پێرێز لەدوای یاریی ئاتلێتیک بیلباو نامەیەکی نهێنی بۆ ئێمباپێ ناردووە

18-12-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ فلۆرێنتینۆ پێرێز کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ناوەڕۆکی نامەیەکی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدیان ئاشکراکردووە، کە بۆ کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی تیپەکەی ناردووە، بەمەبەستی ئەوەی داوای لێبکات سەرکردایەتی تیپەکە بگرێتە ئەستۆ و کەسایەتی بەهێزی خۆی نیشان بدات، ئەمەش دوای ئەو رەخنانە کە لەماوەی رابردوودا ئارستەی یاریزانەکە کران، بەهۆی ئەوەی ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
 
ئێمباپێ لەم ماوەیەی دواییدا بەدەست رەخنەی زۆرەوە دەناڵێنێت، چونکە بەو ئاستە دەرنەکەوت کە چاوەڕوان دەکرا لە سەرکردایەتیکردنی تیپەکەدا، هەرچەندە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەرەکەی لەم دواییانەدا پێگەی یاریکردنی لەناو یاریگادا لەلای چەپ رێکخست، بەڵام ئێمباپێ نەیتوانیوە ئەوە بقۆزێتەوە.
 
لەوانەیە ئێمباپێ ئەمشەو بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی کیشوەرەکاندا بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی بکات، کە لە قەتەر بەڕێوەدەچێت، بەو پێیەی باس لەوە کراوە کە لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە کە نەیتوانیوە بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ یاری بکات لە خولی ئیسپانیا، کە یارییەکە 3-3 کۆتاییهات، و کیلیان ئامادەیە بەدوای دووەم نازناوی خۆیدا بگەڕێت لەگەڵ یانەی شاهانە، دوای ئەوەی لە سەرەتای وەرزدا جامی سوپەری ئەورووپای بەدەستهێنا.
 
رۆژنامەی رێلیڤۆ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، یانەی ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ کردووە بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی تیپەکە بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە، ئامانجەکە تەنیا دۆزینەوەی هاوبەشێک نەبوو بۆ ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ لە هیڵی هێرشبردنی تیپەکەدا، بەڵکو ئامانجی ئەو یانەیە بوو یاریزانەکە رۆڵی سەرکردایەتی لە سەرووی یاریزانەکانی دیکەوە بگرێتە ئەستۆ، کە چاوەڕوان دەکرا لە کاتی پۆشینی درێسە سپییەکەدا بگاتە بەرزترین ئاستەکانی، و نزیک بێتەوە لەوەی کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یان راول گۆنزالێز دەیانکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە نەهاتووەتەدی.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "کیلیان ئەو کەسە دەبێت کە قسەی کۆتایی لەسەر بەشداریکردنی یان نەکردنی لە بەرامبەر پاچوکادا دەبێت، ئەمەش لە مانگەکانی یەکەمی وەرزدا رووی نەدا، بەو پێیەی دەنگی بەرز نەدەکردەوە و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکرد، بەڵام هێرشبەرەکە کە رۆژ بە رۆژ کاریگەرییەکەی زیاد دەکات، دەست دەکات بە درککردن بە قەبارەی کەسایەتییەکەی".
 
رۆژنامەکە لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "ئەم رۆڵە کە ئێستا لەگەڵ ڤینیسیۆسدا هاوبەشی دەکات، دوای گۆڕانکاری لە عەقڵیەتیدا هات، سەرەتا شکستی بەرامبەر بە لیڤەرپوول 0-2 و دواتر بیلباو بەئەنجامی 1-2 شۆکێکی گەورەبوو بۆ ئێمباپێ، کە لە هەردوو یارییەکەدا دوو لێدانی سزای لەدەستدا و بەرامبەر خیتافی بەهۆی نەبوونی متمانە لێدانێکی سزای بە بێلینگهام و لێدانێکی دیکەی بە رۆدریگۆ دا، هەرچەندە ئەوەی دووەمیان لێدانی سزای جێبەجێنەکرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ نەیمار لە پاریس سانجێرمان شەڕی لەسەر لێدانی سزا دەکرد، کەچی ئێستا بە هاوڕێکانی دەبەخشێت".
 
لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە "ئەم رەفتارە خۆبەزلزانەی ئێمباپێ، تەنانەت هەندێک لە ئەندامانی تیپەکەی نیگەران کردووە و هەمووان هەوڵیان دەدا پاڵنەرێک بۆ ئەو یاریزانە دروستبکەن کە هاتبوو بۆ ئەوەی مێژوو لە یانەکەدا تۆماربکات، دوای رەخنەی زۆریش تێگەیشت کە دەبێت مامەڵەکردنی لەگەڵ چەند کەسێک لە ژووری جلگۆڕین بگۆڕێت، دانیان بە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ئەودا ناوە، دڵنیایان کردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بێت کە پێشتر بووە، و خۆی ئەم پەیامەی لە رێگەی پۆستێکەوە لە ئینستاگرام گەیاندووە بە هاندەران، و دەڵێت "ئەوەیە باشترین کات بۆ گۆڕینی دۆخەکە و سەلماندنی ئەوەی کە من کێم".
 
رێلیڤۆ دووپاتیکردەوە "دوای یارییەکەی بیلباو، فلۆرێنتینۆ پێرێز پەیامێکی هێمنانەی بۆ کیلیان ئێمباپێ ناردووە، و داوایلێکردووە نەترسێت و بەرپرسیارێتی سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لەئەستۆ بگرێت، بۆ ئەوەی هەست بکات ژمارە یەکە، لەبەرئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە هێنراوەتە ریال مەدرید".
 
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت "پێرێز لە نامەکەیدا بە ئێمباپێ گوتووە وەک کریستیانۆ و رائول سەرکردە بە".
 
لە کۆتاییدا ریلیڤۆ دەڵێت "لە چەند رۆژی رابردوودا کیلیان خۆی چووەتە لای پزیشکێکی تایبەتی ئێسک بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە جەستەییەکانی بدات لە کەمترین ماوەدا و یارمەتی تیپەکەی بکات لە دەوحە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە