رووداو هەولێر
سۆران عەزیز، ئەستێرەی کوردی یانەی موسڵ ئاشکرایکرد، هەموو خەونێکی یاریکردنە لە ریزی یانەیەکی کوردی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام نیگەرانە لەوەی کە تیپەکانی کوردستان بەهای ئەستێرەکانی کورد نازانن.
ئەو یاریزانە ماڵباتەکەی خەڵکی کەرکووکە و ساڵانێکی زۆرە لە شارۆچکەی بنەسڵاوە دەژین، لە 1996 لەدایکبووە ژیانی لە هەولێر کردووە، دەستپێکی کاروانی وەرزشی لەگەڵ تیپی لاوانی یانەی برایەتی بوو کاتێک لە وەرزی 2015 - 2016 نازناوی خولی لاوانی کوردستانیان بردەوە.
وەرزی ئەمساڵ سۆران عەزیز، بۆ یەکەمجار ئەزموونێکی نوێی لە خولی نایابی عێراق لەگەڵ یانەی موسڵ تاقیکردەوە، وەک ناوەڕاستکار توانی سەرنجی هەمووان راکێشێت و بە 5 گۆڵ و دوو ئاسیست، بەشێوەیەک دەرکەوت یانەی تەڵەبە هاتووەتە سەرهێڵ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی.
سۆران عەزیز، یاریزانی کوردی یانەی موسڵ بۆ رووداو، گوتی "دڵخۆشم کە کاروانێکی نوێی ژیانی وەرزشیم لە خولی نایابی عێراقە و هەنگاوێکی باشم ناوە، یانەی تەڵەبە لەسەرهێڵە و سێجار پێیانگوتم گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکەم، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییم نەداوە".
لە خولی نایابی کوردستان لەگەڵ یانەی برایەتی و یانەی هەندرێن یاریکردووە، لە ریزی هەندرێن جامی کورستانی بردووەتەوە و خاوەنی 20 گۆڵە، وەک ئەستێرەیەکی کورد خەونی گەورەی پۆشینی درێسە زەردەکەی یانەی هەولێرە و دەیەوێت بەو ئاواتەی بگات.
لەبارەی هەنگاونان بەرەو خولی ئەستێرەکانی عێراق، روونیکردەوە "من کوردم، زوڵمە بچم خزمەتی یانەیەکی عەرەبی و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەم، خەونی گەورەی من ئەوەیە لەنێو شارەکەمدا درێسی یانەی هەولێر بپۆشم و لەسەر تیپەکە بجەنگم، بەڵام مخابن یانەکانی کوردستانی نرخی یاریزانی کورد نازانن و دەچن یاریزان لە دەرەوە دەهێنن کە هێندەی ئێمە باش نین، مخابن کە یاریزانی وەک من و عەلی شاخەوان و ئاکام هاشم لە دەرەوەی شاری هەولێر یاری دەکەین".
دوای تێپەڕبوونی سێزدە گەڕ لە یارییەکانی خولی نایابی عێراق، یانەی موسڵ بەکۆکردنەوەی 21 خاڵ پلەی پێنجەمی ریزبەندی گرتووە و دەیەوێت بۆ خولی ئەستێرەکان سەربکەوێت، هەریەک لە سۆران عەزیز و ئەمیر رۆژبەیانی لەگەڵ سەردار عارف سێ یاریزانی کوردی تیپەکەن.
میهرەبانی و میواندۆستی خەڵکی موسڵ سەرنجی سۆرانی راکێشاوە، ئەو ئاشکرایکرد "زۆربەی کاتەکان بەهۆی نزیکی شاری موسڵ لە هەولێر رۆژانە بۆ راهێنانەکان هاتوچۆ دەکەین و کەم لەوێ دەمێنینەوە، بەداخم کە یاری یانەکەم لە ئاکرێ ئەنجامدەدرێت کە کاریگەری لەسەر ئامادەبوونی هاندەران و تێکەڵبوونیان دروستکردووە، بەڵام موسڵییەکان مهیرەبانن و زۆر رێزم دەگرن، ئەوان میواندۆستن و زمانی عەرەبی باش نازانم، کەچی زۆر پێماندەڵێن مەڕۆن و دەرگای ماڵەکانیان واڵا دەکەن، بۆیە هەست دەکەم لەنێو ماڵباتی خۆمدا دەژیم".
سۆران عەزیز، بەر لەوەی ئاشنای تۆپی پێ بێت یاریزانی بالە بووە، نەیشاردەوە کە ئەگەر لە تۆپی پێ دەرنەکەوتبا ئەوا دەبووە یەکێک لە یاریزانە باشەکانی یاری بالە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ