پێرێز رێگەنادات ئەستێرەکان بگەڕێنەوە ریال مەدرید

11-11-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێرخیۆ رامۆس کریستیانۆ رۆناڵدۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بەهۆی پێکانی بەشێکی یاریزانەکانی بۆ ئەم وەرزە لە رووی لیستی یاریزانانەوە کێشەی هەیە و قسە و باسی زۆر لەبارەی یانەکەوە هەیە و هەمووان دەیانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانەیان دەستبکەوێت، کە لە گواستنەوەکانی داهاتوودا یانەکە کێ دەگوازێتەوە.
 
ئیدێر میلیتاو، بەرگریکاری بەرازیلی بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بۆشایەکی گەورە لە هێڵی بەرگری یانەکەدا دروستدەکات و ناوی چەند یاریزانێک بە یانەکەوە بەستراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی زستانەدا یانەکە گرێبەست لەگەڵ یەکێکیان بکات.
 
یەکێک لەو یاریزانانەی ناوی بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکار و کاپتنی پێشووی یانەکەیە کە ئێستا بێ یانەیە، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی شاهانە لە دژی بیرۆکەی گەڕانەوەی یاریزانەکەیە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ئەمە جاری یەکەم نییە فلۆرێنتینۆ رێگری لە گەڕانەوەی یاریزانەکانی پێشووی یانەکەی دەکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید بیرۆکەی گەڕانەوەی رامۆس رەت ناکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، بەڵام کێشەکە پێرێزە و سەرۆکی ریال مەدرید، بەهۆی ئەو کێشانەی لە هاوینی 2021 لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی سێرخیۆ بۆ ماوەی ساڵێک هەیبوو، نایەوێت ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، رامۆس ئامادەیە بگەڕێتەوە ریال مەدرید، بەڵام پێرێز ئامادەنییە دەرگای یانەکە بۆ ئەو یاریزانە بکاتەوە، بەمشێوەیەش یاریزانەکە ناگەڕێتەوە و ئەو لە بژاردەکانی ریال مەدرید بۆ پڕ کردنەوەی هێڵی بەرگری یانەکە لە پلانەکاندا دەردەهێنرێت.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، پێشینەی مامەڵەی هاوشێوەی هەیە، پێشتر بیرۆکەی گەڕانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە زستانی 2023 رەتکردووەتەوە، لەکاتێکدا یاریزانەکە لاریی نەبوو لە گەڕانەوە بۆ یانەکە.
 
ئەو کاتە ڤیدیۆیەکی پێرێز لەگەڵ هاندەرێک بڵاوبووەوە، هاندەرەکە داوای گەڕاندنەوەی رۆناڵدۆ دەکات، پێرێز دەڵێت "جارێکی دیکە؟ لە تەمەنی 38 ساڵیدا" ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی بیرۆکەی هێنانەوەی دۆن بۆ یانەکە.
 
ئێستا سێرخیۆ رامۆسیش تەمەنی 38 ساڵە، هەمان ئەو تەمەنەیە کە پێرێز رەتیکردەوە رۆناڵدۆ بگەڕێنێتەوە، کە بەهەمان شێوەی رامۆس پەیوەندییەکانی ئەوکاتە لەگەڵ رۆناڵدۆش باش نەبوون.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی رەتکردنەوەی گەڕانەوەی رامۆس لەلایەن ریال مەدریدەوە، ئەو پێکانانەیە کە یاریزانەکە لە دوایین ساڵەکانی یارییکردنیدا تووشی بوو و 30 یاری لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا دوورکەوتەوە و 6 جار تووشی پێکانبوو.
 
جگە لەوەش سێرخیۆ رامۆس، لە یانەی پاریس سانجێرمانیش تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە 3 مانگ دوورکەوتەوە، بۆیە ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک بکات کە توانایەکی باشی هەبێت، تەمەنی گەورە نەبێت و لە رووی یارییکردنیشەوە زۆرباش ئامادەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە