رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بڕیاریداوە یاریزانێکی بفرۆشێت و بیکاتە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی ئەستێرەیەکی دیکە لە هاوینی داهاتوودا.
ئەلفۆنسۆ دەیڤز، بەرگریکاری باڵی کەنەدی ئامانجی سەرەکی ریال مەدریدە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا، کە بەگوێرەی زانیارییەکان پێشبینی دەکرێت دەیڤز وەک یاریزانێکی ئازاد پەیوەندی بە یانەکەیەوە بکات و لە مانگی یەکی داهاتوودا گرێبەستەکەی واژۆ بکرێت، بەڵام هێشتا شتەکان ناڕوونن، چونکە بایرن میونشن پێداگری لەسەر دانوستاندن لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە دەکات، ئەمەش وایکردووە داهاتووی دەیڤز تاوەکو ئێستا نادیار بمێنێتەوە.
لەهەمانکاتدا ریال مەدرید دەستیکردووە بە پلاندانان بۆ ئەو هەنگاوانەی کە دەیگرێتەبەر، ئەگەر دەیڤز پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات. بیرۆکەکە لە سەرەتادا بریتی بوو لە فرۆشتنی فڕان گارسیا کە لە پرێمەرلیگدا زۆر بەناوبانگە، بەڵام درەوشاوەیی ئەو یاریزانە لاوە لەم وەرزەدا وایکردووە یانەکە بیر لە فرۆشتنی نەکاتەوە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە بیر لە ئەگەری رۆیشتنی فێرلاند مێندی بۆ خولی سعودیە دەکاتەوە، بەتایبەتی کە دەتوانێت بەپارەیەکی باش بداتە سعودییەکان".
هەرچەندە سەرچاوەکانی نێوماڵی مەدریدی باس لەوە دەکەن کە فێرلاند مێندی لەم دواییانەدا گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید واژۆکردووە و بەهۆیەوە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027 بە یاریزانی شاهانە دەمێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی رانەگەیێنراوە، کە لە سیاسەتی یانەکەدا ئاساییە، بەڵام لەوانەیە مێندی ناچاربێت بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە ئەگەر گرێبەستەکەی دەیڤز تەواو بوو، چونکە پێشبینی دەکرێت ئەو یاریزانە کەنەدییە سەرەکی بێت لە پێکهاتەی تیپەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە فڕان گارسیا یاریزانێکی گەنجی ریال مەدریدە، بەڵام لە بنەڕەتدا وەک یاریزانێکی یەدەگ هاتووەتە یانەکە. هەرچەندە بەدوای شوێنێکی سەرەکیدا دەگەڕێت، بەڵام دەکرێت بەوە رازی بێت رۆڵی جێگرەوەی ئەلفۆنسۆ دەیڤز قبوڵ بکات، کە بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی باڵی چەپ لە جیهاندا دادەنرێت.
گرێبەستەکەی فڕان گارسیا تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027 بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە گرنگی بە هەندێک یانەی دیکەی لالیگا بدات، چونکە ئەگەری هەیە یاریزانێکی سەرەکی ئاسایی بێت بۆ چەند تیپێک.
ئامانجی یەکەمی ریال مەدرید تەواوکردنی گرێبەستەکەی ئەلفۆنسۆ دەیڤزە لە سەرەتای مانگی یەکی داهاتوو. دوای تەواوکردنی ئەم گرێبەستە یانەکە دەست دەکات بە کارکردن لەسەر دیاریکردنی چارەنووسی یاریزانەکانی باڵی چەپی تیپەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ