ئیسپانیا و هۆڵەندا یاریی لووتکە دەکەن و یەکێکیان دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی

23-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئیسپانیا نەیشنسلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای یەکسانبوونیان لە یاریی چووندا، ئەمشەو جارێکی دیکە هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هۆڵەندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یەکێکیان دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ.
 
یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی رکابەرییەکە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەدا لە یاریگەی مێستایا لە ڤالێنسیا بەڕێوەدەچێت، ئیسپانیا دوای ئەوەی لە یاریی چووندا لە دوایین خولەکەکاندا خۆی لە دۆڕان رزگارکرد و گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی لە رکابەرییەکەدا بەردەوامبێت و هەنگاوێکی دیکە لە پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی نزیکببێتەوە.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، پاو کۆبارسی تووشی پێکانبووە و بەو هۆیەوە هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەڕایەوە بارسێلۆنا و بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات.
 
لە هەڵبژاردەی هۆڵەندا، دێنزێل دومفرێس، رایان گراڤینبێرخ و جێردی شۆتێن پێکانیان هەیە و یۆرێل هاتۆ، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی چووندا بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هۆڵەندا لە یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا، رووبەڕووی براوەی یاریی فەرەنسا و کرواتیا دەبێتەوە.
 
لویس دی لافوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەڵێت "کێشەی بردنەوە ئەوەیە تۆ لەسەری رادێیت، ئێمە کۆمەڵێک یاریزانمان هەیە ویستی گەورەیان هەیە، کە دەیانەوێت بەردەوامبن لە گەشەکردن، ئێمە خاوەنی یاریزانی گەنج و زۆرباشین، کە ویستی گەورەی رکابەریکردن و بەردەوامبوونیان هەیە، جەخت لەوە دەکەمەوە کە کاتێک دەچیتە نێو دینامیکییەکی لەمشێوەیە، قورسە ورەکەت لەدەستبدەیت، ئێمە بەردەوامبین، بە تێگەیشتن لەو ئاڵنگاریانەی رۆژ لە دوای رۆژ قورستر دەبن، درک بەوە دەکەین کە رکابەرەکانمان رۆژ لە دوای رۆژ باشتر دەمانناسن و رکابەرەکانمان زۆر بەهێزن."
 
رۆناڵد کۆمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "هەردوو تیپ سوودیان لە یاریی پێنجشەممە وەرگرتووە و چاوەڕێدەکەم یارییەکی ماندووکەر بێت."
 
راهێنەری هۆڵەندا زیاتر گوتی "ئیسپانیا هەلێکی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، لە بەرامبەردا هەلی هۆڵەندا کەمترە، چونکە ئەوان پاڵەوانی یۆرۆ و نەیشنسلیگن، ئێمە لە یارییەکەی رۆژی پێنجشەممەدا زۆرباشبووین و هیوادارم ئەوە دووبارەبکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە