سوودانی بەبڕیارێک هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق دڵخۆش دەکات

23-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرجەم بلیتە تەرخانکراوەکانی یاریی عێراق و فەلەستین بۆ هاندەران دەکڕێت و هاندەرانی عێراق دەتوانن لە یارییەکەدا پاڵپشتیی هەڵبژاردەکەیان بکەن.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی بە عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ کردووە، سەرجەم بلیتە تەرخانکراوەکانی یاریی داهاتووی عێراق بەرامبەر فەلەستین بۆ هاندەران بکڕێتەوە بۆ ئەوەی هاندەران لە یارییەکەدا ئامادەبن و پاڵپشتیی هەڵبژاردەکە بکەن."
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، ئەم دەستپێشخەرییە لەژێر رۆشنایی پاڵپشتیی بەردەوامی حکومەتی عێراقە بۆ هاندەران و هەڵبژاردەکە، هەروەها رەنگدانەوەی ئەو پەرۆشییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو سەختییانەی رووبەڕووی هاندەران دەبێتەوە کە تامەزرۆن بۆ گەیشتنی هەڵبژاردەکە بە مۆندیال.
 
عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرز دەنرخێنێت و بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردەی عێراق لە گەشتەکەیدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا.
 
یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەڵێت "ئەم پشتگیرییە ئامادەبوونی گشتی بەرزدەکاتەوە، گەشەیەکی ئەخلاقی گەورە بە یاریزانەکان دەبەخشێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی ئەرێنی و پاڵنەرێکی بەهێزیشە بۆ ئەوەی یاریزانان ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەن."
 
هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی رابردووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بەزەحمەت بەرامبەر کوێت یەکسانبوو، رۆژی سێشەممە هەڵبژاردەکە لە ئوردن بەرامبەر فەلەستین یاری دەکات و ئەمڕۆ شاندی هەڵبژاردەی عێراق بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێدەکەوێت.
 
عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، لە کۆمەڵەی دووەمدا یاری دەکات، ئێستا تیپەکە خاوەنی 12 خاڵە و بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوردن لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و سێ یاریی ماوە بۆ یەکلابوونەوەی ئەو دوو هەڵبژاردەیەی دەگەنە مۆندیال.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە