رووداو هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی جامی ئاسیا بۆ خوار تەمەن 23 ساڵ، هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق لەنێو یاریگەی جاسم بن حەمەد لە شاری دەوحە یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ژاپۆن دەکات.
هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق، بەسەرکردایەتی رازی شنێشلی راهێنەر ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە و دەیەوێت بگاتە یاریی کۆتایی، بەبردنەوەی ئەم یارییە عێراق بلیتی گەیشتن بە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس دەبڕێت.
رازی شنێشل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، رایگەیاند "یارییەکە ئاسان نییە و دەزانم تیپێکی بەهێز ململانێمان دەکات، بەڵام ئێمە وەک یەک خێزان کاردەکەین و هەموومان چاومان لە بەدەستهێنانی مافی بەشداریکردنە لە یارییەکانی ئۆڵێمپیاددا".
هەریەک لە هەڵۆ فایەق و بڵند ئازاد دوو یاریزانی کوردن لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراقن.
هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق لە جامی ئاسیای خوار 23 ساڵ لە هەڵبژاردەکانی تایلەند، تاجیکستان، سعودیە و ڤێتنامی بردەوە، تیپەکە 9 گۆڵی تۆمارکردووە.
لای خۆیە زەید تەحسین، کاپتنی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق، گوتی "یارییەکی هەستیارە و دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین و تەواوی ئەو ئەرکانەی لەلایەن راهێنەر پێمان دەدرێت جێبەجێی بکەین".
هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەر لە سێ مانگ کە یارییەکانی لە دەوحە بەڕێوەچوون، دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ توانی لە ژاپۆن بباتەوە، ئێستا هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق چاوی لە دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆیە.
عێراق لە مێژووی خۆیدا 5 جار بەشداری یارییەکانی ئۆڵیمپیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ