ئینتەرمەیامی دەیەوێت بەهێنانی دوو یاریزانی سوپەر... | رووداو.نێت

ئینتەرمەیامی دەیەوێت بەهێنانی دوو یاریزانی سوپەر شۆڕشێک بەرپا بکات

21-12-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئینتەرمەیامی نەیمار کێڤین دی برۆین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شۆڕشێک لە ئینتەرمەیامی بەڕێوەیە پێش ئەوەی رووبەڕووی یانەی ئەهلی میسری ببێتەوە لە مۆندیالی یانەکان بە سیستمە نوێیەکەی. ئەو یانەیە دەیەوێت دوو یاریزانی سوپەر بگوازێتەوە بۆ ئەوەی تیپەکە لە دۆخی سەرلێشێواوی رزگاری بێت و لە مۆندیالدا ئەنجامێکی شایستە بەدەستبێنێت.
 
ئینتەرمەیامی لە دۆخێکی شڵەژان و ناسەقامگیریدایە، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانە سەرەکییەکان ریزەکانی تیپەکەیان بەجێهێشت و رۆیشتن.
 
گرێبەستی 7 یاریزان بەیەکجاری کۆتاییهات، کە بریتین لە کۆل جێنسن، سێرگی کریڤتسۆڤ، فرانکۆ نێگری، ماتیاس رۆهاس، لاوسۆن سەندەرلاند، فیلیپی ڤالێنسیا، ئۆسکار ئۆتاری، ئەمەش گورزێکی پڕ لە ئازار بوو بۆ تیپەکە.
 
بابەتەکە هەر بەوەوە نەوەستا، چونکە چەند ناوێکی دیکەش لە یانەکە رۆیشتن، کە دوایینیان لیۆناردۆ کامپانا بوو، کە بە گرێبەستێک بەرەو نیو ئینگلاند رۆیشت و ئەمەش ناڕەزایی و تووڕەیی هاندەرانی لێکەوتەوە.
 
یاریزانە ئیکوادۆرییەکە بەبڕی 2.5 ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە ریزەکانی نیو ئینگلاندەوە کرد.
 
کامپانا دوای لیۆنێل مێسی دووەم گۆڵکاری یانەکەیە لە مێژووی یانەکەدا، بەو پێیەی 32 گۆڵی تۆمارکردووە، مێسیش بە 34 گۆڵ پێشی دەکەوێت، هەروەها سێیەم یاریزانە کە زۆرترین یاریی لە مێژووی تیپەکەدا ئەنجامداوە، بە 100 یاریی.
 
 
گرێبەستی کامپانا "بازاڕکردن لەجیاتی رکابەری"
 
هاندەرانی ئینتەرمەیامی ئەوپەڕی تووڕەیی خۆیان لە گواستنەوەی لیۆناردۆ کامپانا بۆ نیو ئینگلاند دەربڕی، چونکە هەندێک پێیانوایە ئەم گرێبەستە گوزارشت لە مەیلی خاوەنی یانەکە، دەیڤید بێکهامی ئەستێرەی پێشووی ئینگلیزی دەکات، بۆ گرنگیدان بە بابەتە بازرگانییەکان لەسەر حیسابی بنیاتنانی تیپێکی بەهێز کە توانای رکابەریکردنی هەبێت.
 
گرێبەستەکەی کامپانا بەهایەکی کەمی دارایی بۆ تیپەکە هێناوە، ئەمەش ناڕەزایی هاندەرانی زیاتر کرد کە هەستیان دەکرد یانەکە بەئاسانی و بە نرخێکی کەم دەستبەرداری یاریزانەکانی دەبێت.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئینتەرمەیامی سوودی لە یاساکانی MLS وەرگرت بەدەستەبەرکردنی شوێنێکی یاریزانی بیانی زیادە بۆ دوو وەرزی داهاتوو لە نیو ئینگلاند لەو گرێبەستەدا، ئەمەش دەتوانێت هەندێک نەرمی بە تیپەکە بدات لە بازاڕی گواستنەوەدا.
 
چالێنجەکەی جامی جیهانی یانەکان
 
ئینتەرمەیامی هەوڵدەدات بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی یانەکان، کە تیایدا یانە ئەمریکییەکە شانبەشانی یانەکانی ئەهلی میسری، پۆرتۆی پورتوگالی و پاڵمێراسی بەرازیلی یاری دەکات.
 
سەڕچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە بێکهام دوو یاریزانی سوپەری کردووەتە ئامانج و دەیەوێت بۆ مۆندیالی یانەکان هاوشانی لیۆنێل میسی یاری بکەن، کە بریتین لە هەر یەک لە کیڤن دی برۆینی بەلجیکی و نەیمار داسیلڤای بەرازیلی
 
.بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لیۆنێل مێسی داوای کردووە یانەکە بە زووترین کات نەیمار و دی برۆین بگوازێتەوە ریزەکانی، چونکە پێیوایە ئەو دوو یاریزانە دەتوانن کوالیتی تیپەکە زۆر بەرز بکەنەوە.

 

ئینتەرمەیامی لە 14ـی حوزەیرانی 2025 لە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا رووبەڕووی یانەی ئەهلی دەبێتەوە.
 
یانەکە پێشتر پەیوەندی بە چەندین ناوی گەورەوە کراوە، وەک نیمار دا سیلڤای بەرازیلی و کیڤن دی برۆینی بەلجیکی، وەک ئەوەی تیپەکە خۆی بۆ شۆڕشێکی ناوازە ئامادە بکات.
 
بەڵام گرنگترین پرسیار هەر ماوەتەوە: ئایا یانەکە سەرکەوتوو دەبێت لە کۆتاییهێنان بەم گرێبەستە گەورانە پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە؟ ئایا تیپەکە لەم هەلومەرجە سەختەدا دەتوانێت رکابەری لەسەر نازناوی جامی جیهانی بکات؟
 
 
داهاتوویەکی نادیار
 
ئینتەرمەیامی لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، چونکە تیپەکە دەبێت جێگرەوەی گونجاو بۆ یاریزانە رۆیشتووەکان بدۆزێتەوە و ریزەکانی بەهێزتر بکات پێش مۆندیالی یانەکان.
 
کارگێڕیی یانەکە پێویستی بە جوڵەی خێرا هەیە و دەبێت گرێبەستە پێویستەکان یەکلایی بکاتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕی ژمارەیی لە تیپەکەدا و بەرزکردنەوەی ورەی هاندەرانی یانەکە، کە ئێستا نیگەرانن لە داهاتووی تیپەکەیان.
 
ئەگەر تیپەکە نەتوانێت ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنێت، ئەوا داهاتووەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە، رەنگە یانەکە خۆی لە خولگەی ئەنجامە نەرێنییەکان و لەدەستدانی متمانە لەلایەن هاندەرانەوە ببینێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە