ئەمڕۆی خولی کوردستان.. هەولێر و سۆران براوە بوون

11-11-2023
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی سۆران خولی نایابی کوردستان یانەی پێشمەرگەی هەولێر یانەی دهۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
.لە چوارچێوەی یارییەکانی سێیەمی خولی نایابی کوردستاندا، کە ئەمڕۆ 4 یاری بەڕێوەچوون، هەولێر و سۆران سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
 
لە  یاریی یەکەمدا یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە میوانی یانەی دهۆک و یارییەکە بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتاییهات، گۆڵی پێشمەرگە لە لایەن رێکار هاشمەوە بە لێدانی سەر تۆمار کرا. بەڵام زیاد ئەحمەدیش بە لێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ دهۆک یەکسان کردەوە، و نەیهێشت کوڕانی سەمیر بابۆ بە سێ خاڵەوە لە دهۆک بگەڕێنەوە.
 
لە یاریی دووەمی ئەم گەڕەدا، یانەی هەولێر میوانداری یانەی دەربەندیخانی کرد، و ئەنجامەکە تا دواخولەکەکانی یارییەکە بەبێ گۆڵ مایەوە، بەڵام عەلی سەرحان دوو خولەک پێش کۆتاییهاتنی یارییەکە بە شووتێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزاوە هەولێری کردە  خاوەنی سێ خاڵی یارییەکە. 
 
لە سێیەم یاریشدا یانەی شەقڵاوە لە چوارقوڕنەی میوان و یارییەکە بەیەکسانبوون کۆتاییهات، دوای ئەوەی هەر تیپێک توانی گۆڵێک تۆماربکات. گۆڵی یانەی شەقڵاوە لە لایەن ئامانج ئەکرەمەوە  تۆمارکرا، و بەڵێن فایق خاوەنی تاکە گۆڵی چوارقورنە بوو.
 
یاریی چوارەم و کۆتایی ئەمڕۆ، لە نێوان یانەی سۆران و سەیدسادق بوو، کە سۆرانی میوان توانی 2-1 لە سەیدسادقی میوانداری بباتەوە و بە سێ خاڵەوە بگەڕێتەوە سۆران.
 
هەردوو گۆڵەکەی سۆران لە لایەن رێزدار وەلی و بارزان قاسمەوە تۆمارکران.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی ئەمڕۆ، هەردوو یانەی هەولێر و سۆران توانیان خۆیان دوور بخەنەوە لە ژێرەوەی ریزبەندییەکە، و پێشمەرگەی هەولێریش گەیشتە پلەی دووەمی ریزبەندییەکە، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە