ڤیدیۆ؛ بەڕێوەبەری وەرزشیی هەولێر: هاتووم وەرزشوانان ئاشت بکەمەوە

14-04-2025
محەممەد کارێزی
 بەڕێوەبەری وەرزشیی هەولێر
بەڕێوەبەری وەرزشیی هەولێر
نیشانەکردن بەڕێوەبەری وەرزشیی هەولێر
A+ A-
رووداو هەولێر 

رۆژگار مەحموود، دوو هەفتەیە وەک بەڕێوەبەری وەرزشیی هەولێر دەستبەکاربووە و لە یەکەم لێدوانی رۆژنامەڤانیدا بۆ رووداو ئاشکرایکرد، دەیەوێت کوالێتی ژێرخانی وەرزشیی پایتەختی کوردستان بەرزبکاتەوە و رۆڵێکی گەورە لە پێشخستنی ئەنجامەکانی وەرزشوانان بگێڕێت.
 
ئەو بەڕێوەبەرە نوێیەی وەرزش پێشتر خۆی وەک یاریزانی باسکە لە ژمارەیەک یانە لەسەر ئاستە جیاوازەکان یاریکردووە و راهێنەریش بووە، دواتر وەک مامۆستای وەرزش خزمەتیکردووە و ئێستا دەیەوێت بە ئەزموونێکی زۆرەوە جێپەنجەی لە گۆڕانکارییەکی گەورە دیاری بکات. 
 
شەقامی وەرزشیی هەولێر پڕبووە لە گازاندە و پەرشوبڵاوی، گوێ لە هەر وەرزشوانێک دەگرێت دەردەدڵ دەکات، هەر بۆیە رۆژگار مەحموود لەدوای وەرگرتنی ئەرکە نوێیەکەی رایگەیاند "لە سەرەتای دەستبەرکاربوونمەوە بەڵێنێکم داوە ئەویش ئەوەیە وەرزشوانان ئاشت بکەمەوە بە وەرزش لە شاری هەولێر، چونکە وەرزشوانان دڵشکاون و وەک جاران پێشکەوتن نەماوە و دەبێت بەهاوکاری هەموو لایەک جارێکی دیکە وەرزش لەم شارەدا بهێنینەوە باری پێشکەوتن، پەنا بەخوا لەگەڵ تەواوی ئەو وەرزشوان و کەسایەتیانە دادەنیشم کە دڵیان شکاوە، گوێ لە ئارێشەکانیان دەگرم و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بۆیان دەکەم". 
 
بەڕێوەبەرایەتی وەرزشیی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسە لە کاروبار و سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی یانە و فێرگە و لقی شارەکانی یەکێتییە وەرزشییەکانی عێراق.
 
لەبارەی پەڕشوبڵاوی کاری فێرگەکان و بوونی کێشەیەکی زۆر لەنێو یانە وەرزشییەکان، گوتی "سەبارەت بە ئەکادیمیا و یانەکان لە نزیکترین کاتدا سەردانی هەموو یانە وەرزشییەکان و فێرگەکان دەکەم، گوێیان لێدەگرم و بزانم چ کێشەکیان هەیە، دەمەوێت کێشەکانی ئەوانیش چارەسەر بکەم، نەبوونی کۆمەڵگایەکی وەرزشی هۆکارە بۆ دواکەوتنی وەرزش لەم شارە، گەر بتەوێت وەرزش پێشبکەوێت دەبێت هۆڵ و گۆڕەپان و یاریگاکانت کوالێتی بەرز بێت، هەوڵدەدەین ئەو هۆڵە وەرزشیانەی هەن کوالێتیان بەرز بکەینەوە".
 
نەبوونی شارێکی وەرزشی و یاریگای نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر، خەمێکی دیکەیە و بەشێوەیەک یانەی هەولێریش کە بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراقە کێشەی سەرەکی لە نەبوونی یاریگا بۆ راهێنان و یاریگایەکی شیاو بۆ یاریکردن هەیە.
 
بەرێوەبەرە نوێیەکەی وەرزشیی هەولێر، روونیکردەوە "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی گەورەی هەیە بۆ کۆمەڵگای وەرزشی و بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزش لە هەموو شارەکانی کوردستان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە