ریال مەدرید لەئێستاوە لە یارییەکەی لیڤەرپوول 'تۆقیوە'

13-11-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاستی خراپی ریال مەدرید لە یارییەکانی رابردووی و پێکرانی زۆری یاریزانان، ترسێکی گەورەی لە نێو ئەو یانەیەدا دروستکردووە، لە کاتێکدا یانەکە یارییەکی گرنگ و چارەنووسساز بەرامبەر لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە چامپیۆنزلیگ، چاوەڕێی دەکات. راهێنەری یانەکە داوای گۆڕانکاریی خێرای لە توانای جەستەیی یاریزانەکانیدا کردووە.
 
ریال مەدرید بەر لە سەرکەوتنی بەسەر ئۆسەسۆنا لە لالیگا، دووچاری دوو شکستی گەورەبوو بەرامبەر بارسێلۆنا لە لالیگا و میلان لە چامپیۆنزلیگ، بەوەش یانەکە کەوتە نێو گێژاوی ئەگەری سەرنەکەوتنی راستەوخۆ بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
 
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا چوار یاریی لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ ئەنجامداوە و تەنیا دوو بردنەوەی هەیە و لە ریزبەندی 18ی خولەکەیە.
 
یاریی داهاتووی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ترسی لە ڤاڵدێبێباسی سەنتەری مەشقەکانی یانەکەدا دروستکردووە. کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، داوای پلانێکی نوێی بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی بۆ یاریزانەکانی دەکات.
 
ئەگەرچی بەشێکی بەرچاو لە یاریزانانی ریال مەدرید، ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان لە گەڕی فیفا دەیدا بەشدارن، بەڵام ریال مەدرید بیری لای بابەتێکی دیکەیە و ترسی ئەوان لە یارییە چارەنووسسازەکەی ئانفیڵدە، کە رۆژی 27ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت.
 
ریال مەدرید بە دەست کێشەی پێکانەوە دەناڵێنێت و ئەوە روونە کە یانەکە کێشەی هەیە لە توانای جەستەیی یاریزانەکانی، هەر یەکە لە چوامینی، کارڤاخال، ئالابا، میلیتاو، ڤاسکێز، رۆدریگۆ و کۆرتوا تووشی پێکان بوون و لە یارییەکە ئامادە نابن.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەکە داوای کردووە پلانێکی تایبەت بە بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی یاریزانەکان ئامادە بکرێت، لەو ماوەیەی کە یارییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدەدرێن، بۆ ئەوەی یاریزانەکانی بە تەواوی ئامادەبن لە کاتی گەڕانەوەی یاریی یانەکان.
 
ماڵپەڕی 'ریلیڤۆ'ی ئیسپانی، ئاشکرایکردووە کە لە ڤاڵدێبێباس ترسێکی گەورە لە یارییەکەی لیڤەرپوول خراوەتەڕوو و گوتراوە "ئەگەر ئاستمان بەرزنەکەینەوە، لیڤەرپوول کارەساتمان بەسەر دەهێنن".
 
لیڤەرپوول، تەواو بەپێچەوانەی ریال مەدریدەوە، لە دۆخێکی نموونەییدا دەژی. پێشەنگی پرێمەرلیگی گرتووە و لە چامپیۆنزلیگیش، لە چوار یاریدا، چوار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و پێشەنگی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە