رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئامادەیی هەڵبژاردەکەی بۆ یاریی بەرامبەر دانیمارک راگەیاند و دەڵێت "بەباشی بۆ یارییەکە ئامادەم و دەمانەوێت ببەینەوە."
رۆناڵدۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی گەڕانەوەیان لە قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگدا بەرامبەر دانیمارک گوتی "ئێمە لە دۆخێکداین پێویستە یارییەکە ببەینەوە و سەرکەوتن بەدەستبهێنین، ئەمە جوانیی تۆپی پێیە، ئەم ئاڵنگاریانە وامان لێدەکات باشترینمان لە یاریگەدا پێشانبدەین.ئێمە لە دۆخێکی هزری زۆرباشداین، ئامانجمان ئەوەیە ئەو هەڵانەی لە یاریی رابردوودا کردمان دووبارەیان نەکەینەوە."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "یاریی ئاوا هەیە و رۆژی خراپیش هەن، کە من بەهیچ شێوەیەک یاریم نەکردووە، تیپەکە بەهیچ شێوەیەک یاریی نەکردووە، بەڵام ئەوە بەشێکە لە ژیان، ئێستا کاتی دەمارگیری نییە، بەڵکو کاتی ئامادەکارییە بۆ راهێنانێکی باش و کۆکردنەوەی یاریزانان بۆ ئەوەی بە ئەرێنی یاری بکەین."
کاپتنی پۆرتوگال ئامادەیی خۆی بۆ یارییەکە دووپاتکردەوە و گوتی "من هەمیشە ئامادەم بۆ یارییکردن، بەڵام یاری بکەم یان نا، بەلای منەوە بردنەوەی پۆرتوگال گرنگترین شتە، متمانەم بەخۆم هەیە کە لە باشترین دۆخدام، لە رووی هزری و جەستەییەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکەم بکەم."
لەبارەی ئاهەنگگێڕانەکەی راسمۆس هۆیلوند لە یاریی چووندا کە لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێرا، رۆناڵدۆ گوتی " ئاهەنگگێڕانەکەی هۆیلوند کێشە نییە، من دەزانم کە ئەو بێڕێزی نەکردووە، من دەزانم نەک تەنیا ئەو، بەڵکو لە وەرزشدا زۆر لە یاریزانان لاسایی ئەم ئاهەنگگێڕانەی من دەکەنەوە."
رۆناڵدۆ لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "هیواخوازم کە لە یاری داهاتوو هۆیلوند ئەو یاریزانەبێت کە ئاهەنگگێڕانەکەی من ببینێت."
گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەکان دەڵێت "من هەمیشە دەمەوێت بەرگری لە وڵاتەکەم بکەم و تاوەکو مردنم شەڕ بکەم بۆ سەرکەوتنی پۆرتوگال، بەڵێ وەکو هەمووکات کە ئەوەم کردووە."
ئەمشەو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگدا هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر دانیمارک یاریدەکات و یاریی چوون بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی دانیمارک کۆتاییهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ