رووداو هەولێر
ئاسۆ رۆستەم، ئەستێرەی کوردی یانەی نەورۆز بۆ رووداو ئاشکرایکرد، لە مێرکاتۆی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا چەند یانەیەکی گەورەی عێراق داوای گرێبەستیان لێکردووە، بەڵام هەمووانی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت وەرزی ئەمساڵ خزمەتی زیاتر بە تیپەکەی بکات.
ساڵی 1994 لە كەمپێكی ئاوارەییدا لە شاری روومادی لەدایكبووە، دواتر لە ساڵی 2004 چۆتە شارۆچکەی كەلار لە سنووری دەڤەری گەرمیان، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و منداڵێکی پێنج ساڵەی هەیە.
ئاسۆ گۆڵکارێکی دیاری کوردە و وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە ریزەکانی نوێنەرەکەی سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەشکردووە، هەریەک لە یانەکانی زەورا، تەڵەبە و جەوییە لەسەرهێڵن بۆ بەدەستهێنانی ئەو هێرشبەرە کوردە.
ئاسۆ رۆستەم، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "من بەڵێنمداوە و ئەمساڵ گەڕاومەتەوە بۆ خزمەتی یانەی نەورۆز، راستە دوو یانەی ئێرانی و یانە بەنێوبانگەکانی شاری بەغدا داوای من دەکەن، بەڵام پێویستە خزمەتی زیاتری نەورۆز و هاندەرانمان بکەم، تیپەکە بهێنینەوە سەر رێچکەی راستەقینەی خۆی و ململانێ بکەین".
سەرەتای وەرزی جۆرڤان ڤێرا، راهێنەری بەرازیلی سەرکردایەتی نەورۆزی کرد، ئەنجامی باش نەبوون و ئەمەش وایکرد متمانەی لێوەربگیرێتەوە، قەحتان جسیر بووە شوێنگەرەوەی و لەدوای هاتنی ئەو راهێنەرە ئەنجامەکانی نەورۆز باش بوونە و گڕوتینێکی زۆر بە نەورۆز دەبیندرێت، ئاسۆ رۆستەم بەردەوام لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکە وەک یاریزانی سەرەڕم دەبیندرێت.
رۆستەم زیاتر گوتی "لەگەڵ قەحتان جسیر بەگشتی یاریزانەکان دڵخۆشن و گۆڕانکاری باشی لە تیپەکەمان کرد، من ئاسوودەم بەشێوازی یاریکردن و ئەو متمانەی پێمان دەبەخشێت، بەدڵنیاییەوە ئەو زۆر لە راهێنەری پێشوومان باشترە".
لە جامی کەنداوی 25ـی بەسرە ئاسۆ رۆستەم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق جامی کەنداوی بەرزکردەوە، ئەوکات لە یاری هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر سعودیە لە گێمی دووەم بەشداری یارییەکەی کرد، توانی بەلێدانی سەر گۆڵ تۆماربکات و گۆڵەکەی دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەشێوەیەک خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی وەرگرت.
گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق خەونی بەردەوامی ئاسۆیە، نەیشاردەوە و دەڵێت "من لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هەوڵدەدەم بەردەوام گۆڵ تۆماربکەم و درێژە بدەم بەئاستبەرزیم، دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەڕێمەوە هەڵبژاردەی عێراق و خەونی من بەدەستهێنانی ئەنجامی باشە لەگەڵ هەڵبژاردەکە".
ئاسۆ رۆستەم لە ناوخۆی عێراق یاری بۆ یانەکانی هەولێر، شورتە و کەربەلا کردووە، وەک یاریزانی پیشەگەر یاری بۆ یانەی سالمیەی کوێتی کردووە، وەرزی رابردوو لە خولی ئێرانی یاری بۆ یانەی ئیستقلال خوزستان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ