رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانیدا وەربگرێت، بۆ ئەوەی قەرەبووی دۆڕانی یاریی چوون بکاتە و بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ.
ئەمشەو کاژێر 22:45 یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و دانیمارک لەسەر یاریگەی خۆسی ئالڤالادێ لە لیسبۆن بەڕێوەدەچێت.
لە یاریی چووندا هەڵبژاردەی دانیمارک بە گۆڵێکی راسموس هویلۆند سەرکەوتنی بەرامبەر پۆرتوگال بەدەستێناوە و هەنگاوێک لە پێش پۆرتوگالەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
رۆژی شەممە هەردوو هەڵبژاردە دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و هەردوولا بۆ یەکلاکردنەوەی بلیتێکی قۆناخی پێشکۆتایی ئامادەن.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لەژێر سەرپەرشتی رۆبێرتۆ مارتینێز لە 13 یاریی نەیشنسلیگدا 11 یاریی بردووەتەوە و چاوی لەوەیە ئەمشەو بردنەوە تۆماربکات بۆ ئەوەی لە رکابەرییەکەدا بەردەوامبێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پۆرتوگالییەکان بە متمانە و ورەیەکی زۆرەوە خۆیان بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و دەیانەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردوویان بکەنەوە.
براوەی ئەم یارییە لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر براوەی یاریی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا یاری دەکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی پۆرتوگال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە بە ورە بەرزییەوە بۆ یارییەکە ئامادەین، لە رووی جەستەیی و هزرییەوە بۆ یارییەکە ئامادەم و بەلامەوە گرنگترین شت بردنەوەی پۆرتوگالە، چ ئەگەر یاری بکەم یان نا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ