رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتد، هەلی دەرکەوتنەوە لە پێکهاتەی یانەکەی بەتەواوی لەدەستداوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، رۆبین ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد، بڕیاری خۆی لەبارەی چارەنووسی ئەو هێرشبەرەوە یەکلاکردووەتەوە.
راشفۆرد لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، روویکردە ئاستۆن ڤێلا بەشێوەی خواستن، پاشئەوەی نەیتوانی لە پێکهاتەی تیپەکەی خۆی، شوێنێک بۆخۆی بکاتەوە.
لەو کاتەوەی لە ئاستۆن ڤێلا یارییدەکات، راشفۆرد ئاستێکی باش پێشاندەدات و لە 9 یارییدا لەگەڵ یانەکە، چوار گۆڵی دروستکردووە، هاوبەشییەکی باشی لە هێڵی هێرشبەری یانەکە لەگەڵ مارکۆ ئاسێنسیۆدا پێکهێناوە.
رۆژنامەکانی ئینگلتەرا دەڵێن، ئامۆریم بەیەکجاری راشفۆردی لە هەموو بیرکردنەوەیەکی خۆی دەرهێناوە و بڕیاریداوە هیچ هەلێکی یارییکردنەوەی لە یانەکە پێنەدات.
پێشبینیکراوە پاش تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی، راشفۆرد لە هاوینی داهاتوودا بگەڕێتەوە یونایتد، بەڵام ئامۆریم خۆی لەوەدا یەکلاکردووەتەوە کە ئەو هێرشبەرەی ناوێت، لە کاتێکدا بەرپرسانی یانەکە هەوڵدەدەن ئەو یاریزانە بەنزیکەی 60 ملیۆن پاوەند بفرۆشن.
بەرپرسانی یونایتد هیواخوازن درەوشانەوەی راشفۆرد لە ڤێلا پارک بەردەوام بێت، تاوەکو نرخەکەی لە بازاڕدا زیاتر بەرز ببێتەوە.
ئەگەر راشفۆر بەیەکجاری لە یونایتد بڕوات، پێشبینیکراوە تیپەکە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێدا بکات.
مارکۆس راشفۆرد پێگەیشتووی ئەکادیمیا یانەی مانچێستەر یونایتدە، لە 2015ەوە لەگەڵ یانەکە یارییدەکات و لە 287 یاریدا، 87 گۆڵی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ