ئەمشەو بۆ یانەی نەورۆز مێژووییە

09-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەورۆز خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یاریی لووتکەی گەڕی 23ـی خولەکەدا، ئەمشەو یانەی نەورۆز میوانداریی یانەی جەوییە دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە.
 
ئەمشەو بۆ یانەی نەورۆز و تۆپی پێی کوردستان شەوێکی گەورە و مێژووییە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا یارییەکی نەورۆز لە شەودا لە یاریگەی ئەو یانەیەدا بەڕێوەبچێت، کاتێک لە لووتکەی رکابەرییەکانی گەڕەکەدا میوانداریی یانەی جەوییە دەکات.
 
بەر لەم یارییە بڕیاردرابوو یانەی نەورۆز سزابدرێت و یارییەک بەبێ ئامادەبوونی هاندەران ئەنجامبدات، بەڵام دوای پێداچوونەوە بە سزاکە گۆڕانکاری کرا و سزای دارایی یانەکە دوو هێندە لێکرا، لە بەرامبەردا بڕیاری ئامادەنەبوونی هاندەران گۆڕدرا و ئەمشەو یانەکە دەتوانێت سوود لە پاڵپشتیی هاندەرانی وەربگرێت.
 
نەورۆز لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، جەوییە لە پلەی چوارەمی ریزبەندە، یارییەکە چاوەڕێ دەکرێت، رکابەرییەکی بەهێزی تێدا بکرێت، بەتایبەت کە یانەی نەورۆز دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردوویان بەرامبەر یانەی گەرمە بکاتەوە و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە.
 
یانەی نەورۆز بەرامبەر یانە گەورەکان ئەنجامەکانی باشن، لەگەڵ زەورا، زاخۆ و شورتە یەکسانبووە، لە هەولێر و دهۆکی بردووەتەوە و لە نیوەی یەکەمدا بە جەوییە دۆڕاوە، ئەمشەو دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.
 
یارییەکە کاژێر 23:30 بەڕێوەدەچێت، راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس بە کۆمێنتاریی عیسا مەجید دەگوازرێتەوە.

لووتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە