ئەمڕۆ یانەی هەولێر دووجار ئاهەنگ دەگێرێت

18-03-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ شەممە یانەی هەولێر لە خولە جیاوازەکانی کوردستان رکابەری بۆ بەدەستهێنانی نازناو و گەڕانەوە بۆ ریزەکانی پێشەوە دەکات. 
 
یەکەم رکابەری یانەی هەولێر لە گەڕی حەڤدەی خولی تۆپی پێی یانە پلەیەکەکانی کوردستانە کاتێک دوور لە یاریگە و هاندەرانی یاری لەگەڵ یانەی رەواندز دەکات.
 
هەولێر لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 30 خاڵ و بردنەوە یان یەکسانبوون لەم یارییەدا واتە گەڕانەوەی یانەی هەولێرە بۆ ریزی یانە نایابەکانی کوردستان. 
 
سەمەد جەوهەر، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و یاریزانانمان دەیانەوێت درێژە بدەن بە ئەنجامە باشەکان و دڵی هاندەرانمان خۆش بکەن". 
 
لە لایەکی دیکەوە، لە خولی نایابی بالەی کوردستان بڕیارە یاریی فیناڵ لە نێوان یانەی هەولێر و یانەی شۆریجە لەنێو هۆڵی ئەکاد عەنکاوە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. 
 
سەڵاحەدین شاکر، یاریزانی تیپی بالەی یانەی هەولێر، لەبارەی یارییەکەیانەوە گوتی "ئەمساڵ دەمانەوێت نازناوەکە بەرز بکەینەوە، بۆ یاریی کۆتایش ریزەکانمان تۆکمەیە و دەمانەوێت نازناوەکە بخەینە سەر دەسکەوتەکانی دیکەی یانەکەمان". 
 
وەرزی ئەمساڵ تیپی بالەی یانەی هەولێر، لە خولی نایابی عێراق ئاستێکی بەرزی نمایشکردووە، هەولێر لەگەڵ یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی، غازی جنووب و شورتە گەیشتووەتە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە