ناسڕ خلێفی: سوپەرلیگ کار بۆ ریال مەدرید دەکات و گێرەشێوێنانەیە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سوپەرلیگ ناسڕ خلێفی ریال مەدرید یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەورووپا، جارێکی دیکە بەتووندی هێرشی کردەوە سەر پڕۆژەی سوپەرلیگ و بە داردەستی ریال مەدرید ناویبرد.
 
خلێفی لە بڵاوکراوەیەکدا، کە میدیای ئیسپانیا بڵاویانکردووەتەوە، هێرشی تووندی کردووەتە سەر کۆمپانیای ئەی 22 کە سەرپەرشتی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەکات، بەداردەستی ریال مەدرید و سەرۆکی ئەو یانەیەی ناوبردووە.
 
بڵاوکراوەکەی خلێفی، پاش راگەیێنراوێکی کۆمپانیای ئەی 22ی خاوەن بیرۆکەی سوپەرلیگ هات، کە لە چەند رۆژی رابردوودا گۆڕانکاری بنچینەیی لە بیرۆکەی خولەکە و شێوازی بەڕێوەچوونی و ژمارە یانە بەشدارەکان کردبوو.
 
خلێفی لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵی، "ئەوە تەنیا هەوڵێکی دیکەیە لە زنجیرەی هەوڵە درێژەکانی کۆمپانیای ئەی 22 بۆ سەرنجڕاکێشا بۆ سەر ئەو دۆسێ گێرەشێوێنانەی بەدەستیانەوەیە".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەوە سێیەمجارە ئەو کۆمپانیایە و پڕۆژەکەی هەوڵدەدەن تۆپی پێی ئەورووپی و جیهانی دابەش بکەن، ئەمەش تەنیا لەپێناو بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان، بەڵام دەبێ ئێمە زیرەک بین و مافی هەموو ئەندامانی دەستەی یانە ئەورووپییەکان دەستەبەر بکەین".
 
کۆمپانیای ئەی 22 لە نوێترین گۆڕانکاریدا لە سوپەرلیگ، داوای لە هەریەکە لە فیفا و یۆفا کردبوو، دانبەپڕۆژەکەدا بنێن.
 
خلێفی لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، کۆمپانیای ئەی 22، تەنیا لە بەرژەوەندیی ریال مەدرید و سەرۆکەکەی کاردەکات.
 
لەلای خۆیەوە، دەستەی یانە ئەورووپییەکان کە خلێفی سەرۆکایەتیی دەکات، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، هێرشی کردە سەر پێشنیازە نوێیەکەی کۆمپانیای ئەی 22 لەبارەی سوپەرلیگ و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پاڵەوانێتییە، ژمارەی یارییەکان لەسەر یاریزانان و یانەکان زیاد دەکات.
 
سوپەرلیگ، پڕۆژەی پاڵەوانێتییەکی نوێیە بۆ یانەکانی ئەورووپا، کە شوێنی چامپیۆنزلیگی ئێستا دەگرێتەوە، هەر بۆیە یۆفا بەتووندی رەتیدەکاتەوە، ئەگەرچی دادگای ئەورووپا، بڕیاریداوە کە ئەو رێکخراوە بۆی نییە رێگری لە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە