رووداو هەولێر
نزار مەحرووس، راهێنەری سووری سەرسامە بە بەرزبوونەوەی ئاستی یانە کوردستانییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق. پێیوایە یانەی زاخۆ بەربژێرە بۆ بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی خولەکە. ئەو بە رووداوی گوت "حەزدەکەم ببمەوە راهێنەری یانەی هەولێر".
مەحرووس لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 'تۆڕی میدیای رووداو'، دووپاتیکردەوە کە چاودێری خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات و نەیشاردەوە کە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ یانەکانی کوردستان هەیە و گوتی "بەراشکاوی دەڵێم هەموو یانەکانی کوردستانم لە دڵەوە خۆشدەوێن و راهێنەری هەرسێ یانەی هەولێر، نەورۆز و زاخۆ بووم، بێگومان لەگەڵ هەولێر نازناوی خولی عێراقمان بردەوە، یانەی نەورۆزم لە خراپترین دۆخدا رزگارکرد، لەگەڵ یانەی زاخۆش رۆژانی پڕ دەسکەوتمان هەبوو".
ئەو لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر هەیە بگەڕێتەوە کوردستان و ئەرکی راهێنەرایەتی یانەیەک وەربگرێتەوە، گوتی "لە راستیدا هەولێر پێشەنگە لای من بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکەم، بەڵام لە رێزی هەمووان کەسی باش هەن و پێشکەوتوون، پێشوازیی لە هەمووان دەکەم".
راهێنەرە سوورییەکە زیاتر باسی خولی ئەستێرەکانی عێراقی کرد و گوتی "ئەمساڵ پاشەکشەی یانەکانی بەغدا دەبینم و ئاستبەرزیی یانەکانی کوردستان رەنگی داوەتەوە، لوئەی سەڵاح راهێنەرێکی ژیر و رەوشتبەرز و زیرەکە، مخابن لەنێو دۆخی خراپی ئەنجامە خراپەکانی یانەی جەوییەدایە و دەبێت هاندەرانیان و دەستەی کارگێڕیی ئارام بگرن و دڵنیام کاری گەورە دەکات و پڕۆژەی باشی بۆ داهاتوویان پێیە".
نزار مەحرووس، لە وەرزی 2012-2013 راهێنەری یانەی هەولێر بووە توانی نازناوی خولی عێراق بۆ یانەی هەولێر بباتەوە و لە جامی یەکێتیی ئاسیاش پلەی دووەمی وەرگرت، بەر لە دوو وەرز راهێنەری یانەی نەورۆز بوو تیپەکەی لە لێواری مەترسی دابەزین بۆ خولی نایاب رزگارکرد، سەرەتای وەرزی رابردووش راهێنەری یانەی زاخۆ بوو، لەگەڵ کوڕانی خابوور ژمارەیەک ئەنجامی باشی نوسیەوە.
یانەی زاخۆ لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، تیپەکە بەپشتبەستن بە ژمارەیەک ئەستێرەی گەورە، بەکۆکردنەوەی 42 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەدایە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار نازناوی خولەکە بباتەوە.
مەحرووس سەرسامە بە ئاستبەرزی یانەی زاخۆ و بەربژێری دەکات بۆ بردنەوەی نازناوی ئەمساڵ "ئەم وەرزە یانەی زاخۆ بەربژێری منە بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەبەرئەوەی دەستەی کارگێڕییەکەی بەشێوەیەکی باش و بەپلانێکی تۆکمە تیپێکی پڕ لە ئەستێرەیان دروستکردووە، هاندەرانی دڵسۆزن، لەدوای ئەوان هەریەک لە یانەکانی شورتە کە سەقامگیرییەکی زۆری هەیە لەگەڵ یانەی زەورا رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوە دەکەن".
راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر، نەورۆز و زاخۆ، تەنیا سەرنجی لەسەر یانەکان نییە، بەڵکو سەرنجی لەسەر ئەستێرەکانیشە و لەبارەی یاریزانە دڵخوازەکانی گوتی "ئەوەندەی سەیری یارییەکان دەکەم، ئەحمەد سەبری، یاریزانی کوردی یانەی نەفت ئاستی زۆر بەرزە و جێگای دەستی لە ئەنجامە باشەکانی تیپەکەیدا دیارە. ئەمجەد عەتوان ئەستێرەیەکی گەورە و کاریگەر و جۆکەرە توانیویەتی خاڵی یەکلایکردنەوەی ئەنجامە باشەکانی یانەی زاخۆ بێت. هەروەها ئەحمەد ئیبراهیم بەهۆی بوونی ئەزموونێکی زۆر بووەتە دیوار و قەڵخان لەبەردەم رکابەرەکانی یانەی زاخۆ. لە ریزی یانەی هەولێریش شێرکۆ کەریم خاڵی یەکلاکەرەوەی تیپەکەیە. راستی قوقیەش یاریزانێکی ئاستبەرزی یانەی زەورا و خولەکەیە".
مەحرووس، لە ساڵی 1963 لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا لەدایکبووە، لە 1982 تاوەکو 1994 یاریزانی هەڵبژاردەی سووریا بووە و 100 یاری نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، لەسەرئاستی خولی وڵاتەکەی وەک یاریزان لە ریزی یانەکانی وەحدە، جەیش، تشرین یاری کردووە، وەک یاریزانی پیشەگەریش لە ریزی یانەی سەحمی عوممانی کردووە.
ئەو سەرنج و ستایشی لەسەر خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق هەیە "کاساس ئاستێکی باشی هەیە، رەخنەی زۆری لێدەگرن، بەڵام دەبێت هاندەران و وەرزشوانان لێی تێبگەن و پێموایە کارێکی باشی پێشکەشی عێراق کردووە، جێگای پەنجەی دیارە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی عێراق و نابێت میدیای عێراق هێندە دژایەتی بکەن".
زیاتر گوتی "دەبێت ئازادی بدرێتە راهێنەر، لە راستیدا ئەمساڵ محەممەد قاسم، یاریزانی یانەی نەجەف ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و نازانم بۆ بانگهێشتی هەڵبژاردەکە ناکرێت! تەنانەت مەروان حوسێن یاریزانی یانەی نەورۆز ئەویش شایستەی یاریکردنە لە هەڵبژاردەی عێراق، ئەمە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت راهێنەر لە کارکردن ئازادی تەواوی بدرێتێ".
ئەو راهێنەرە سوورییە یادەوەری جوانی لە رۆژانی ژیانکردنی لە هەولێر هەن "ناتوانم باسی ئەو هەموو یادگارییە جوانە بکەم بەتایبەت ئەوکاتەی یەکەم بووین، کاتێکی خۆشم بەسەربرد، لە هەموو شوێنەکانی شارەکە پێشوازیی گەرمم لێدەکرا و لە بازاڕ لای قەڵا، بەشێوەیەک پەیوەندیم بەهێزە لەگەڵ خەڵکی هەولێر ئێستاش رۆژانە قسەیان لەگەڵ دەکەم، خۆشەویستییەکی زۆرییان لە دڵی من بەجێهێشتووە".
نزار مەحرووس، خاوەن بڕوانامەی پڕۆیە لە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا و ئەورووپا، بڕوانامەی نێودەوڵەتی لە بواری لێهاتوویی جەستەیی لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا وەرگرتووە.
ئەو ساڵانێک تەمەنی وەک راهێنەر لە خولی عێراق بەسەربردووە، ئەو دانەبڕاوە و بەردەوام لە رێگای تەلەڤزیۆنەوە سەیری یارییەکانی خولەکە دەکات و ئاگاداری ورد و درشتی ئەنجامی یارییەکانە.
راهێنەرە سوورییە ئەزمووندارەکە، لەبارەی خواستی بۆ گەڕانەوەی بۆ خولی عێراق روونیکردەوە "لەسەر خولی عێراق بەردەوام پەیوەندیم لەلایەن یانەکانەوە بۆ دێت، بەڵام من جارێ هیچ بڕیارێک نادەم، چونکە لەگەڵ یانەی وەحدە گرێبەستم هەیە، ئەگەر خول هەر بەمشێوەیە سڕ بێت و نەڕوات ئەوکات مافی خۆمە بیر لە گفتوگۆ لەگەڵ یانەکانی کەنداو یان گەڕانەوە بۆ عێراق بکەمەوە، بەڵام دەبێت هەموو مافەکانی خۆم وەربگرم و بە تەواوی گرێبەستەکەم لەگەڵ وەحدە یەکلایی بکەمەوە، من پێموایە خولی عێراق زۆر بەهێزە و شانازی بە کارکردن لەو خولەدا دەکەم".
ئەو زیاتر گوتی "لە دوو وەرزی رابردوودا پێشکەوتنێکی زۆرم لەو خولەدا لە رووی رێکخستن و گواستنەوەی پەخشی یارییەکان بە ئامێری سەردەمییانە بینی، هەندێک یانەش ئاستیان دابەزیوە، بەڵام یانەکانی کوردستان ئاستیان بەرزبووەتەوە و یارییەکانیان بەهۆی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەر بەچێژە، لە کاتێکدا یانەکانی بەغدا هاندەرانیان کەمبووەتەوە بەهۆی ئەوەی هاندەرانیان بەهۆی ئەنجامە خراپەکان لێیان تووڕەن، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق توانیویەتی خولەکەی بەپاڵپشتییەکی بەهێزی حکومەت خولەکەی پێشبخات و کارێکی گەورەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یانەکان دەکەن".
کارەکانی عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەرز دەنرخێنێت و خەختیکردەوە "وەک یاریزان پێکەوە بەرامبەر یەکدی یاریمان کردووە، هەموو کات کەسێکی لێهاتوو بوو، شۆڕشێکی گەورەی لە پێشکەوتنی خولی عیراق بەرپاکرد، لە رووی کارگێڕییەوە بەهێزە و ئەنجامی هەڵبژاردەکانی عێراقیش باشە".
گۆڕانکاری سیاسی و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا وایکردووە، کەرتی وەرزش لەو وڵاتە ئیفلیج بێت و یارییەکانی خولی ناوخۆی سووریا دوای پێنج گەڕ وەستان.
نزار مەحرووس، لەبارەی ئەو دۆخەی وەرزشی وڵاتەکەی پێیدا تێدەپەڕێت بە رووداوی گوت "سەبارەت بە خولی سووری سێ مانگە وەستاوە و من لەگەڵ یانەی وەحدە کار دەکەم، لە دەستپێکی وەرز نازناوی پاڵەوانێتیی قەڵخانمان بردەوە، کە پاڵەوانێتییەکە ساڵانە بەر لە دەستپێکی خول ساز دەکرێت، بێگومان دوای ئەنجامدانی پێنج یاری خول وەستا، یانەی وەحدە بەهۆی بوونی کێشەی دەستەی کارگێڕیی پێشوو و بوونی سزا لەسەریان تەنیا یەک یاریمان لە وەرزی نوێدا ئەنجامدا، بۆ داهاتوو من گەشبینم چالاکییە وەرزشییەکان دەستپێبکەنەوە و خولیش دەستپێبکاتەوە، لەبەرئەوەی خولی ناوخۆیی خۆشی و رکابەرییەکی جوان لەنێو خەڵکیدا دروستدەکات".
هەڵبژاردەی سووریا لە یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی دووەم یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ژاپۆن، کۆریای باکوور لەگەڵ میانمار دەکات، تیپەکە بەسەرپەرشتی خۆسێ لانای راهێنەری ئیسپانی ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە و دوای ئەنجامدانی شەش یاریی بەکۆکردنەوەی حەوت خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە.
مەحرووس، کە پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی سووریا بووە، لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەکەیانەوە، گوتی "سەبارەت بە هەڵبژاردەی سووریا راهێنەرێکی ئیسپانی هەیە و ئەو گرێبەستی لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی سووریا هەیە و نازانم پلانی داهاتووی بۆ کۆکردنەوەی یاریزانان و کۆکردنەوەیان چییە، لەبەرئەوەی لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهان بەردەوام گۆڕانکاری لە ناوی یاریزانەکان دەبینم، پێموایە ئەمجارە راهێنەری هەڵبژاردەکەمان متمانەی زیاتر بەو یاریزانانە دەبەخشێت لە خولی وڵاتانی عەرەبی یاریدەکەن لەگەڵ ئەو یاریزانانەی سوورین و لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان یاریدەکەن، بەهۆی ئەوەی خولی ناوخۆی وەستاوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانەکان ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکە دەبێت ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ