لێدوانی فەرمی یانەی شورتە لەبارەی ئاسۆ رۆستەمەوە

26-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاسۆ رۆستەم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا یاریزانەکە هێشتا پەیوەندیی بە تیپەکەوە نەکردووە و لە دوایین کۆبوونەوەشیدا لەگەڵ یانەکە نەگەیشتە رێککەوتن، بەڵام یانەی شورتە سوورە لەسەر ئەوەی کە ئاسۆ رۆستەم لە یانەکە دەمێنێتەوە.
 
هاشم رەزا، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی شورتە، کە ئێستا تیپەکە لە هەولێر خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی عێراق ئامادەدەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئاسۆ رۆستەم یاریزانێکی باشە و هێرشبەرێکی ئاستبەرزە، بەڵام هەروەک دەزانن هەندێکجار یاریزان لەسەر نرخی گرێبەستەکەی رازی نابێت، ئەو یاریزانی ئێمەیە و داوای لێدەکەم هاوکارمان بێت و ئەو کوڕی یانەی شورتەیە".
 
سەرپەرشتیاری یانەی شورتە زیاتر بە رووداوی گوت " راهێنەر و یانەکەش پێویستیان بە ئاسۆ رۆستەمە، کێشەکە تەنیا لە بڕی گرێبەستەکەیەتی ئەوەش پەیوەندی بە بەرپرسانی یانەکەمان هەیە و مامەڵەیان بەپێی بوودجەی ساڵانەیە، من دەڵێم پارەی کەس ناخۆین، شورتە ئەو یانەیە کە پارەی یاریزانانی خۆی بە تەواوی دەدات و قەرزاری کەس نین."
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاسۆ رۆستەم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە لەگەڵ یانەی شورتە نەگەیشتووەتە رێککەوتن، بەڵام تاوەکو بەتەواوی داهاتووی خۆی یەکلانەکاتەوە ناتوانێت بڕیاری کۆتایی خۆی بدات.
 
ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەرێکی کوردی ئاستبەرزە، لە جامی کەنداو لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بووە پاڵەوان، لەگەڵ یانەی شورتە نازناوی خولی عێراقی بەدەستهێنا و لە جامی شا سەلمانیش کە لە سعودیە بەڕێوەچوو ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لەگەڵ یانەکە گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە