یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو: یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا سەبارەت بە یاریی شورتە و نەسڕ هەڕەشەی لێنەکردووین

15-09-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی شورتە یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

میدیاکانی عێراق باس لەوە دەکەن کە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا هەڕەشەی لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە سەبارەت بە یاریی نێوان یانەی شورتەی عێراقی و نەسڕی سعودی. یەکێتیی تۆپی پێی عێراقیش لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و گوتی "تەنیا رێنمایی ئەوەی داوە کە دەبێت سەلامەتی یاریگە و هاندەران پارێزراو بێت".
 
هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی عێراقی، باس لەوە دەکەن کە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا هەڕەشەی ئەوەی کردووە یاریی شورتە و نەسڕ لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران لەسەر یاریگەی مەدینە لە بەغدا بەڕێوەبچێت. یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و وەزارەتی وەرزش و لاوانیش هاتوونەتە سەرهێڵ بۆ پاراستنی بارودۆخەکە.
 
دوێنێ فرۆشتنی بلیتەکان، کە یانەی شورتە لێی بەرپرسیاربوو، کێشەی تێکەوت و بلیتەکان کەوتنە بازاڕی رەش و نرخی یەک بلیت گەیشتە 200 هەزار دینار، ئەمەش هاندەرانی تووڕە کرد و ئاژاوەی لێکەوتەوە، گوایە ئەم دۆخە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیای تووڕە کردووە و هەڕەشەی لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و وەزارەتی وەرزش و لاوان هەرزوو هاتنە سەرهێڵ و دەستێوەردانیان کرد بۆ وەستاندنی ئەو گاڵتەجاڕییە، بەگوێرە میدیای عێراقی.
 
فیراس بەحر ئەلعلوم، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و گوتی "یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا بەهیچ شێوەیەک هەڕەشەی لەو جۆرەی نەکردووە، تەنیا رێنمایی داوەتە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ کارکردن لەپێناو کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێت سەلامەتی یاریزانان، یاریگە و هاندەرانیش پارێزراو بێت".
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و وەزارەتی وەرزش و لاوان، هاتنە سەرهێڵ و لە یەکەم هەنگاودا بۆ کۆنترۆلکردنی دۆخەکە، بەڵێنیان بە هاندەران دا کە شاشەی گەورە لەنێو یاریگەی شەعب دابمەزرێنن و داوایان لە هاندەران کرد نێوبانگی تۆپی پێی عێراق بپارێزێن و کارێکی وا نەکەن کە رووبەڕووی سزای یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا ببنەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق، بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخەی خستە ئەستۆی یانەی شورتە و هەڕەشەی ئەوەی لە یانەکەی بەغدا کرد، کە ئەگەر دۆخەکە ئارام نەکاتەوە، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
 
لە پێشهاتێکی نوێدا، ئەمڕۆ یانەی نەسڕی سعودی بەفەرمی رایگەیاند کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نایەتە عێراق و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەهۆی ئەوەی تووشی پەتایەک بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە