رووداو دیجیتاڵ
ئەو پرسیارەی هەموو هاندەرانی ریال مەدرید بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەڵامەکەینە، ئەوەیە کە ئایا کیلیان ئێمباپێ دەتوانێت بەرامبەر بارسێلۆنا بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بکات یان نا؟ بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە یاریی بەرامبەر ئالاڤێش وەریگرت، چونکە پێشبینی دەکرێت چەند یارییەک رابگیرێت.
لە گەڕی 31ـی لالیگادا، ریال مەدرید بووە میوانی ئالاڤێش و بە گۆڵێک بەرامبەر بەهیچ لێیبردەوە، بەڵام کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 38 زۆر بەتووندی لە قاچی ئەنتۆنیۆ بلانکۆی یاریزانی ئالاڤێشی دا و لەلایەن ناوبژیوانەوە راستەوخۆ بە کارتی سوور دەرکرا، کە پێشبینی دەکرێت بە قورسی سزا بدرێت.
لە کاتێکدا کە شرۆڤە و پێشبینی زۆر بۆ قەبارەی سزادانەکەی ئێمباپێ دەکرێت و هەموو لایەن چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی یاسایین بۆ راگەیاندنی سزاکە بەشێوەیەکی فەرمی، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ لە راپۆرتێکیدا هەموو شتێک لەو بارەیەوە روون دەکاتەوە.
وەک ئەوەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر لیژنەی یاسایی بڕیاری راگرتنی 3 یاری بۆ ئێمباپێ بدات، ئەو یاریزانە دەتوانێت بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا بکات، چونکه بەپێی یاساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، سزاکه لەو حاڵەتەدا تەنیا لالیگا دەگرێتەوە.
بەڵام بەپێی راپۆرتەکە، ئەگەر ئێمباپێ 4 یاری رابگیرێت سزاکە هەموو پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکان دەگرێتەوە و ئەوکات ئێمباپێ ناتوانێت بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بکات!.
موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت "ئەگەری زۆرە سزاکە 3 یاری یان کەمتر بێت".
ریال مەدرید دوو یاریی لالیگا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو و خیتافی ئەنجام دەدات، پێش ئەوەی لە 26ـی نیسان لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە.
ئەمە یەکەم کارتی سوورە کە کیلیان ئێمباپێ لەساڵی 2019ـەوە وەریبگرێت.
رادیۆی کۆپێ بڵاویکردووەتەوە، ئێمباپێ تەنیا بۆ یەک یاری رادەگیرێت، ئەوەش مانای ئەوەیە کە تەنیا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یاری ناکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە "ئەگەر تۆپەکە لە رکابەری نێوان دوو یاریزاندا بێت، ئەوا تەنیا لە یاریی بیلباودا بەشداری ناکات".
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەندێک پێیانوایە نابێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهیچ شێوەیەک نەرمی بەرامبەر ریال مەدرید و ئێمباپێ بنوێنن و دەڵێن "ئێمباپێ رەفتارەکەی زۆر تووند و تیژ و شەڕانگێزانە بوو، دەبێت زیاتر لە 3 یاری رابگیرێت و نابێت رێگەی پێبدرێت، بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بکات".
تەنانەت هەندێک گومان لەوە دەکەن ئێمباپێ بەسزایەکی کەمتر لەوەی شایەنە سزا بدرێت بۆ ئەوەی بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بکات.
مارسیال یۆرێنتی، دەڵێت "ئەوەی ئێمباپێ کردی تووندوتیژی بوو، دڕندانە و بەئەنقەست بوو، دەکرا کۆتایی بە کاروانی تۆپی پێی ئەنتۆنیۆ بلانکۆ بهێنێت. یاریزانە فەرەنسییەکە شایەنی سزای چوار یاری راگرتنە، کە ناهێڵێت بەشداری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بکات، بەڵام تەنیا به دوو یاری سزای دەدەن بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بکات".
داڤیدی ئەنچێلۆتی، کوڕ و یاریدەدەری کارلۆی باوکی، کە لەو یارییەدا بەهۆی سزادانی باوکی، ئەرکی راهێنەری ریال مەدریدی لەئەستۆ گرتبوو، دوای یارییەکە گوتی "ئێمباپێ هەڵەی کرد و داوای لێبووردنی کرد، ئەو یاریزانێکی شەڕانگێز نییە، ئەوان زۆر بەخراپی لێیان دەدا، بەڵام ئەوە پاساو نییە بۆ ئەو کارە هەڵەی کە کردی".
میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکرد کە کیلیان ئێمباپێ دوای یارییەکە چووەتە لای ئەنتۆنیۆ بلانکۆی یاریزانی یانەی ئالاڤێش و داوای لێبوردنی لێکردووە و ئەویش داواکەی قبوڵ کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ