یاریگە، من دەزانم هاندەرانمان لێمان تووڕەن و مافی رەوای خۆیانە، چونکە ئەنجامەکانمان باش نییە لەم پاڵەوانێتییەدا".
لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا هەریەک لە یانەکانی شورتە و جەوییە وەک دوو نوێنەری عێراق بەشدارن.
سەڵاح زیاتر گوتی "بە وردبینییەکی تەواو لەگەڵ شێوازی یاریکردنی یاری رکابەرەکەمان دەچینە نێو کەش و هەوای یارییەکە، لەم یارییەدا لە رووی شێوازی یاریکردن زۆر جیاواز دەردەکەوین و هاندەرانیش خاڵێکی بەهێزن بۆ ئێمە".
یانەی شورتە و یانەی پاختاکۆر خاوەن خاڵێکن، بردنەوە بۆ هەردوو یانە گەڕانەوەی هیوایە بۆ ئەوەی رکابەری گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بکەن.
لای خۆیە هاشتم رەزا، سەرپەرشتیاری یانەی شورتە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، روونیکردەوە "هەموو دۆخەکان بۆ ئێمە زۆر لەبارن و دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە، ئەمڕۆ دەبێتە دەستپێکی ئەنجامە باشەکانمان لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا".
شورتە یانەیەکی جەماوەریی شاری بەغدایە، لە 1932 دامەزراوە، وەرزی رابردوو نازناوی خولی ئەستێرەکان و جامی عێراقی بردەوە.
هەریەک لە ئاکام هاشم و ئەحمەد زێڕۆ لەگەڵ رێوان ئەمین سێ یاریزانی کوردن لە ریزەکانی یانەی شورتە، کە تیپێکی پڕە لە ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و پیشەگەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ