رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی کاپتنی یانەی نەسڕی سعودیە، بۆ یەکەمجار راشکاوانە هۆکاری رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات.
رۆناڵدۆ دوای گەشتێکی درێژخایەن، کە لە ساڵی 2009 تاوەکو 2018 بەردەوام بوو، ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی جێهێشت، دوای ئەوەی بڕیاریدا بچێتە یوڤێنتوس.
پاشان ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی 2021 پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کرد، دواتر لە مانگی نۆڤەمبەری 2022 بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستەکەی هەڵوەشێنرایەوە، دواتر لە مانگی یەکی ساڵی 2023 روویکردە یانەی نەسڕی سعودیە.
رۆناڵدۆ لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ بەرنامەی ئێل چیرینگویتۆدا قسەی کرد سەبارەت بە هۆکارەکانی رۆیشتنی لە ریال مەدرید لە هاوینی 2018.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە گوتی "ریال مەدریدم بەجێهێشت، چونکە ویستم لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی وەرزشی تۆپی پێمدا هەبێت".
دۆن هەروەها گوتی "ئەم بابەتەم بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید گوت، ئەویش قبوڵى کرد، بەڵام دواتر هەوڵیدا بگەڕێتەوە و قەناعەتم پێبکات کە بمێنمەوە، بەڵام من رەتمکردەوە، چونکە بەڵێنم بە یوڤێنتوس دابوو".
لە کۆتاییدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی "لە قۆناخی دانوستانەکاندا کاتێک ریال مەدریدم بەجێدەهێشت، فلۆرێنتینۆ پێرێز بەباشی مامەڵەی لەگەڵ نەکردم، من لەوە تێگەیشتم، چونکە هەمیشە ئەوە شێوازەکەیەتی".
ئەوکات هەواڵەکان باسیان لەوە دەکرد کە ناکۆکی دارایی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی رۆناڵدۆ هەبووە، ئەمەش وایکردووە کریس بەرەو یانە ئیتاڵییەکە بڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ