رووداو هەولێر
یانەی نەورۆز بۆ درێژەدان بە رکابەری و ئەنجامە باشەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەسەر داوای راهێنەرەکەی 3 یاریی دۆستانە لەگەڵ یانەکانی عێراق ئەنجامدەدات.
نەورۆز یەکێکە لەو چوار یانەی کوردستان کە بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دەکات، ناوێکی نوێیە لە خولەکەدا و چوارەم وەرزە بەشداری دەکات، ئەمساڵ تیپەکە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە و دوای تەواوبوونی 19 گەڕ لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندییە.
ئاستبەرزی سوورپۆشانی سلێمانی لە تۆپی پێی عێراق بەردەوامە و لە قۆناخی 16ـی جامی عێراق یانەکە توانی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لەنێو شاری بەغدا لە یانەی کارەبا بباتەوە و بلیتی گەیشتن بە قۆناخی هەشتی جامەکە ببڕێت. دوای تەواوبوونی ئەو یارییە وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز چەند رۆژێک بوو پشووی دابووە یاریزانانی، بەڵام دوێنێ یەکشەممە جارێکی دیکە راهێنانەکانی یانەکە دەستیپێکردەوە.
بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەستاوە، لەم ماوەیەدا یانەکان هەوڵدەدەن یاریی دۆستانە لەپێناو مانەوەی یاریزانانیان لەنێو کەشی ململانێ ئەنجام بدەن.
ئارام عومەر، ئەندامی نووسینگەی راگەیاندنی یانەی نەورۆز، بە رووداوی رایگەیاند "بێگومان راهێنەرمان داوای ئەنجامدانی سێ یاریی دۆستانەی ئامادەکاری کردووە، لە چەند رۆژی داهاتوو لەنێو شاری سلێمانی و دەرەوە یارییەکان لەگەڵ یانە بەشدارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجام دەدەین، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە کام یانانەن".
یارییەکانی یانەی نەورۆز لەنێو یاریگەی سلێمانی، کە بە 'مەلعەبەکە' بەنێوبانگە ئەنجامدەدەرێن، 3 ساڵە کار لە دروستکردنی یاریگەی نێودەوڵەتی یانەکە دەکرێت، کە شوێنی 15 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، کارەکان لە قۆناخی کۆتاییدان.
عومەر، لەبارەی یاریگەکەیانەوە گوتی "کارەکانی تەواوبوونی یاریگەمان لە قۆناخی کۆتایدایە و دەمانەوێت یاریگەکە هەموو مەرجە نێودەوڵەتییەکانی تێدابن، چاوەڕوانناکەم ئەمساڵ بتوانین یارییەکانمان لەنێویدا ئەنجام بدەین، بەڵام بۆ وەرزی داهاتوو لەنێو یاریگەیەکی نێودەوڵەتی یانەکەمان دەردەکەوێت".
یانەی وەرزشیی نەورۆز، لە ساڵی 1994 دامەزراوە، چەند وەرزێک بوو یاری لە خولی نایابی کوردستان دەکرد، بەڵام 3 وەرزە بەتەواوی تیپەکەی لە خولی کوردستان کشاندووەتەوە و بایەخ بە کێبرکێکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەدات.
لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا 4 یانەی کوردستان بەشدارن کە بریتین لە هەولێر، نەورۆز، زاخۆ لەگەڵ دهۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ