ئەمڕۆ جامی کەنداو 26 دەستپێدەکات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن جامی کەنداو 26 یاریی کردنەوە
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ شەممە یارییەکانی جامی کەنداوی 26 لە کوەیت دەست پێدەکەن و کوێت و عومان یاریی کردنەوە ئەنجام دەدەن.
 
دوای چاوەڕوانییەکی زۆری وەرزشوانانی کوەیت و پێنج ساڵ سزادانیان لەلایەن فیفاوە، جارێکی دیکە کوەیتییەکان دەرگای وڵاتەکەیان بەڕووی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکەنەوە لە رێگای میوانداریکردنی جامی کەنداو.
 
لە دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا دوای ئاهەنگی ناساندنی جامی کەنداو، کاژێر 20:00 هەڵبژاردەی کوەیت میوانداریی هەڵبژاردەی عومان دەکات.  
 
کوەیت لە رێگای دوو یاریگەوە دەیەوێت سەرنجی هەموو وڵاتانی میواندار بۆ لای خۆی رابکێشێت، یاریگەی جابر ئەلحەمەد گەورەترین یاریگەی کوەیتە کە شوێنی شەست هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، یاری دەستپێک و فیناڵ لەگەڵ بەشێک لە یارییەکانی تێدا بەڕێوەدەچن. ئەم یاریگەیە لە ساڵی 2015 دروستکراوە. 
 
یاریگەی جابر موبارەک یاریگەیەکی دیکەی کوەیتە، شوێنی پازدە هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، ئەم یاریگەیە بەر لە مانگێک تەواوبووە. 
 

هەڵبژاردەی کوەیتە لە مێژووی جامی کەنداو خاوەن زۆرترین نازناوە کە 10 جار پاڵەوان بووە، هەڵبژاردەی عومان خاوەن دوو نازناوە، لەم وەشانەدا کوەیتییەکان دەیانەوێت لەنێو خاک و هاندەرانیان نازناوێکی دیکە ببەنەوە. 
 
بەر لە یارییەکە خوان بیتزی، راهێنەری هەڵبژاردەی کوەیت، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پاڵەوانێتیی جامی کەنداوی 26 رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و دەمەوێت پێچەوانەی یارییەکانی پێشوومان دەربکەوین، راستە هاندەران خاڵێکی بەهێزن بۆ پاڵپشتیمان، بەڵام لە هەمانکاتدا دەزانم یاریزانانم بۆ رازیکردنی دڵی هاندەرانمان دەکەونە نێو گوشرێکی دەروونی زۆرەوە". 
 
یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتانی کەنداو، ئەرکی ناوبژیوانیی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەی بەشێوەیەکی فەرمی دایە خالید ئەلتەریس، ناوبژیوانی سعودی، ئەم ناوبژیوانە تەمەنی 37 ساڵە و یەکێکە لەو ناوبژیوانانەی وڵاتەکەی زۆر بایەخی پێدەدات و یارییە هەستیارەکانی خولی رۆشنی سعودی بەڕێوەدەبات. ئەم ناوبژیوانە دوو یاری لە جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023 لە قەتەر بەڕێوەبردووە. 
 
شارەزایانی کەنداو پێکهاتە و شێوازی یاریکردنی هەر دوو هەڵبژاردەیان ئاشکراکردووە، کە بەمشێوەیە: 
 
هەڵبژاردەی کوەیت بەشێوازی 4-3-3 یاریدەکات و پێکهاتەکەی بریتییە لە: خالید ئەلرشدی، ناسر خزر، فەهد هاجری، راشد دوسەری، موعاز زەفیری، سوڵتان عنزی، فەیسەڵ زاید، ئەحمەد زەفیری، موبارەک فەنینی، بەندەر بورسەلی و سەلمان عەوزی.
 
هەڵبژاردەی عومان بەشێوازی 4-4-2 یاریدەکات و پێکهاتەکەی بریتییە لە: فایز ئەلروشێدی، ئەحمەد كەعبی، مولهەم سنێدی، محەممەد موسلمی، سانی روشێدی، حارب سەعدی، حوسێن شەحری، زاهر ئەلغەبری، عەبدوڵڵا فەواز، عسام سەحبی و فەرەج کەیومی.
 

هەڵبژاردەی عێراق چاوێکی زۆری میدیاکان و هاندەرانی هەموو کەنداوی لەسەرە، تیپەکە پاڵەوانی وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکەیە و لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 بەسەرپەرشتی خیسوس کاساسی راهێنەر ململانێیەکی بەهێزی هەڵبژاردە بەهێزەکانی ئاسیا دەکات. 
 
شێرەکانی رافیدەین دوای کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە شاری دەوحە، ئێوارەی دوێنی هەینی رووییانکردە وڵاتی کوێت، دوای وەرگرتنی پشوویەکی کورت دوایین یەکەی راهێنانیان ئەنجامدا، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی سعودیە، بەحرەین و یەمەن دەکات. 
 
فیراس بەحرلعلوم، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "لە ئامادەکارییەکی زۆر باشداین و دەتوانین بەئەنجامێکی گەورە یارییەکان ببەینەوە، کوێت لە وڵاتەکەمان نزیکە و چاوەڕوانی پاڵپشتییەکی گەورەی هاندەران و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین". 
 
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق دوو یاریزانی کورد هەن کە هەریەک لە ئەحمەد یاسین و یوسف ئەمینن. هەڵۆ فایەق ئەستێرەیەکی دیکەی کوردی هەڵبژاردەکە بوو، بەڵام بەهۆی پێکان لە رانی چەپی لە دوایین یەکەی راهێنانی تیپەکە لە قەتەر، ماڵئاوای لە هاوڕێکانی کرد و نەیتوانی بەشداری جامی کەنداو بکات. 
 

وڵاتی کوێتی میوانداریی پاڵەوانێتییەکە، هەشت یاریگەی بۆ راهێنانی هەڵبژاردەکان دیاریکردووە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو و دوایین ئاماری لیژنەی بەڕێوەبردنی جامی کەنداو، لەو وڵاتەدا پێنج هەزار لاوی خۆبەخش لە ئاستی کوڕان و کچان کارئاسانی لە هەموو یاریگە و شوێنە گەشتیارییەکان بۆ میوانانی پاڵەوانێتییەکە دەکەن. 
 
پاڵەوانێتیی جامی کەنداوی عەرەب، کێبرکێیەکە لەنێوان هەشت هەڵبژاردەی کەنداو ئەنجامدەدرێت، یەکەمجار لە 1970 لە بەحرەین سازکراوە. 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا 15 جار بەشداری یارییەکانی جامی کەنداوی کردووە، بە بردنەوەی 4 نازناو دووەم هەڵبژاردەیە کە زۆرترین نازناوی بردووەتەوە. حوسێن سەعید، گۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانێتییەکەیە بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ.
 
عەمۆ بابا، راهێنەری کۆجکردووی هەڵبژاردەی عێراق، خاوەن زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە، کە 3 نازناوی بردووەتەوە، دوایین نازناویش لەسەر دەستی خیسوس کاساس، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەکە بوو. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە