رووداو دیجیتاڵ
ریڤاڵدۆی بەرازیلی، ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا و میلانی ئیتاڵی، پێیوایە کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری ریال مەدرید بەسەرەتایەکی قورسدا لەگەڵ یانە نوێیەکەی گوزەری کرد، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبێت.
ریڤاڵدۆ لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی دەڵێ، "ئێمباپێ رووبەڕووی سەرەتایەکی قورس بووەوە، بەڵام من هەمیشە پێموابووە کە ئەو یاریزانێکی سەرکەوتوو دەبێت لە مەدرید، دەبێتە گۆڵکار و کەسایەتییەکی دیاری یانەکە".
ریڤاڵدۆ هەروەها دەڵێ، "کیلیان بەهرەی ئەوەی تێدایە ببێتە باشترین یاریزانی جیهان، ئەو لە باشترین یانەی جیهان لە رووی نازناو و مێژووەوە یارییدەکات".
ئێمباپێ کە هاوینی رابردوو، بەبێبەرامبەر روویکردە ریال مەدریدی ئیسپانی، پاشئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێنەکردەوە، لەسەرەتای یارییکردنی لەگەڵ ریال مەدرید رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەڵام کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید دووپاتیکردەوە، کیلیان قۆناخی خۆگونجاندنی تێپەڕاندووە و دەتوانێت باشتریش بێت.
ریڤاڵدۆ دەڵێ، "خۆگونجاندن هەندێک کاتی پێویستە، بەڵام من دڵنیام لەوەی کە ئەو یاریزانێکی سەرەکی دەبێت و بەربژێرێکی نایابی بردنەوەی باڵۆن دۆر دەبێت لە داهاتوودا".
ئێمباپێ تاوەکو ئێستا لە کۆی 22 یاری لەگەڵ ریال مەدرید، 12 گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستی هەیە.
ریڤاڵدۆ هەروەها پرسیاری لێکراوە لەبارەی بەدەستهێنانی خەڵاتی زە بێست لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلیی یانەکەوە، ئەو دەڵێ، "لەساڵە ناوازەکەیدا لەگەڵ تیپەکەی، پێموایە شایستەی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر بوو، بەڵام کە ئەوە رووینەدا دەبێ رێزی رووداوەکە بگرین، رۆدری خەڵاتەکەی بردەوە، چونکە ئەویش کاری مەزنی وەک تاک ئەنجامدا".
ریڤاڵدۆ دەڵێ، "ئەوەی بێئومێدی کردم ئەوەبوو کە زیاتر لە 60 راهێنەر، ناوی ڤینیسیۆسیان وەک یەکێک لە سێ باشترین یاریزان دانەنابوو، ئەمە کارێکی زۆر ئومێدبڕە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ڤینیسیۆس ساڵێکی بێوێنەی هەبوو، لە چامپیۆنزلیگ و لالیگا درەوشایەوە، شایستەی باڵۆن دۆر بوو.. لە راستیدا ئەوەی کە ئەومان بینی لە دەرەوەی باشترین یاریزانی ساڵ، مانای وایە هەندێک کەس پێوانەی روونیان نییە بۆ دەنگدان و پێدانی خەڵاتەکە، هەر بۆیە لانیکەم بەدەستهێنانی خەڵاتی زە بێست، پێزانین بوو بۆ ئەوەی ئەو لە ساڵەکەدا ئەنجامیدابوو".
ریڤاڵدۆ جیا لە بارسا و میلان، لە چەندین یانەی دیکەی جیاواز لەسەر ئاستی ئەورووپا و بەرازیل یارییکردووە، ساڵی 2002 لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ