رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای دۆڕاندانیان لە یاریی چووندا، هەڵبژاردەی فەرەنسا بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگ ئامادەکردووە و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
هەڵبژاردەی فەرەنسا، دوای ئەوەی لە یاریی چوونی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە کرواتیا دۆڕا، ئەمشەو لە پاریس یاریی گەڕانەوە ئەنجامدەدات و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتوو.
فەرەنسا شەوی رابردوو لەژێر لێزمەی باراندا دوایین مەشقەکانی ئەنجامدا و تیپەکە بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە، کە کاژێر 22:45 لە یاریگەی ستاد دو فرانس بەڕێوەدەچێت.
ئەدریان رابیۆ، ناوەڕاستکاری یانەی مارسیلیا دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا تووشی پێکانبوو بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات.
فەرەنسا یاریی چوونی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاندووە، ئەرکیان لە یارییەکەی ئەمشەودا زەحمەتە و جگە لە بردنەوەی یارییەکە تیپەکە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو.
ئەمشەو لەنێوان کیلیان ئێمباپێ و لوکا مۆدریچدا یەکێکیان دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ و ئەوەی دیکە دەگەڕێتەوە مەدرید، بۆ پەیوەندیکردنەوە بە یانەی ریال مەدرید و خۆ ئامادەکردنی بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەکە.
کرواتیا دوایین دوو یاریی لەسەریەکی لە فەرەنسا بردووەتەوە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، ئەمشەو دەیەوێت پارێزگاری لە ئەنجامی یاریی چوون بکات بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ