نیوەی دووەمی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات

04-02-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-
رووداو دێجیتاڵ 

گەڕی 15ـی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات و زاخۆ و رزگاری یاریی لووتکەی ئەم گەڕەن، کە بەدڵنیاییەوە یارییەکانی ئەم گەڕە گۆڕانکاری لە ریزبەندییەکەدا دروست دەکەن. 
 
چوارقوڕنە – ئاکرێ 
 
لە یەکەم یاریی ئەم گەڕەدا، یاریی لووتکەی نێوان ئەم دوو یانەیە بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە چەند گرێبەستێکی نوێیان کردووە بۆ نیوەی دووەمی خولی نایابی کوردستان. 
 
یانەی ئاکرێ، بە گواستنەوەی رۆچا سانتۆسی بەرازیلی و حوزاف عەلی، ئامانجیەتی لە نیوەی دووەمی خولەکە بە بەهێزی دەستپێبکات و چوارقوڕنەش چەند یاریزانێکی نوێی هێناوەتە ریزەکانی و دەیەوێت ئەم سێ خاڵە بکاتە دەستپێکێکی بەهێز بۆ نیوەی دووەمی خولەکە. 
 
یانەی چوارقوڕنە بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ لە چواردەیەمی ریزبەندییەکەدایە و ئاکرێش لە چوارەمی ریزبەندی خولەکەدایە. 
 
پیشەسازی – دەربەندیخان 
 
ئەو یانەیەی کە بە سەرەتایەکی بەهێز دەستیپێکرد و دواتر سەرکەوتنی لەبیرکرد، یانەی پیشەسازییە و دەربەندیخانیش، بە هاوکاری فەرحان شکوور لە نیوەی یەکەمدا 26 گۆڵیان تۆمارکرد و هاوشانی زاخۆ و شێروانە زۆرترن گۆڵی لە نیوەی یەکەم تۆمارکرد.
 
پیشەسازی لە دەوایین نۆ یارییدا هیچ سەرکەوتنێکی نییە و یاریی لە دوای یاریی ئاستی لە دابەزین بوو لە نیوەی یەکەم و پێچەوانەی یانەی دەربەندیخان کە لە دوایین شەش یارییدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاوە.  
 
پیشەسازی بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی 10ـدا دەبینرێت، یانەی دەربەندیخانیش بە 19 خاڵ لەپلەی شەشەمە.
  
هەندرێن  - شێروانە 
 
یانەی هەندرێن، دوای نیوەی یەکەمی خولەکەی زۆر بەخراپی بەڕێکرد، بۆ نیوەی دووەم گرێبەستی لەگەڵ شەش یاریزانی نوێ واژۆ کردووە و دەیەوێت لە یەکەم یاریی نیوەی دووەمدا لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بباتەوە کە شێروانەیە. 
 
یانەی شێروانە تاوەکو ئیستا باشترین یانەی ئەم وەرزەی خولەکەیە، زێدەباری ئەوەش یانەکە چەند یاریزانێکی نوێی هێناوەتە تیپەکە، ئامانجییەتی ئەم نیوەیەش هەر لە پێشەنگی ریزبەندییەکەدا بێت 
 
یانەی هەندرێن بە کۆکردنەوەی 13خاڵ لە پلەی 12ـدا دەبینرێت، شێروانەش 30 خاڵی هەیە و پێشەنگی ریزبەندییە
 
 
پێشمەرگەی هەولێر – شەقڵاوە 
 
پێشمەرگەی هەولێر میوانداریی یانەیەکی بریندار دەکات ئەویش شەقڵاوەیە، ئەو یانەیەی کە راهێنەران بە زەحمەتیان دەبینی ئەرکی راهێنەرایەتیکردنی ئەو یانەیە لەئەستۆ بگرن، ئێستا بە راهێنەرێکی نوێی ئیرانی، کە موستەفا بابەزادە، دەیەوێت لە ناوچەی دابەزین رزگاری بێت، پێشمەرگەی هەولێریش نایەوێت لە رکابەری شێروانەدا داببڕێت. 
 
پێشمەرگە بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە دووەەمی ریزبەندیدا دەبینرێت، شەقڵاوەش بە 13 خاڵ لە پلەی 13 دەبینرێت. 
 
 
برایەتی – رانیە 
 
یانەی برایەتی میوانداری یانەی رانیە دەکات، لە یاریی چووندا یانەی رانیە لە نێو یاریگای خۆیدا لە برایەتی بردەوە، بۆیە ئەم یارییە بۆ یانەی  برایەتی گرنگە، رانیەش سەرەڕای ئەوەی دەستبەرداری چەند یاریزانێکی سەرەکی یانەکە بوو، بەڵام دارا محەممەدی راهێنەر دەیەوێت لە نیوەی دووەم یانەی رانیە لەو ئاستە بەرزەی بهێڵێتەوە. 
 
برایەتی لە دوایین شەش یارییدا لە خول تەنیا یەک سەرکەوتنی هەیە، رانیەش لە دوایین شەش یارییدا تەنیا یەک شکستی هەیە و ئاستی یانەکە دوای دەستبەکاربوونی دارا محەممەدی راهێنەر گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە. 
 
یانەی برایەتی بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی 14ـدا دەبینرێت، رانیەش 18 خاڵی هەیە و لە حەوتەومی ریزبەندییە.
 
زاخۆ – رزگاری 
 
یانەی زاخۆ، لە یاریی لوتکەی ئەم گەڕەدا رووبەڕووی یانەی رزگاری دەبێتەوە و هەردوو یانە رکابەری لەسەر بەدەستهینانی نازناوی خولەکە دەکەن. 
 
یانەی زاخۆ، لە سەرەتای وەرزەوە بە ئاستێکی جێگیرەوە تێدەپەڕێت، یانەکە لە 14 یارییدا تەنیا دوو دۆڕانی هەیە بەرامبەر هەریەک لە یانەکانی شێروانە و رزگاری، هەر بۆیە یانەی زاخۆ دەیەوێت تۆڵەی یاریی چوون بکاتەوە و سەرکەوتن بەسەر یانەی رزگاریدا بەدەستبهێنێت. 
 
هەرچەندە یانەی رزگاری ئەم وەرزە سەرکەوتووە بۆ ریزی پلە نایابی کوردستان، بەڵام ئەنجامی یانەکە هەمووانی شۆک کردووە و تاوەکو ئێستا لە 14 یاریی خولەکە تەنیا یەک دۆڕانی هەیە ئەویش بەرامبەر لە یاریی دێربی گەرمیان بەرامبەر یانەی شیروانە بوو. 
 
یانەی زاخۆ بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ لە چوارەمی ریزبەندیەکەدا دەبینرێت، رزگاریش تەنیا خاڵێک لە پێش یانەی زاخۆوەیە و لە پلەی سێیەمدایە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە