رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، ئەحمەد شەرع لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی هەڵبووەشێندرێنەوە.
رۆژی سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، میدیای فەرمیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی گرووپەکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا کۆتایی هات و "لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپەکان رێککەوتن."
میدیای فەرمیی سووریا ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو ئەو گرووپانەی رێککەوتنیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع کردووە، تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا دەکرێن و دەخرێنە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە.
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، رێگە بە هیچ گرووپێک نادرێت لە سووریا چەکی هەبێت.
هەفتەی رابردوو، محەممەد بەشیر، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سووریا و ئەو ئەفسەرانەی کە لە پاڵپشتیکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا کشاونەتەوە، دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ.
دەستەی تەحریری شام لە حکومەتی راگوزەری سووریا مورهف ئەبو قوسرەی وەک وەزیری بەرگری دیاریکردووە.
جگە لە دەستەی تەحریری شام و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەو گرووپە چەکدارییانەی کە لە سووریا هەن بریتین لە سوپای نیشتیمانیی سووریا، سوپای ئازادی سووریا، دەستەی ئەحراری شام، هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ هێزەکانی شۆڕش و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و چەند گرووپێکی دیکە کە لە چەکدارانی هۆزەکان پێکدێن.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
وێنەی کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع و سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان کە بەپێی میدیای فەرمیی سووریا، لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکان و پەیوەندیکردنیان بە وەزارەتی بەرگرییەوە، رێککەوتوون.
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 24, 2024
زانیاریی زیاتر:https://t.co/WMcjgj4pk2 pic.twitter.com/M6Oi6ifdzg
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ