ئەڵمانیا دەیەوێت رێگەی گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی تەواو بکات

23-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەڵمانیا نەیشنسلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی چوون بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئەڵمانیا یاری دەکات.
 
یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگ لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کاژێر 22:45 لە یاریگەی سیگناڵ ئیدونا پارک لە دۆرتموند بەڕێوەدەچێت و یەکێکیان ئەمشەو دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە و نزیکترینیان هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە.
 
مانشافت لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئیتاڵیای بردەوە، ئەوە یەکەم بردنەوەی ئەڵمانیا بوو لە نێو خاکی ئیتاڵیا لە دوای 39 ساڵ.
 
ئەمشەو ئەڵمانیا دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە و بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی رکابەرییەکە.
 
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لەبەردەم ئەرکێکی زەحمەتدایە، بەتایبەت کە یاریی چوونی لە سانسیرۆ دۆڕاند، ئەمشەو جگە لە بردنەوەی یارییەکە هیچ ئەنجامێکی دیکە خزمەتی ئەو هەڵبژاردەیە ناکات.
 
لە دوای یۆرۆی 2012ـەوە ئیتاڵیا هیچ یارییەکی لە ئەڵمانیا نەبردووەتەوە، لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا بە یارییە دۆستانە و فەرمییەکانەوە هەردوولا شەش یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا، بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و دانیمارک یاری دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە